سوریا گومانی لە ڕێکەوتن لەگەڵ تورکیا هەیه
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ١١ ساڵ لەناكۆكی و دژایەتیكردن، بەرپرسانی دیمەشق و ئەنقەرە، لەسەر ئاستی باڵای هەواڵگری و سەربازی لەمۆسكۆ كۆبوونەوە، وەفدی توركی پێكهاتبوو لەخولوسی ئاكار وەزیری بەرگری و هاكان فیدان سەرۆكی دەزگای هەواڵگری (میت)، و وەفدی سوری-ش پێكهاتبوو لە سوری عەلی محەمەد عەباس وەزیری بەرگری و شاندێكی هەواڵگری وڵاتەكەی، بەئامادەبوونی سێرگی شۆیگۆ وەزیری بەرگری روسیا لەمۆسكۆ كۆبوونەوە، ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت كەحكومەتی توركیا دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی بگۆڕێت و پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئاماژەی بەو پرسەدابوو و رایگەیاندبوو، كە دەیانەوێت پەیوەندیەكانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەت میسرو سوریا ئاسایی بكەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان كەبەرپرسانی توركیاو سوریا ئاشكرایانكردووە، لەكۆبوونەوەكەدا، باسی سێ پرس كراوە كەبریتین لە، گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لەتوركیاوە بۆ سوریا، توركیا دەیەوێت سوریا لەدژایەتیكردنی هێزەكانی رۆژئاوای كوردستاندا هاوكاری بكات و حكومەتی سوریاش مەرجی ئەوەی هەیە، توركیا لەنێو خاكی سوریا بچێتە دەرەوەو دەست لەپشتگیریكردنی گروپە توندڕەوەكانی باكوری حەلەب و پارێزگای ئیدلب هەڵبگرێت.
خواستی رژێمی سوریا
سەرچاوەیەكی باڵا لەنێو رژێمی سوریادا بەڕۆژنامەی ئەلوەتەنی سوریای راگەیاندووە، ئەگەر دۆخەكە بەدڵی رژێمی سوریا نەبوایەو توركیا گوێی بەداواكاریەكانی دیمەشق نەگرتبایە، مۆسكۆ بەهیچ شێوەیەك، كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیەی لەنێوان بەرپرسانی توركیاو سوریا رێكنەدەخست و ئاماژەی بەوەشداوە كە بۆ پاراستنی سنورەكانی توركیا، دیمەشق بەردەوامی بەدانوستان و كۆبوونەوەكان لەگەڵ توركیا دەدات.
لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسێكی باڵای توركیا كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەكۆبوونەوەكەدا لایەنی توركیا پێداگیری لەسەر دژایەتیكردنی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) كردووەو داوای لەلایەنی بەرامبەر كردووە كەپێكەوە لەدژی یەپەگە هەنگاو بنێن.
لەم مانگەدا دووەم كۆبوونەوە دەكەن
هەرچەندە تاوەكو ئێستا لایەنی سوری بەشێوەیەكی ئاشكرا باسی لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ توركیا نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی توركیا بەئاشكرا باسی بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان دەكەن و لەدوایین لێدوانیدا، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، ئەگەرێكی زۆر هەیە لەنیوەی مانگی كانونی دووەم، واتە لەم مانگەدا كۆبوونەوەیەكی دیكە لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامبدرێت.
چاوشئۆغلۆ باسی ئەوەی كرد كەپێدەچێت كۆبوونەوەی دووەمیش هەر لەمۆسكۆ ئەنجامبدرێت و لەبارەی كشانەوەی سەربازانی وڵاتەكەشی وتی: نابێت بۆشاییەك دروست ببێت، چونكە «گروپە تیرۆریستییەكان»دەتوانن بۆشاییەكە پڕبكەنەوە.
هاوكات خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا كەیەكێك بوو لەبەشداربووانی یەكەم كۆبوونەوەی سوریاو توركیا رایگەیاند، سەرەتا بەرپرسە هەواڵگریەكان، دواتر وەزیرەكان كۆبوونەوە و ئەگەر قۆناغەكە بەشێوەیەكی ئەرێنی بەڕێوەبچێت، ئەگەری هەیە سەرۆكەكانیش چاویان بەیەك بكەوێت.
دیمەشق گۆمانی لە ئەردۆغان هەیە
نەبیل تەعمە پەرلەمانتاری حزبی بەعسی سوریا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی یونایتد وۆرلد ئینتەرناشناڵ ئاماژەی بەهەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی سوریا كردو ئەوەی خستەڕوو، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان خۆی و ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیای رەتكردووەتەوە.
تەعمە رایگەیاند، توركیا لەساڵی ٢٠٢٣دا، دەكەوێتە دۆخێكی ئاڵۆزەوە، بەتایبەتی لەئێستادا كەهەڵبژاردن نزیكبووەتەوەو وتی، ئێمە وەك لایەنی سوری تاووتوێی ئەوە دەكەین كەئایا ئەردۆغان ئەم هەوڵانە بۆ هەڵبژاردن بەكاردەهێنێت یان نا؟
حەسەن حەسەن كەیەكێكە لەسیاسەتمەدارانی نزیك لەڕژێمی سوریاش لەبەرنامەیەكی كەناڵی ئەلخەبەری سوریا ئاماژەی بەمەرجەكانی سوریا كردو دەڵێت: دیمەشق، توركیا وەك وڵاتێكی داگیركەر دەبینێت و لەهەمان كاتدا پشتگیری لەو گروپە توندڕەوانە دەكات كەهێرش دەكەنەسەر هێزەكانی سوریا، سوریا پێی وایە كە پێویستە سەرەتا توركیا كۆتایی بەدۆخی داگیركەری بهێنێت و دەست لەپشتگیریكردنی ئەو گروپە تیرۆریستانە هەڵبگرێت.
رۆژئاواو رێكەوتنی دیمەشق و ئەنقەرە
ریاز دەڕار هاوسەرۆكی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی (مەسەدە) لەبارەی خۆنزیكکردنەوەی توركیا لەسوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار (هاوارنیوز) قسەی كردو وتی: ئامانجی ئەردۆغان و پارتەكەی (ئاكەپە) ئەوەیە لەهەڵبژاردنەكاندا سەربكەون، سوریا پرسێكی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی توركیایەو خۆنزیكکردنەوەی توركیا لەسوریا، دوای ئەوە دێت كەهەوڵەكانی توركیا بۆ هێرش كردنەسەر رۆژئاوای كوردستان سەری نەگرت.