توركیا؛ هەدەپە لەبەرامبەر فشارێكی گەورەی دەسەڵاتدایە

هەدەپە بۆ هەڵبژاردەنەكان 3 سیناریۆی لەبەردەمدایە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دەسەڵات لەتوركیا لەلایەك كار بۆ بڕینی بودجەی هەدەپە دەكات و لەلایەكی تریش كار بۆ داخستنی هەدەپە دەكات، شیكەرەوانی سیاسی باوەڕیان وایە لەگریمانەی داخستنی هەدەپەدا سێ سیناریۆ لەبەردەم ئەو پارەتەدایە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا، بەرپرسانی هەدەپە-ش دەڵێن: هەر لایەنێك رێككەوتنی یاساییان لەگەڵ نەبێت، پشتگیری لەكاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ناكەن، هاوكات دەمیرتاش رایگەیاند: وادیارە كەهەدەپە دادەخرێت، بەڵام هەدەپە بەهێزەو دەتوانێت هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوەو ببێتە هۆكاری سەركەوتنی لایەنێك.

لەهەفتەی ئایندەدا، دوو بڕیاری گرنگ چاوەڕێی هەدەپە دەكەن كەیەكێكیان كۆبوونەوەی دادگای دەستووری توركیایە كەبڕیارە شەشی ئەم مانگە لەبارەی بڕینی بودجەی هەدەپە كۆبێتەوە كە بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە داواكاریەكەی پێشكەش بەدادگای دەستووری توركیا كردووە.

بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكان لەتوركیا، ئەو پارتانەی كەدەتوانن بەندی هەڵبژاردنەكان تیپەڕێنن و كورسیان لەپەرلەماندا هەبێت، بەگوێرەی ژمارەی كورسیەكانیان بودجەی ساڵانە لەدەوڵەت وەردەگرن. هەدەپەش بەگوێرەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ٥٣٩ هەزارو ٥٠٠ هەزار لیرەی بەردەكەوێت و دەتوانێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانیش بودجەیەك لەدەوڵەت وەربگرێت و بڕینی بەشە بودجەی پارتەكە پێویستی بەبڕیاری ١٠ ئەندام لەكۆی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی دادگای باڵای دەستووری هەیە.

پێشهاتێكی دیكەی چارەنووسساز كەچاوەڕێی هەدەپە دەكات، بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگاییكردنی هەدەپەیە لە ١٠ی ئەم مانگەدا كەجارێكی دیكە بەكر شاهین سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری ئەنقەرە لەدانیشتنی دادگادا بەشێوەیەكی زارەكی لەدژی هەدەپە قسە دەكات و پێویستە بەرپرسانی هەدەپەش بەشێوەیەكی زارەكی بەرگری لەپارتەكەیان بكەن. دادگای دەستووری توركیاش قسەی هەردوولا هەڵدەسەنگێنێت و رۆژێك دیاری دەكات بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەوە بدات كەئایا هەدەپە ‹مەترسییە بۆ سەر یەكپارچەیی دەوڵەت و وڵات› یان نا!

شەشی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١، بەكر شاهین دۆسیەی داخستنی هەدەپەی پێشكەشی ئەنجوومەنی دادوەرانی دادگای باڵای دەستووری كردبوو، بەڵام ئەنجوومەنەكە بەهۆی هەبوونی كەموكوڕی دووجار دۆسیەكەی گەڕاندەوەو دواجار رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ دۆسیەكەی پەسندكرد. ٢٦ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بەرپرسانی هەدەپە بەفەرمی ئاگاداركرانەوە كەدۆسیەی داخستنی پارتەكەیان لەدادگای دەستووریدایە.

تاوەكو ئێستا لە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ١٥ی ئازاری ٢٠٢٢، واتە دوو جار دانیشتنی دادگاییكردنی كەیسی داخستنی هەدەپە بەڕێوەچووەو تێیدا داواكراوە كەپارتەكە دابخرێت و سیاسەتكردن لە ٤٥١ ئەندام و بەرپرسی پارتەكە قەدەغە بكرێت.

كەیسی داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، نیشانی دەدات كەهیچ پێشكەوتنێك بەبەراورد بە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەپرسی كورددا لەتوركیا بەدینەهاتووە و ئەگەر پێشكەوتنێكیش هەبێت، بەیەك بڕیاری دادگای دەستووری ئەو وڵاتە، دەكرێت، دۆخەكە بۆ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بگەڕێندرێتەوەو چارەنووسی هەدەپەش وەك پارتەكانی، هەپ، ئوزدەپ، دەپ، هادەپ، دەهات و دەتەپە بێت.

پرسی داخستنی هەدەپە، لەگۆڕەپانی سیاسەتی توركیادا، مشتومڕێكی زۆری لێكەوتووەتەوەو گرنگرترین بابەتیش ئەوەیە كەئەگەر هەدەپە دابخرێت، دەنگەكانی هەدەپە كە لەنێوان ٩-١١٪ی كۆی رێژەی دەنگدەرانی توركیایە، چییان بەسەردێت، یاخود هەدەپە چی رێگەیەك دەگرێتەبەر.

