بازاڕی عێراق شۆكی دابەزینی بەهای دینار بەرینەداوە

شیعەكان بۆ بەرزبوونەوەی دۆلار ئەمریكا تۆمەتباردەكەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

هێشتا بازاڕەكانی دراو لەعێراقدا شۆكی بەرزبوونەوەی لەناكاوو كتوپڕی نرخی دۆلار تیایدا بۆ نزیكەی 160 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار بەرینەداوەو نرخی هەر 100 دۆلارێك سەرەڕای هەموو هەوڵ و راگەیەندراوەكانی بانكی ناوەندی عێراق نەگەیشتووەتە ئاستی ئاسایی خۆی كە 1470 دینارە بۆ هەر دۆلارێك، بەڵكو لەنێوان 150 بۆ 153 هەزار یاری دەكات.

محەممەد شیاع سوودانی بەرلەوەی ببێت بەسەرۆك وەزیرانی عێراق لەئازاری 2021 رایگەیاند: ئەگەر نرخی دۆلار دانەبەزێندرێت «مەبەستی ئەوەبوو بگەڕێتەوە بۆ نرخی 119 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك، ئەمەش دوای ئەوەی بەبڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بەرزكرایەوە بۆ 148 هەزار دینار» ئەوا شۆڕشی برسییەكان روودەدات، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لەدژی دەسەڵات. بەڵام واپێدەچێت چەرخی بەخت ئەمجارە رووی لەسوودانی نەكردبێت و دۆلار نەك هەر نرخەكەی نەگەڕایەوە بۆ جارانی، بەڵكو لەنرخی زیادكراویش تێپەڕی و بەئاسانی ناگیرێتەوە.

وەك ئەوەی زانیارییە میدیاییەكان لەزاری بەرپرسانی بانكی ناوەندی عێراقەوە ئاشكرایان كردووە بەرزبوونەوەی نرخی ئەمجارەی دۆلار پەیوەندی راستەوخۆی بەفشارو هەوڵەكانی ئەمریكاوە هەبووە بۆ رێگەگرتن لەناردنە دەرەوەی دۆلاری عێراقی بۆ ئێران و سزادانی چەند بانكێكی عێراقی لەلایەن ئەمریكاوە .

بەپێی زانیارییەكان گەنجینەی ئەمریكاو بانكی فیدراڵی كەپارەی عێراقییان لەلایە چەندین كۆتوبەندیان خستۆتەسەر هەناردەی دۆلار بۆ عێراق و بەمەش دۆلار لەبازاڕەكاندا كەمبووەتەوەو جیاوازی لەنێوان خواست و خستنەڕوو كەمبووەتەوە، كە ئەمەش وەك ئابڵوقەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر عێراق و ناڕاستەوخۆش بۆ سەر ئێران ئەژمار دەكرێت.

هاوكات بەهۆی پشووەكان و یادەكانی سەری ساڵیشەوە بانكی ناوەندی عێراق دۆلارێكی كەمتری خستە بازاڕەوە بەجۆرێك لە 60 ملیۆن دۆلار تا 130 ملیۆن دۆلار بوو، ئەمە لەكاتێكدا بازاڕەكانی عێراق رۆژانە پێویستی بەزیاتر لە 180 ملیۆن دۆلار هەیە.

یەكێكی تر لەو هۆكارانەی كە بەبڕوای شارەزایانی ئابووری بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بردنە دەرەوەی دۆلاری كاشە لەڕێگای وشكانی و ئاسمانییەوە بەشێوەیەكی ئاشكراو پێی دەوترێت (حەواڵەی رەش) كەدواتر جیاواز لەحەواڵەی فەرمی كە لەڕێگای بانكی ناوەندی و بانكەكانەوە بەوڵاتاندا دابەشدەكرێت.

هەرچەندە تائێستا حكومەتی عێراق بەفەرمی هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری نەخستۆتە ئەستۆی ئەمریكا، بەڵام هادی عامری سەركردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی و كەسایەتییە كاریگەرەكەی پشت پەردەی حكومەتی ئێستای عێراق ئەمریكا بەوە تۆمەتباردەكات هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەو دەستی بەسەر پارەكانی عێراقدا گرتووە.

