هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی: لە رۆژهەڵاتی سوریا سەرکردەیەکی داعش دەستگیرکرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاشکرایکرد، لە هێرشێکی دابەزاندنی هێز لە فڕۆکەوە، یەکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەرکردەیەکی بەناوبانگی داعشیان لە ریفی دێرزوور، لە رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ، دووشەممە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "نیوەشەوی رابردوو رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی روویداوە بە چەکی سووک، پاش ئەوەی لە هێرشێکی دابەزاندنی هێز لە فڕۆکەوە کە یەکەیەکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ئەنجامیان دابوو، بە هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) لە گەڕەکی عەتال لە رۆژهەڵاتی شاری دێرزوور".
بەپێی بەیاننامەکە، هێزێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) چواردەوری ماڵی سەرکردەیەکی داعشیان داوە و توانیویانە دەستگیری بکەن، پاشان هێزەکە کشاونەتەوە بە ئاڕاستەی گێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژهەڵاتی دێرزوور.
هاوکات بەپێی زانیارییەکان، ئەو سەرکردەیەی داعش، پێشتر دیارترین سەرکردەی داعش بووە لە دێرزوور، لە چەند ساڵی رابردوودا هەسەدە دەستگیریانکردووە، بەڵام بەشێوەی مەرجدار و پاش داواکاریی خێڵ و عەشرەتە عەرەبەکانی ناوچەکە ئازادکرابوو. روانگەی سوریی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەم هێرشە هاوبەشە یەکەم پرۆسەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە ساڵی نوێدا ئەنجامدرابێت.