ئەمریکا: پشتگیری لە دانوستانەکانی تورکیا و سوریا ناکەین

3 ساڵ لەمەوپێش



نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کاتی ئەوە نییە، تورکیای هاوپەیمانمان پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە و پشتگیری لە دانوستانەکان ناکەین و جارێکی دیکە پشتگیری وڵاتەکەی بۆ هەسەدە دووبارە کردەوە.

نید پرایس لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا کرد و رایگەیاند، سیاسەتی ئەمریکا لە سوریا نەگۆڕاوە. پشتگیری لەو وڵاتانە ناکەین کە دەیانەویت پەیوەندیەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر و زاڵم ئاسایی بکەنەوە. داوا لە وڵاتان دەکەین بە وردی رەچاوی پێشینەی دڕندانەی رژێمی ئەسەد بکەن کە لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا بەردەوامە لە گۆشەگیریکردنی گەلی سوریا و رەتکردنەوەی هاوکاریە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوان.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، بە پێی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتیوانی لە چارەسەرێکی سیاسی بە سەرکردایەتی خەڵکی سوریا دەکەین. لەگەڵ هاوپەیمانان، هاوبەشەکانمان و نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بەدەستبهێنرێت.

پرایس دەڵێت، " هەوڵێک لەنێوان تورکیا، سوریا و روسیا هەیە. کاتی ئەوە نییە، تورکیای هاوپەیمانمان پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوریا ئاسایی بکاتەوە و پشتگیری لە دانوستانەکان ناکەین. ئێمە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە بەرەنگاری تیرۆر بەردەوام دەبین."

دوای ١١ ساڵ لە ناکۆکی و ململانێ، لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا، کۆبونەوەیەک لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی، لەنێوان بەرپرسانی تورکیا و سوریا ئەنجامدرا. دوای کۆبونەوەکە، بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاند، کە لە کۆبونەوەکەدا پرسی یەپەگە، گەراندنەوەی ئاوارەکان تاوتوێکراوە.

بەرپرسەکانی رژێمی سوریاش بۆ میدیاکانی وڵاتەکەیان رایانگەیاند، ئەوان بەر لە هەموو شتێک داوا دەکەن، تورکیا سەربازانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە توندڕەوەکان هەڵبگرێت.

بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستانیش پێیان وایە، ئامانجی تورکیا لە هەوڵەکانی خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا، بۆ لەناوبردنی پێگەی کوردە لە سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار