بوڵدان: لە ئەگەری داخستنی هەدەپەدا پلانی بی و سی ئامادەیە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند، پێویستە دادگای دەستووری داواکاری بڕینی بودجەی هەدەپە لە خەزێنەی دەوڵەت رەت بکاتەوە و وتی، " ئەگەر پارتەکەی دابخرێت، جێگرەوەیان هەیە."
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە پەرلەمان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و ئاماژەی بە پرسی داخستنی پارتەکەی کرد.
بوڵدان وتی، " پێویستە بیر لەوە نەکەنەوە کە دوای داخستنی هەدەپە، دەنگدەرانی لە ماڵەوە دەبن و ئێمەش بەبێ کار دادەنیشین. بە دڵنیاییەوە پلانی بی و سی ئامادەیە. بەگوێرەی پێویست رێوشوێن دەگرێنەبەر و دەنگدەرانمان بەبێ جێگرەوە ناهێڵینەوە."
لەلایەکی دیکەوە، محەمەد تیریاکی جێگری هاوسەرۆکانی هەدەپە بۆ کاروباری یاسایی و مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ داواکاریەکی پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کرد. تیریاکی سەبارەت بە داواکاریەکە بە میدیاکارانی راگەیاند، داوای کردووە کە دانیشتنی دادگاییکردنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دابخرێت، چونە ئەمە دەبێتە رێگریکردن لە بەڕێوەچوونی دادپەروەرانەی کێبڕکێی هەڵبژارندەکان.
رۆژی پێنجی ئەم مانگە، بڕیارە دادگای دەستووری تورکیا، بڕیار لەسەر پرسی بڕینی بودجەی هەدەپە لە خەزێنەی دەوڵەت بدات.
هەروەها ١٠ی مانگیش، دادگای دەستووری دانیشتنی دادگاییکردنی پرسی داخستنی هەدەپە بەڕێوە دەبات. بەگوێرەی زانیاریەکان، بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی کۆماری ئەنقەرە لە دانیشتنی دادگادا بە شێوەیەکی زارەکی لەدژی هەدەپە قسە دەکات. هەروەها ماڵپەڕی گازەتە دوڤاریش رایگەیاند، میدحاد سانجار و پەروین بوڵدان لە دانیشتنی دادگادا ئامادە دەبن و بە شێوەیەکی زارەکی پشتگیری لە پارتەکەیان دەکەین.
بەگوێرەی زۆربەی زۆری ئەو راپرسیانەی کە لە ماوەی مانگیکی رابردوودا لەلایەن کۆمپانیاکانی راپرسی و ئامارەکان لە تورکیا ئەنجام دراون، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، دەتوانێن رێژەی ٩ بۆ ١١٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
دەنگی نێوان دەسەڵات و شەش لایەنەی ئۆپۆزسیۆن کە پێکەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، نزیکن لەیەکەوە و بۆیەش دەنگەکانی هەدەپە وەک کلیلی یەکلاکەرەوەی کێبڕکێی هەڵبژاردن دادەنرێتو ئەگەر هەدەپە دابخرێت و دەنگدەرانی دەنگ بە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بدەن، دەسەڵات بە جیاوازیەکی زۆر شکست دەهێنێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢٠ ساڵە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەهێنرێت.