محەمەد سەڤیگەن سكرتێری پێشووی گشتی پارتی گەلی كۆماری چەند رۆژ لەمەوبەر رایگەیاندبوو كە لەئەگەری داخستنی هەدەپەدا، پەرلەمانتارانی هەدەپە لەسەر لیستی پارتی پێشكەوتن و دیموكراتی (دەڤا) بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان خۆیان هەڵدەبژێرن. هەرچەندە هەدەپە لەمبارەیەوە هیچ زانیاریەكی بڵاونەكردەوە، بەڵام خودی عەلی باباجان قسەكانی محەمەد سەڤیگەنی وەك بانگەشەیەك و دوور لەڕاستی لەقەڵەمداو رایگەیاند، هیچ پێشهاتێكی لەو شێوەیە لەنێوان ئەوان و هەدەپەدا باس نەكراوەو بەڵام وتی: ئەوان لەدژی داخستنی پارتێكن كەخاوەنی شەش ملیۆن دەنگدەرە.

 

سیناریۆكانی بەردەم هەدەپە

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەئەگەری داخستنیدا بەپێی لێكدانەوەی شیكەرەوانی سیاسی رووبەڕووی سێ سیناریۆ دەبێتەوە كەبتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و بەشێوەیەكی یاسایی درێژە بەسیاسەت بداتەوە.

یەكەم؛ هەدەپە دوای داخستنی، دەتوانێت تێكەڵ بەپارتێكی دیكە ببێتەوە كەنزیكترینیان پارتی دیموكراتی هەرێمەكان (دەبەپە)یە. دەبەپە لە ١١ی تەمموزی ساڵی ٢٠١٤دا دامەزرێنرا كە لەئێستادا ساڵیحە ئایدەنیزو كەسكین بایندر سەرۆكایەتی دەكەن و وەك جێگرەوەی هەدەپە هەژمار دەكرێت. دەبەپە بەفەرمی لەتوركیا تۆمار كراوەو دەتوانیت لەئەگەری داخستنی هەدەپە، بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكاندا ناوی خۆی تۆمار بكات و بەم شێوەیە وەك نوێنەری كورد درێژە بەسیاسەت بدات.

دووەم؛ هەدەپە دەتوانێت، كاندیدەكانی بەشێوەی سەربەخۆ بنێرێتە پەرلەمان و لەپەرلەماندا كوتلەیەك یان فراكسیۆنێكی هاوبەش پێكبهێنن. هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٢٢ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٧ كە ئەوكاتە بەندی هەڵبژاردنەكانی لەسەدا ١٠ بوو و كورد نەیدەتوانی وەك پارتێك بەشداری لەهەڵبژاردنەكاندا بكات.

سێیەم؛ هەدەپە دەتوانێت، دەنگ بەلایەنێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن بدات و شكست بەدەسەڵات بهێنێت. لەو دۆخەدا، هاوپەیمانی گەل هەیە كە شەش لایەنی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن پێكیانهێناوە كە لە (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، پێشكەوتن، سەعادەت و پارتی دیموكرات) پێكدێت.

بەگوێرەی هەموو ئەو راپرسیانەی كە لەماوەی مانگێكی رابردوودا ئەنجامدراون، دەنگی هاوپەیمانی گەل و هاوپەیمانی كۆماری دەسەڵات، نزیكن لەیەكەوەو ئەگەر هەدەپە پشتگیری لەهاوپەیمانێتیەكەی ئۆپۆزسیۆن بكات، ئەوا بەجیاوازیەكی زۆر، دەتوانرێت شكست بەدەسەڵاتەكەی ئاكەپە و مەهەپە بهێندرێت.

كێشەی هەدەپە لەم نێوەندەدا ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆنیش هیچ بەرنامەیەكی بۆ كێشەی كورد لەتوركیا پێنییەو لەئەگەری دەنگدان بەو شەش لایەنەی ئۆپۆزسیۆن، هەدەپەو كورد بۆ پێنج ساڵی دیكە لەدەرەوەی هاوكێشەی سیاسی و پەرلەمان دەمێننەوە. پێشتریش چەندین جار بەرپرسانی هەدەپە رایانگەیاندووە كە هەر لایەنێك رێككەوتنی یاسایی لەگەڵ هەدەپەدا نەبێت، پشتگیری لەكاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ناكات.

ئەمەش لەكاتێكدا كە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، لەبارەی داخستنی پارتەكەیانەوە، رایگەیاند، وادیارە كەهەدەپە دادەخرێت، بەڵام هەدەپە بەهێزەو دەتوانێت هاوكێشەكان یەكلایی بكاتەوەو ببێتە هۆكاری سەركەوتنی لایەنێك

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار