رووسیا و په‌یوه‌ندییه‌کانی لەگه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپا
7 ساڵ لەمەوپێش
سیروان خانی
ده‌سپێک
په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپایی و رووسیا هه‌میشه له گۆڕانکاریدا بووه. رووسیا له جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م له پاڵ فه‌ره‌نسا و بەریتانیا ئاماده‌یی هه‌بوو. له کاتێکدا که له سه‌ره‌تایی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م به هاوکاری له گه‌ڵ هیتلێر، ناوچه‌کانی ڕۆژئاوای ئه‌وروپایان له‌نێوان خۆیان دابه‌ش کرد، به‌ڵام له کۆتاییه‌کانی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م له شکستی ئەڵمان و کۆتایی پێهێنانی شه‌ڕ ڕۆڵێکی گه‌وره‌ی گێرا. په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپایی و رووسیا له دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد و ڕووخانی یه‌کێتی سۆڤێت ڕۆشته ناو قۆناغێکی تازه‌وه . له پاڵ په‌یوه‌ندی و هاوکاری نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپا و رووسیا له ڕێگه‌ی واژووکردنی هاوکاری له ساڵی 1994 و دانانی ڕێگه‌ی وزه تا ساڵی 2050 یان هاوکاری له هه‌ندی بواری تر له‌وانه شه‌ڕ له گه‌ڵ تیروریست و چه‌که کۆمه‌ڵکوژیه‌کان ئه‌م هاوکاری کردنه له گه‌ڵ یه‌کتری به‌رده‌وامی هه‌بووه ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی لێ بڕوانێن له دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی جیهانی دووه‌م رووسیا وه‌ک ڕکابه‌رێکی ئایدۆلۆژیایی ڕۆژئاوا گۆڕا که ئه‌مه‌ش بووه که‌لینێکی قووڵ له نێوانیان و کارێگه‌ری ته‌واویشی له سه‌ر ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیان و سیاسه‌تیش داناوه. دوو لایه‌ن له زۆرێک له بواره‌کان کێشه‌و کێبڕکێی توندیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا هه‌یه که ده‌توانێن به‌م شێوه‌یه باس له هه‌ندی له‌و کێشانه بکه‌ێن .
کێشه سه‌ره‌کییه‌کانی نێوان رووسیا و یه‌کێتی ئه‌وروپا جیاوازی له بواری وزه
ئه‌منیه‌تی وزه‌و مه‌ترسییه‌کانی ئابوری بابه‌تی گرنگن له په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا. گرنگترین تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه بابه‌تی وزه‌یه به تایبه‌ت له به‌شی گاز له نێوان وڵاتانی ئه‌وروپایی و رووسیادا. په‌یوه‌ست بوونێکی دوو لایه‌نه که هه‌ردوولا گرێ ده‌دات به یه‌کترییه‌وه که ئه‌مه به ئاشکرا له نه‌خشه ڕێگای 2050 وڵاتانی ئه‌وروپایی و رووسیا باس کراوه . هه‌ڵبه‌ته ئه‌م وتوێژانه سه‌باره‌ت به وزه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆبوونه‌وه‌ی پاریس له ساڵی 2000 له نێوانیاندا . گرێبه‌سته درێژ مه‌وداکانی وڵاتانی ئه‌وروپایی و رووسیا له سه‌ر ئه‌و گڕێبه‌ستانه‌یه که له ده‌یه‌ی 70 و 80 زاینی له نێوانیان واژووکراوه، به‌ڵام له ده‌یه‌یی 90 به‌م لاوه، دوو شوک یان دوو هۆکار بووه‌ته ناسه‌قامگێری له بواری وزه‌دا. یه‌که‌م: ڕه‌وتی کردنه‌وه‌ی پێشه‌سازی گازی ئه‌وروپا له سه‌ر کاراکته‌ره‌کانی تر و درووست بوونی کێبرکی له‌م بواره‌دا، دووه‌م: خواستی ئه‌وروپا بۆ درووست‌کردنی بازاڕێکی هاوبه‌شی گازی که ئه‌م هۆکاره بووه‌ته هۆی ڕێکخستنه‌وه‌ی تازه له بواری وزه‌دا. هه‌روه‌ها ده‌توانێن ئاماژه به نرخی که‌م بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی وزه له به‌راورد له‌گه‌ڵ بوونی نرخی به‌رزی به‌شه‌کانی وزه له بازاره جیهانییه‌کان بکه‌ین.
بواری ئه‌منی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان
له‌م بواره رەخنه‌ی زۆر هه‌م له‌لایه‌ن ڕووسیا و هه‌م له‌لایه‌ن یه‌کێتی ئه‌وروپاوه له یه‌کتری ده‌گێرێت. یه‌کێتی ئه‌وروپا ئاماژه به سێ خاڵی سه‌ره‌کی ده‌کات. 1 - ده‌ست تێوه‌ردانه‌کان و ئاماده‌بوونی رووسیا له‌و کێشمه‌کێشانه که له‌وڵاتانی یه‌کێتی سۆڤێتدا بوونیان هه‌یه. 2- ئاماده‌بوونی نیزامی رووسیا له ناوچه‌کانی ئابخازیا، ئۆسێتیایی باشوور و ترانس نێستیریا .3- ره‌عایه‌ت نه‌کردن و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که له ڕێککه‌وتننامه‌کانی هێزه چه‌کدارییه‌کانی ئه‌وروپا هه‌یه یان زیاترکردنی خه‌رجییه نێزامییه‌کانی رووسیا. له به‌رامبه‌ر ئه‌م رەخنانه وه‌ڵاتی ڕووسیاش ئاماژه به دوو بواری سه‌ره‌کی ده‌کات. 1- هه‌وڵی یه‌کێتی ئه‌وروپا بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رووسیا له ناوچه‌کانی یه‌کێتی سۆڤێه‌تی پێشوو . 2- په‌ره‌سه‌ندنی هێزه‌کانی ناتۆ به‌ره‌و ڕۆژئاوا.