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند: «تائێستا ئەمریكییەكان دەسەڵاتیان بەسەردامان دەشكێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەشێكە لەپیلانی ئەمریكا. لەبابەتی ئابوورییدا دەست بەستراوین و پارەیەكی زۆرمان لەئەمریكایە، هەروەها دەڵێت بەڕاشكاوانە تائێستا عێراق سەربەخۆیی ئابووری نییەو شەڕی ئەمڕۆمان پێویستە شەڕی ئابووری بێت.»

وەك ئاماژەیەكیش بۆ ناڕازیبوونی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەپارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق كە بەنزیك لەڕەوتی سەدر دادەنرێت، محەممەد ساعدی پارێزەری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەدادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سكاڵای تۆماركردووە بۆ دوورخستنەوەی پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق و پارێزەرەكە دەڵێت: دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلارو بێتوانایی ئەو بەرپرسە لەبەڕێوەبردنی قەیرانەكان، هۆكاری پێشكێشكردنی ئەو سكاڵایە بووە.

 بەبڕوای بەشێك لەشارەزایانی دۆخی سیاسیش هۆكاری بنەڕەتی بەرزبوونەوەی دۆلار فشارەكانی حكومەتی ئەمریكایە بۆ سەر حكومەتەكەی سوودانی تا بەمەرج و داخوازییەكانی ئەمریكا رازی ببێت و لەئێران دووربكەوێتەوە.

فازڵ بەدرانی چاودێری سیاسی لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڕوای وایە ئەمریكا لەڕێگای فشاری ئابوورییەوە پەیام بەسوودانی دەدات كە نابێت عێراق لەمیحوەری خۆی دووربكەوێتەوە، ئاماژەش بەوەدەكات ئەمریكا دەیەوێت ئێران هیچ سودێك لەدۆلارەكانی عێراق نەبینێت و پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی راستەوخۆی ئەمریكاشە بۆ حكومەتی عێراق بەوپێیەی چەكی ئابووری كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر دۆخی عێراق هەیە.

وەك هەوڵێكیش بۆ رێگری لەدابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، بانكی ناوەندی بڕیاریدا ژمارەی ئەو بانكانەی كەدۆلار بەهاووڵاتیان دەفرۆشن بەنرخی فەرمی لە 10 بانكەوە بۆ 20 بانك زیادبكات و بڕی دۆلارە فرۆشراوەكانیش بۆیان زیاتر بكات.

عەمار حەمید، جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق دەربارەی یەدەگی دراوی عێراق رایگەیاندووە لەئێستادا یەدەگی دراوی نەختینەیی عێراق گەیشتە زیاتر لە 99 ملیار دۆلارو لەماوەیەكی زۆر كەمدا دەگاتە 100 ملیار، ئاماژەی بەوەشكردووە زیادبوونی یەدەگی دراوی نەختینەیی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی یەدەگی دراوو ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ بانكی ناوەندیی و حكومەتی عێراق بەتایبەت بۆ جێگیربوونی بەهای دۆلارو دینار.

بەپێی ئاماری كۆتایی ساڵی 2022، بانكی ناوەندی لەماوەی ئەو ساڵەدا بڕی 48 ملیارو 509 ملیۆن و 271 هەزار دۆلاری بەنرخی 1460 دینار بۆ هەر دۆلارێك فرۆشتووە، كە بەبڕی چوار ملیارو 42 ملیۆن و 439 هەزار دۆلاری مانگانە دێت و لەبازاڕەكانی عێراقدا بڵاویكردووەتەوە، كەزۆرترینیان لەمانگی حوزەیراندا بووە كەبڕەكەی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار بووەو كەمترینیشیان لەمانگی كانونی یەكەمدا بووە كەبڕەكەی دوو ملیارو 409 ملیۆن دۆلار بووە.

بەبڕوای شارەزایانی ئابووریش بۆ دەرچوون لەقەیرانی دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار چەندین رێگا هەیە كەبریتین لەگفتۆگۆكردن لەگەڵ بانكی فیدراڵی ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی كۆت و بەندەكانی ناردنی پارەو رێگەگرتنی دەزگا ئەمنییەكان لەحەواڵەی رەش بەتایبەت بۆ وڵاتانی توركیاو ئێران، جەختكردنەوەی حكومەت و بانكی ناوەندی لەدابەشكردنی دۆلارو پارێزگاری لەجێگری نرخی فرۆشتن و رێكخستنەوەی حەواڵەكانی دەرەوەو چاودێریكردنیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار