دهۆک: 10ساڵە پڕۆژەی ئاوەڕۆی چەمی هشکەڕوو تەواو نەکراوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پرۆژەی ئاوەڕۆی چەمی هشكەڕوو لەناو شاری دهۆك بڕی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا بەڵام ماوەی 10 ساڵە پرۆژەكە تەواونەكراوەو پارەكەشی دیارنەماوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی چەنیدن پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی تر تائێستا تەواونەكراون و خەڵكی پارێزگاكە داوادەكەن دەست بەو پرۆژانە بكرێت، وەك نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، لەگەڵا دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك.
پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ بۆ چەمی هشكەڕوو، یەكێكە لەپرۆژە ستراتیژییەكانی پارێزگای دهۆك، ئاوی پیس و زێرابی بەشێكی زۆر لەماڵانی دهۆك دەچێتە سەری و درێژییەكەی زیاتر لە 15 كێلومەترە هەر لەسەرەتای ناوەندی دهۆك تاكۆتایی شار درێژدەبێتەوە، زیاتر لە 10 ساڵ پێش ئێستاو لەسەردەمی تەمەر كۆچەر پارێزگاری پێشووتری دهۆك، پرۆژەكە درا بەكۆمپانیایەك و كوژمەی 90 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا، بەڵام تەنیا لەسەدا 11ی تەواوكراوەو دوای ماوەیەك پرۆژەكە راگیرا.
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەروكایەتی شارەوانی دهۆك بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: «ئەمساڵ بەپشتگیری پارێزگاری دهۆك هەڵسایین بەخاوێنكردنەوەو بەرفراوانكردنی رووباری هشكەڕوو، هەروەها بەدرێژایی 500 مەتری سێگۆشە دیوارمان دروستكردووە، بەتایبەت لەو شوێنانەی كەئاوی رووبارەكە نزیكە لەماڵان تاوەكو لەكاتی لافاو زیانیان پێنەگات».
وتیشی: «لەقوناغی دووەم هەڵساین بەخاوێنكردنەوەی رووبارەكە بەدرێژایی شەش كێلومەتر، ئێمە حەزدەكەین بەیانی پرۆژەكە دەستپێبكرێتەوە چونكە بۆ ئێمەش ناخۆش و قورسە هەموو ساڵێك خاوێنی بكەینەوە، بەڵام دەبێت حكومەتی هەرێم بڕە پارەیەك تەرخان بكات بۆ دووبارە دروستكردنی دیواری كونكرێت».
هاوكات نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، بەڵام تائێستا تەواونەكراوەن و كاركردنیش تیایاندا راگیراوەو هیچ وادەیەكیش بۆ تەواوكردنیان دیارینەكراوە.
نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی فریاكەوتن لەشاری دهۆك لەساڵی 2012 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 108 ملیار دینارە، تەنها لەسەدا 30ی تەواوكراوە، زیاتر لەشەش ساڵە كاركردن لەپرۆژەكەدا وەستاوەو نازانرێ كەی دەستپێدەكرێتەوە.
حەمزە رەزیكی بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:»پلانێك هەیە لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆك كە ئەو نەخۆشخانەیە كە ئیشكردن تیایدا وەستاوە جارێكی تری ئیشی تیایدا بكرێتەوە بەڵام جارێ تەنها پلانەو هیچ پارەی بۆ دابیننەكراوە، دوای ماوەیەكی تر وردەكاری پلانەكە بۆ رای گشتی ئاشكرادەكەین».
هاوكات سەباح عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» لەهیچ شوێنێكی دنیا نەبووە پارە بۆ پرۆژەیەك تەرخانبكرێت و دوای ماوەیەك بڵێن پارەی پرۆژەكە دیارنەماوە، پرۆژەی رووباری هشكەڕوو كەبڕیاربوو بكرێتە كونكرێت و پێش 10 ساڵ پارەی بۆ دابینكراو ماوەیەكی كەم ئیشی تێدا كرا تەنها لەسەدا 10ی پرۆژەكە تەواوكرا، بەدواداچوونمان بۆ پرۆژەكە كرد دەركەوت بەشێك لەپارەی پرۆژەكە دیارنیە، لەمە سەیرترم نەبینیوە، لەوانەیە زۆركەس بپرسن كەئێمە بۆچی وەكو پێویست بەدواداچوون بۆ پرۆژەكان و كێشەكان ناكەین، من پێیان دەڵێم ئەگەر بودجەی ساڵانە نەبێت نەزانین چەند پارە بۆ پرۆژەكان دابیندەكرێت چۆن بزانین چی پرۆژەیەك نەكراوە؟».
