ئەو كچەی لەهوانە پەلامار درا سكاڵا تۆمار دەكات

پۆلیسی سلێمانی: كچەكە هاتووەتە بنكەی پۆلیس و راپۆرتی پزیشكی بۆ كراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت ئەو كچەی لەگەڕەكی هوانە لەلایەن چەند گەنجێكەوە پەلاماردرا خۆی هاتووەتە بنكەی پۆلیسی رزگاری و سكاڵای تۆماركردووە، كچەكە خەڵكی سلێمانییە و تەمەنی ١٧ساڵە.

پاش بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لەسۆشیال میدیادا كەدەردەكەوێت چەند گەنجێك پەلاماری كچێكی گەنج دەدەن و لێیدەدەن، پۆلیسی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر لەسەر ئەو كەسانە ژمارەیەك گەنج دەستگیركراون و دانیانناوە بەتاوانەكەیاندا كەبەشداربوون لەو رووداوەدا و لەئێستادا سەرجەمیان  بەبڕیاری دادوەر  دەستبەسەرن.

گەڕەكی هوانە دەكەوێتە باشووری سلێمانی و ناوچەیەكی پیشەسازییە، رۆژانی هەینی كاتێك پیشەوەران دووكانەكانیان دادەخەن ماتۆڕسكیلەكان لەگۆڕەپانێك لەو ناوچەیە نمایشك دەكەن، پێشتریش هێزە ئەمنییەكان ئەو شوێنەیان بەماتۆڕسكیلەكان چۆڵكردووە، بەڵام لەگەڵ دیارنەمانی ئاسایش و پۆلیس ماتۆڕسوارەكان دەردەكەوتنەوە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: ژمارەی ئەو كەسانەی تا =ئێستا لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركراون گەیشتوونەتە ١٩ كەس.

وتیشی: ئەو شوێنەی كەنمایشی ماتۆڕسوارییەكەی تێدا ئەنجامدراوە هەمان رۆژ لەگەڵ دروستبوونی رووداوەكە بەبڕیاری لیژنەی ئەمنی ئەو شوێنە داخراوە.

سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەو كچەی پەلاماردراوە خۆی ئامادەبووە لەبنكەی پۆلیسی رزگاری و براوەتە بەردەم دادوەر، بریاری دادوەریش دیاری دەكات كەبگەڕێتەوە لای كەسوكاری یان بچێتە هەر شوێنێكی ترو ئەگەر بێت و خۆشی بیەوێت بچێتەوە لای خێزانەكەی دادوەر دەیداتەوە بەخێزانەكەی و بەئەگەرێكی زۆرەوە دەگەڕێتەوە لای خێزانەكەی». 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو كچەكە خەڵكی سلێمانییە و تەمەنی ١٧ساڵە و رۆژی ٢-١-٢٠٢٣ هاتووەتە بنكەی پۆلیس و سكاڵای تۆماركردووە و راپۆرتی پزیشكی بۆ كراوەو رایگەیاندووە: «دەچمەوە لای كەسوكارم و هەموو مرۆڤێك قابیلی هەڵەیەو جاریكی دیكە هەڵەی وا دووبارە ناكەمەوە».

هاوكات مونا یاقو سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت: « نوسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ چوونەتە شوێنی رووداوەكەو بەهەماهەنگی پۆلیس بەدواداچوونیان بۆ رووداوەكە كردووە».

راشیگەیاند:»لەهەرێمی كوردستان زۆر شت هەیە بەتایبەت كەپەیوەندی بەئافرەتەوە هەیە لەوانەیە هەموومان هاوڕا نەبین لەسەری جا ئەوشتانە لەڕووی ئازادی و مافەكانی ئافرەت بێت یان لەڕووی ئەو جلوبەرگەی لەبەر دەكرێت، بەڵام ئەو بابەتە ئازادیەكی كەسیە و ناكرێت لەهەر جێیەك شتێك ببینن لەگەڵ بیروبۆچوونمان نەگونجێت بچن بەجۆرێك مامەڵەی لەگەڵ بكەین»، وتیشی:»پێویستە ئەو كەسانە سزای خۆیان وەربگرن تاوەكو جارێكی تر كەس بوێری نەكات لەئافرەت بدات بەهەر هۆكارێك بێت».

