دابەشكردنی نەوت بەخاوی بەڕێوە دەچێت
تائێستا 83%ی خەڵكی كوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی بەهاووڵاتیان دابوو لەوەرزی زستاندا نەوت بەسەر تەواوی خێزانەكاندا دابەشبكات، بەڵام وا وەرزی سەرما تادێت زیاتر تەنگ بەهاووڵاتیان هەڵدەچنێت و سەرەڕای خاوی لەپرۆسەی دابەشكردنی نەوت، هێشتا بەشێكی زۆری خێزانەكانی هەرێمی كوردستان نەوتیان وەرنەگرتووەو نرخی بەرمیلێك نەوتیش لەبازاڕەكانی كوردستاندا زیاتر لە 230 هەزار دینارە.
بەپێی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كۆی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە شەش ملیۆن و ٢٠٠ هەزار كەسە و بەپێی خەمڵاندنی قەبارەی خێزانیش لەكوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٤٠ هەزار خێزان دەكات، لەم رێژەیەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو تەنها ٢١٥ هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی كە حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە تاوەكو ٢٨ی كانوونی یەكەمی 2022، 43 ملیۆن و 159 هەزارو 600 لیتر نەوت بەسەر ٢١٥ هەزار خێزاندا دابەشكراوە كە 64 هەزارو 66 خێزان لەهەولێرو 94 هەزار و 144 خێزان لەسلێمانی و هەڵەبجەو 57 هەزارو 588 خێزان لەدهۆك نەوتیان وەرگرتووە.
هەربەپێی ئامارێكی دیكەی حكومەتی هەرێم تاوەكو 19ی كانوونی یەكەمی 2022، حكومەتی هەرێم 36 ملیۆن و 869 هەزارو 400 لیتر نەوتی بەسەر 148 هەزار خێزاندا دابەشكردووە كە 49 هەزارو 620 خێزانی لەهەولێرو 81 هەزارو 519 خێزانی لەسلێمانی و هەڵەبجەو 53 هەزارو 208 خێزانی لەدهۆك بووە.
ئەگەر بەراوردی ئاماری دابەشكردنی نەوت لەنێوان ئەو ماوەیەدا بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كەپرۆسەی دابەشكردنی نەوت زۆر بەخاوی بەڕێوە دەچێت بەجۆرێك لەماوەی ١٩ی كانونی یەكەمەوە تا ٢٨ی كانوونی یەكەمی 2022، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تەنیا شەش ملیۆن و 290 هەزارو 200 لیتر نەوتی بەسەر 31 هەزارو 451 خێزاندا دابەشكردووە، كە ئەمەش پیشانی دەدات پرۆسەكە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت.
هەر بەپێی ئەو ئامارەی كە حكومەتی هەرێم خۆی بڵاویكردووەتەوە كە تا 28ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو لەكۆی یەك ملیۆن و 240 هەزار خێزان تەنها 215 هەزارو 798 خێزان نەوتی وەرگرتووە، ئەگەر بەڕێژە ئەژماری بكەین تەنها لەسەدا 17.3ی كۆی خێزانەكان نەوتیان وەرگرتووەو لەسەدا 82.7ی خەڵكی كوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە.
هەر سەبارەت بەپرۆسەی دابەشكردنی نەوت، كاروان گەزنەیی-ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی ماوە بۆ درێژكراوەی كوردستان بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «لەهەرێمی كوردستان ئەگەر هەموو ماڵێك بەرمیلێك نەوت وەربگرێت پێویستمان بە ٢٥٨ ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ساڵێك، لەم بڕەش حكومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە تائێستا 43 ملیۆن لیتریان دابەشكردووەو ئەم 43 ملیۆن لیترەش دەكاتە 17٪ی كۆی دانیشتوانی هەریمی كوردستان واتە تائێستا 83٪ی هاووڵاتیانی هەریمی كوردستان نەوتیان وەرنەگرتووە، بەشیوەیەكی گشتی حكومەت دابەشكردنی نەوت دەكات بەدوو بەشەوە بەشیكیان بۆ ناوچە شاخاوییەكانە كە 50-60 ملیۆن لیترەو عادەتەن ناوچە شاخاوییەكان زەرورترن نەوتیان پێبدریت، بەشەكەی دیكە كە 200 ملیۆن لیترە بۆ سەنتەری شارەكانەو ئێمە كاتی خۆی لەگەڵا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دانیشتین و داوامانكرد كە دەستوبرد بكەن و لەپایزدا دەست بەدابەشبكردنی نەوت بكەن بۆ ئەوەی ناوچە شاخاوییەكان تەواوببێت و لەناوەڕاستی پایزدا دابەشكردنی نەوت بگاتە سەنتەری شارەكان بەڵام حكومەت پلانی نییەو ئەگەر بیویستایە نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكات دەبوو لەهاوین مشوری ئەمە بخوات نەك لەمانگی یەك بیری بكەوێتەوە كە نەوت دابەشنەكراوە».
وتیشی: «پێموایە ئەمە بێبەرنامەیی و نەبوونی پلان و نیەتە بۆ دابەشكردنی نەوت و كۆڵان هەیە لەشاری رانیە سێ ساڵە خەڵكەكەی نەوتیان وەرنەگرتووە».