کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکى باران بارین روو لە ناوچەکەمان دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ چوار شەممە و سبەینێ پێنج شەممەی راگەیاند .
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە 4- 1- 2023 شەپۆڵێکى باران بارین روو لە ناوچەکەمان دەکات لەگەڵ هاتنى بارستە هەوایەکى سارد ,هاوکات کاریگەرى ئەم شەپۆڵە تا رۆژى پێنج شەممە بەردەوام دەبێت .
بەگوێرەی پێشبینیەکان بەگشتى کەشى پارێزگاکان بەم شێوەیەى خوارەوە دەبێت :
پارێزگاى هەولێر / لە کاتەکانى دوای نیوەڕۆ باران بارین لە سەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت لە ئێوارەدا نمە باران لەهەندێ بەشەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێردەبێت , لەکاتەکانى شەو درەنگ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەبێت.
سلێمانى/ سەرەتا لە پاش نیوەڕۆ باران بارین لە سنوورى باشوورى ئەم پارێزگایە دەبێت , ئاستى باران هەندێ جار مامناوەند دەبێت , لەگەڵ بارینى بەفر لە سەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان , لەشەودا ڕێژەى باران زیاتر دەبێت بە تایبەتى لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان و هەندێ جار لێزمە باران دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو لە هەندێ ناوچەى گەرمیان هەیە .
هەروەها پێشبینى دەکرێت زۆرترین باران لە (دەربەندیخان و سەنگاو و چەمچەماڵ و قەرەداغ )یش ببارێت .
پارێزگاى هەڵەبجە/ باران بارین لەکاتەکانى دواى نیوەڕۆ دەبێت , لە ئێوارەدا لە ئەنجامى زیادبوونى کاریگەرى ئەم شەپۆلە ئاستى دابارین زیاتر دەبێت, هەندێ کات بارانى مامناوەند و لێزمە باران دەبێت , لە ناوچە شاخاوییە بەرزە سنوورییەکان بەفر دەبارێت وە هەروەها پێشبینى دەکرێت لەهەندێ ناوچەى ئەم پارێزگایە ئاستى ئاو بەرز بێتەوە لە کاتى بارانى بە لێزمە .
پارێزگاى دهۆک/ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت ,لە شەودا بۆ هەورى تەواو دەگۆڕێت ئەگەرى نمە باران لە هەندێ ناوچە هەیە .
هەروەها پلەکانی گەرما نزم دەبیتەوە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ .

بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی هەرێم سبەی پێنج شەممە 5- 1- 2023 ئاسمان هەور دەبێت بەگشتى, باران بارین لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى حاجى ئۆمەران و چۆمان و سۆران دەبێت, لەگەڵ بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان بە هۆى هاتنى بارستە هەوایەکى سارد .
هەروەها سنوورى پارێزکاى سلێمانى لە کاتەکانى بەیانى زوو باران باران بارین بەردەوامى دەبێت لە سەر ناوچە جیاجیاکان هەروەها بەفر بارین لە سەر لووتکەی شاخە بەرزەکان , لە پارێزگاى هەڵەبجە کاریگەرى باران بەردەوامى دەبێت لەسەر ناوچە جیاجیاکان .
هاوکات پارێزگاى دهۆک ئاسمان نیمچە هەورو هەندێ ناوچە هەورى تەواوەبێت وکاریگەرى ئەم شەپۆلە سبەى پێنج شەممە لە دواى نیوەڕۆ کۆتاى دێت
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر : 15 پلەى سیلیزى
سلێمانی : 12 پلەى سیلیزى
دهۆک : 15 پلەى سیلیزى
کەرکوک : 16 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە : 13 پلەى سیلیزى
زاخۆ : 16 پلەى سیلیزى
سۆران : 12 پلەى سیلیزى
گەرمیان : 18 پلەى سیلیزى