«هەر جارێك كە پرسیار لەبەرپرسان دەكەین بۆچی فڵان پرۆژە وەستاوە، قسەی یەكەم و كوتاییان ئەوەیە دەڵێن پارە نیەو دۆخی هەرێم باش نیە، لەساڵی 2014 ەوە ئەم قسەیە بەردەوام دەكەن، ئەمە لەكاتێكدایە كە دوو بۆ سێ ساڵە نرخی یەك بەرمیل نەوت نزیكەی 100 دولارە، جارجار بەغداش پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، بەهەموو شێوەیەك ئێستا دۆخی هەرێم باشە لەڕووی داراییەوە قسەی بەرپرسان تەنیا خۆدزینەوەو بیانوویەكە دەیانەوێت بەو قسەیە خەڵك رازی بكەن، لێرەوە دەپرسم بۆچی پرۆژەكانی هەولێر ناوەستن و بەردەوامن بەڵام لەدهۆك رێك بەپێچەوانەوەیە»، سەباح عەلی وای وت.
تەواونەكردنی پرۆژە ستراتیژییەكان
بوخاری ئیبراهیم، دانیشتووی پارێزگای دهۆكە بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:» دروستكردنی رێگاوبان و خوێندنگاو باخچەو زۆر پرۆژەی تر لەسنوری پارێزگا باشە، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا چەند پرۆژەیەكی تر كەستراتیژی و زۆر گرنگن بۆ دانیشتووانی پارێزگای دهۆك ماوەیەكی زۆرە كاركردن تیایاندا وەستاوە، بەنموونە فڕۆكەخانەی دهۆك كەخەونی هەموو خەڵكی پارێزگایە، راستە ئەم پرۆژانە پێویستیان بەبڕە پارەیەكی زۆر هەیە بەڵام حكومەت دەتوانێت بۆ ساڵێك بەشێك لەپرۆژەكەی جێبەجێبكات تا تەواودەبێت».
وتیشی:»بەتەواوبوونی فرۆكەخانەی دهۆك جووڵەیەكی زۆر لەبازرگانی و زۆر بواری تر پەیدادەبێت كەسوودی بۆ هەموو كەسێك دەبێت، داوا لەحكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگای دهۆك دەكەین پلانێك دابنێن بۆ تەواوكردنی پرۆژە ستراتیژییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك، سلێمانی و هەولێر دەمێكە فرۆكەخانەیان هەیە، بۆچی ئەوەی دهۆك تەواونەكرا چاوەڕێی وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین».
ساڵی رابردوو 72 پرۆژە كراون
ساڵی رابردوو 72 پرۆژە بەكۆژمەی 37ملیارو 840 ملیۆن دینار جێبەجێكراون، هاوكات سەرۆكایەتی شارەوانی دهۆك رێژەی سەوزایی لەناوشاری دهۆك و دەوروبەری زیادكردووە، هەروەها ئەو پارەیەی لەپرۆژەكان خەرجكراوە زور زیاترە لەگەڵ ساڵی 2021و لەپلانی شارەوانیدایە رێژەی سەوزایی بگەیەنێتە لەسەدا 20 .
ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەروكایەتی شارەوانی دهۆك بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» ساڵی رابردوو لەسنوری پارێزگای دهۆك 72 پرۆژە بەكۆژمەی 37ملیارو 840 ملیۆن دینار جێبەجێكراون، سەرچاوەی پرۆژەكانمان بەم شێوەیەن، پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار حەوت پرۆژە بەكۆژمەی 15 ملیار و 749 ملیۆن دینار، پرۆژەكانی پارێزگای دهۆك هەشت پرۆژە بەكۆژمەی 20 ملیار و 228 ملیۆن دینار، لەسەر داهاتی شارەوانی 57 پرۆژە بەكۆژمەی ملیارێك و 118 ملیۆن دینار».
وتیشی:» ئەو پارەیەی ساڵی 2021 لەپرۆژەكان خەرجكراوە زۆر كەمتربووە بەراورد بەساڵی رابردوو.
ساڵی 2021 كۆی پرۆژەكان 71 پرۆژە بووە بەكۆژمەی 11 ملیار دینار، بەڵام ساڵی رابردوو 72 پرۆژە بەكۆژمەی 37 ملیار دینارو 840 ملیۆن دینار جێبەجێكراون»
10» باخچە دروستكراون، لەگەڵ چاندنی هەزارو 810 نەمام، هەروەها چاندنی 192 هەزار و 408 گوڵی وەرزی و هەمیشەیی، چاندنی فریز 28 هەزارو 192 مەترچوارگوشە، هاووڵاتیانیش بە رووبەری دوو هەزارو 500 مەتری چوار گۆشە فریزیان كردووە، رێژەی سەوزایی بەراورد بەپارساڵ زیاد بووە، ئێستا رێژەكە لەسەدا 13و چەند پۆینتێكە، لەپلانماندایە رێژەیەكە زیاد بكەین بۆ لەسەدا 20»، ئیسماعیل مستەفا وای وت.