ناحیەی رزگاری بەدەست كەمیی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت
بەڕێوەبەری ناحیە: بەشێك لەگەڕەكەكان هیچیان بۆ نەكراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
دانیشتوانی ناحیەی رزگاری كەبەشێكی زۆریان كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن بەدەست چەند گرفتی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن وەك كەمی قوتابخانەو نەبوونی ئاوەڕۆو قیرتاوو كۆنكرێت نەكردنی كۆڵانەكان. ناحیەی رزگاری لەساڵی 1987 وەك ئۆردوگایەكی زۆرەملێ لەنزیك قەزای كەلار دروستكرا، دانیشتوانەكەی نزیكەی 65 هەزار كەس دەبێت، بەزۆری كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن، تاوەكو ئێستاش بەشێكی كۆڵان و گەڕەكەكانی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی بۆ نەكراوە هاوڕێ نیزام چالاكی مەدەنی و دانیشتوی رزگاری بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:»ئێمە چەند گرفتێكمان هەیە وەك دانیشتوی ناحیەی رزگاری و گەڕەكی شاكەل شەقامێكی سەرەكی لەو گەڕەكەدا دروستكرابوو لەساڵی 2013، دواتر تێكدرا بەبیانوی ئەوەی بكرێتە دووساید، بەڵام تاوەكو ئێستا كاری تێدا ناكرێت و ئەمەش گرفتی بۆ دانیشتوانی ئەو گەڕەكە دروستكردوە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا، ئێمە دووجار گردبوونەوەمان ئەنجامدا بەڵام لایەنی پەیوەندیدار هیچ وەڵامێكی نەداوینەتەوە». وتیشی،» بەشێكی گەڕەکەكانی شاكەل تاوەكو ئێستا ئاوەڕۆیان نیەو بەڕوونی دیارە جیاوازی لەنێوان گەڕەکەكاندا دەكرێت و گەڕەكی شاكەل فەرامۆشكراوەو خزمەتگوزاری بۆ ئەنجامنادەن و هەموو كۆڵانەكانی تاوەكو ئێستاش هەر خۆڵە». هاوكات یاسین جاف دانیشتوی گەڕەكی سەنگاوییەكانی ناحیەی رزگاری و بەهاوڵاتی وت:» گەڕەكی سەنگاوییەكان هەزارو 500 ماڵ دەبێت، هیچ خزمەتگوزاریەكی بۆ نەكراوەو كۆڵانەكانی ئاوەڕۆیان نیەو یاریگای وەرزشی بۆ نەكراوەو گەنجەكانی دەبێ لەكۆڵانەكاندا دانیشن، پاركێكیشی بۆ نەكراوە تاوەكو بتوانی ئیسراحەتێكی تێدا بكەیت». وتیشی:» ئەم گەڕەكە بەتەواوەتی پشتگوێخراوەو قوتابخانەشی تێدا نیەو منداڵەكانمان دەبێ رێگایەكی زۆر بڕۆن تادەگەن بەقوتابخانەو نەبونی ئاوەڕۆی ماڵان ژیانی لێ تاڵكردووین». سەبارەت بەنەبوونی خزمەتگوزاری لەناحیەكە، ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی رزگاری بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» زۆرێك لەگەڕەكەكانی شاكەل و راپەڕین و سەنگاوییەكان نەك خزمەتگوزاریی كەمی بۆكراوە، بەڵكو هەر هیچیان بۆ نەكراوە، بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ رابردوو و لەوكاتەوەی ئێمەش دەسبەكاربووین بەهۆی گرفتی قەیرانی داراییەوە ناتوانین وەك پێویست بۆ ئەو گەڕەكانە خزمەتگوزاری ئەنجامبدەین». وتیشی:» شەقامی گەڕەكی شاكەل لەسەر پرۆژەی پترۆدۆلار بڕیاری ئەنجامدانی دراو ئێستاش ئەو پرۆژەیە راگیراوە، بەو هۆیەشەوە كاری شەقامەكە وەستاوەو چەندین جار داوامان لەحكومەتی هەرێم كردووە ئەو پرۆژەیە بگۆڕین بۆ سەر پرۆژەیەكی تر، بەڵام تاوەكو ئێستا نەكراوە». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» بڕیاردراوە ئاوەڕۆ بۆ بەشێك لەگەڕەكەكانی راپەڕین، شاكەل، و سەنگاوییەكان دروستبكەین و لەبەرنامەماندایە كاریان بۆ بكەین».