ململانێی لایەنەکانی تورکیا لەسەر هەڵبژاردنەکان توند دەبێتەوە
ئەردۆغان تەنها بە هەڵبژاردنی پێشوەخت دەتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئایندە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەحمەد داودئۆغلۆ رایگەیاند پارتە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا دەیانەوێت بە هەڵبژاردنی پێشوەخت دۆخی وڵات ئاڵۆز بکەن ئاکەپەش رەتی دەکاتەوە هەڵبژاردانەکان لە وادەی دیاریکراویدا بەڕێونەچێت.
ئەحمەد داودئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی ئایندە لە تویتێکدا بەرامبەر تیرۆرکردنی یەکێک لە سەرکردەکانی پێشوی پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرست لە تورکیا (مەهەپە) لە رۆژی 30 مانگی رابردودا و رایگەیاند، ئەو کەسایەتییە لە ناوەڕاستی ئەنقەرە تیرۆر کراوە و لەگەڵ تێپەڕبونی چەند رۆژێک بەسەر ئەو روداوەدا نە سەرۆک کۆمار و نە وەزارەتی داد و ناوخۆ و نە مەهەپە هیچ کاردانەوەیەکیان پیشان نەداوە.
داودئۆغلۆ، وتویەتی کە ئەم بێدەنگییە گومانی ئەوەی دروست کردوە کە دەسەڵات دەیەوێت وڵات لە کەشێکی ئاڵۆز و نائارامدا بەرە و هەڵبژاردن بچێت و داواشی لە لایەنەکان کرد کار بکەن بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە تورکیا.
لە لایەکی دیکەوە حەمزە داغ، جێگرى سەرۆکى پارتی داد و گەشە ئاکەپە رایگەیاند؛تا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ پێشخستنى وادەى بەڕێوەچونی هەردو هەڵبژارنى سەرۆک کۆماریی و پەرلەمانى تورکیا و ئەو پڕۆسەیە لە 18ى حوزەیرانى ئەمساڵدا بەرێوەدەچێت.
ئەو رونی کردوەتەوە تەنها دو رێگاى یاسایى هەیە بۆ پێشخستنى هەڵبژاردن کە یەکەمیان بەدەنگى دو لەسەر سێى ئەندامانى پەرلەمانى تورکیایە و رێگاى دوەمیش لەحاڵەتى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەماندا دەبێت لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە.
لێدوانى جێگرى سەرۆکى پارتى داد و گەشەپێدان لەکاتێکدایە، بەشێک لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى تورکیا دەڵێن: رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆئەوەى بتوانێت بۆ خولێکى دیکە خۆى بۆپۆستى سەرۆک کۆمار کاندید بکات، پێویستى بە بریارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت هەیە و بەپێچەوانەوە بەپێى دەستور مافى خۆکاندیدکردنى نابێت بۆیە چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژارنەکانى تورکیا پێش وادەى خۆى ئەنجام بدرێن.