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ باسی لەوەشكرد:» كە لەئێستادا ئێمە لەقۆناغێكداین پێویستمان بەهۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگایە چونكە زۆر بابەت هەیە كێشەی لەسەرەو لەبنەڕەتیشدا كێشە نیە، بەڵكو سۆشیال میدیاو ئازادی رادەربڕین هەیەو بەپێی ئەو تەكنەلۆجیا زۆرە ئێمە كێشە بۆ خۆمان دروستدەكەین، بۆیە پێویستمان بەفكری رۆشنبیری و هوشیاركردنەوەی كۆمەڵگایە».

هەر لەسەر رووداوەكە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕاگەیەندراوێكدا  دەڵێت: «پاش ئەوەی لەگەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی چەند كەسێك لە رەگەزی نێر بەشێوەیەكی زۆر دڕاندانە هێرشیانكردە سەر كچێك كە تەنها پیادەی مافێكی خۆی كردووەو سەیری پێشبڕكێەكی كردووە، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە پەڵاماردراوە، دەستەی مافی مرۆڤ بەتوندی ئیدانەی ئەم هەڵسوكەوتە ناشارستانی و نامرۆڤانە دەكات كەبەرامبەر بەكچێك ئەنجامدراوە، داواش دەكەین كەهەرچی زووە بكەرانی تاوانەكە بەسزای یاسای بگەیەنرێن، بۆ ئەوەی شكۆو شەهامەتی ئافرەت هەمیشە بەپارێزراوی بمێنێتەوە».

هەروەها لەبارەی دەستدرێژیكردن لەشوێنێكی گشتی، حاكم شێخ لەتیف پسپۆڕی یاسای دەستوری لەپۆستێكیدا لەفەیسبووك لەژێر ناونیشانی (ئەو تاوانە قێزەونە پێویستی بەسكاڵا نیە) دەڵێت: «تاوانی بێ غیرەتانەی دەستدرێژیكردنە سەر  مێینەیەك  لەژێر هەر بیانویەكدا بێ  لەشوێنی گشتی تاوانی گشتیە  بەگوێرەی ماددەی ٤٠٢ لەیاسای سزادان كەدەڵێ سزادەدرێ بەسزایەك كە زیاتر نەبێ لەسێ مانگ زیندانی هەركەسێك بەقسە بێ یان كردەوە یان بەئاماژە دەستدرێژی بكاتەسەر مێینەیەك لەشوێنی گشتیدا ، لەتاوانەكانی ماددەی سێی یاسای بنەما دادگەریە سزاییەكان نیە وەك ئەوەی لە  روونكردنەوەی پۆلیسدا هاتووە،  بەڵكو تاوانی مافی گشتیەو ئەوانە دەستدرێژییان كردووە تەنها دەستدرێژییان نەكردووەتەسەر ئەو كیژە، بەڵكو دەستدرێژییان كردووەتەسەر ئاسایشی گشتی  كۆمەڵگاو نیزامی گشتی پێویستی بەسكاڵا نیەو پێویستە لەسەر پۆلیس و دەزگاكانی لێكۆلینەوە ، لێكۆلینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بكەن كەئەو تاوانەیان ئەنجامداوە».

رۆژی ٣٠-١٢-٢٠٢٢ لەگەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی لەكاتی ئەنجامدانی پێشبڕكێی ماتۆڕسكیلدا چەند گەنجێك پەلاماری كچێكیانداو بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كچە یوتیوبەرەو تەمەنی ١٧ ساڵەو لەئێستادا سكاڵای لەسەر ئەو گەنجانە تۆماركردووەو وەك رێكارێك دادوەر بانگهێشتی دایك و باوكی دەكات لەبەر ئەوەی تەمەنی كچەكە نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار