سوپای تورکیا دارستانەکانی باکوری کوردستان دەسووتێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانی ئامەد، چەولیک، موش و ئێلحی باکوری کوردستاندا، ئاگری لە دارستانەکان بەرداوە.
سوپای تورکیا لە ٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگاکانی ئامەد، چەولیک، موش، ئێلحی باکوری کوردستان، بە بەشداری هەزاران سەرباز دەستی بە ئۆپراسیۆنی سەربازی کرد و ئۆپراسیۆنەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن. سوپای تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکاندا، بە هەلیکۆپتەر سەربازێکی زۆری لە شاخەکان جێگیر کرد.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، لەو هەرێمانەی ئۆپراسیۆنی لێیە، درۆن و هەلیکۆپتەرە جەنگیەکان بە بەردەوامی دەسووڕێنەوە و تۆپباران دەستی پێکردووە.
راگەیەندرا، بە تایبەتی لە بەرزاییەکانی ناوچەی پاسوری ئامەد و موش، یەکە سەربازیەکان ئاگریان لە دارستانەکان بەرداوە.
ئاژانسەکە باسی ئەوەشی کردووە کە ئۆپراسیۆنەکە بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام لە هەندێک شوێنی ستراتیژی تاوەکو ئێستاش جموجووڵی سەربازی بەردەوامە.