بواری کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ
یه‌کێتی ئه‌وروپا باس له پێشیلکردنی مافی که‌مێنه‌کان و هه‌روه‌ها باس له نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ڕاگه‌یاندنه‌کان و کۆسپ خستنه سه‌ر ڕێگای گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی له‌ڕووسیا ده‌کات. له به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌ش رووسیا ئاماژه به پێشیلکردنی مافی که‌مێنه‌ی رووسیا له وڵاتانی ناوچه‌ی ده‌ریای باڵتێک و خستنه دواوه‌ی ڕێککه‌وتننامه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڤێزاو ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ی که له هاتوچۆکردن و گواستنه‌وه‌ی کاڵاکان له ناوچه‌ی کالێنگرادا هه‌یه.
بواری ئابووری
یه‌کێتی ئوروپا باس له پابه‌ند نه‌بوونی رووسیا له یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ده‌کات. له لایه‌کی تره‌وه یه‌کێتی ئه‌وروپا رەخنه‌ی له‌ڕووسیا له باره‌ی دانانی باج له‌سه‌ر فڕینی ئه‌و فڕۆکانه‌ی کۆمپانیا ئه‌وروپیانه‌دا هه‌یه که له‌سه‌ر سیبریا تێپه‌رده‌بن، بواره‌کانی تر به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بواری کلتووری.
له‌م بواره‌ش هه‌ر وه‌کوو بواره‌کانی تر ڕەخنه‌کان و تێبینییه‌کان دوو لایه‌نه‌یه. یه‌کێتی ئه‌وروپا ئاماژه به‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووسیا له بابه‌تی به‌هاو کلتووره‌کانی ئه‌وروپا و که‌ناره‌گێری و خواستی نه‌ته‌وه په‌ره‌ستی رووسیا و ئاستی باڵای فه‌سادو گه‌نده‌ڵی ئێداری له رووسیا ده‌کات. له به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕەخنانه رووسیاش ئاماژه به‌گرنگی پێدانی له ڕاده‌به‌ده‌ری یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌کێشه ناوخۆییه‌کانی رووسیاو بوونی جۆرێک له ڕکابه‌ریکردنی یه‌کێتی ئه‌وروپا له به‌رامبه‌ر رووسیاو ڕوانێنی دوژمنکارانه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا له به‌رامبه‌ر یه‌کێتی ئۆراسیا (له په‌یوه‌ندی و تێکه‌ڵبوونی قاره‌ی ئه‌وروپا و ئاسیا پێک دێت که ئاماژه‌یه به یه‌کێتییه‌کی ئابوورییه که له‌نێوان هه‌ندی وڵاتی ئه‌وروپایی و ئاسیایی پێکهاتووه‌و له 10ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2000 ده‌ستی به کاره‌کانی خۆی کرد و وڵاتانی بێلاروس و کا‌زاخستان و قرقیزستان و رووسیا و تاجیکستان و ئۆزبه‌کستان ئه‌ندامن له‌م یه‌کێتییه‌دا. له دانیشتنه‌کانی ئه‌م یه‌کێتییه ده‌توانێن ئاماژه به‌باسکردن له بواره‌کانی گه‌شتیاری، وزه، هاواکاری دارایی و ئابووری له‌نێوان ئه‌ندامه‌کان و باسی په‌روه‌رده بکه‌ین).
گه‌مارۆی سه‌ر رووسیا
له باسکردن له سه‌ر ئه‌و گه‌مارۆ ئابووریانه‌ی که له سه‌ر رووسیا دانراوه ده‌توانین ئاماژه به دوو بۆچوون بکه‌ین که ئه‌م دوو بۆچوونه‌ش له نێوان وڵاتانی ئه‌وروپایی دابه‌ش کراوه. یه‌که‌م: لایه‌نگرانی به‌رده‌وامی پێدانی گه‌مارۆ ئابورییه‌کان له‌سه‌ر رووسیا که ده‌بنه دوو به‌شه‌وه. ئه‌و وڵاتانه‌ی که په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌ی زیاتریان هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ده‌بێت ئه‌م گه‌مارۆیانه تا ته‌سلیم بوونی رووسیا له به‌رامبه‌ر خواسته‌کانی ڕۆژئاوا به‌رده‌وام بێت که ده‌توانێن ئاماژه به بەریتانیا بکه‌ین که هه‌مێشه وه‌ک هاوپه‌یمانێکی سه‌ره‌کی ئه‌مریکا ده‌ناسرێت. هه‌ندی وڵاتی تریش هه‌یه که هه‌ر له کۆنه‌وه دوژمنایه‌تیان له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌یه‌و خواستیان له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوونی گه‌مارۆ ئابورییه‌کان هه‌یه که ده‌توانێن ئاماژه به‌وڵاتانی له‌هێستان، کۆماری چێک، ڕۆمانیا و ئێسلوڤاکی بکه‌ێن.
دووه‌م: ئه‌و وڵاتانه‌ی که خوازیاری لابردنی ئابڵۆقه‌کانن له سه‌ر رووسیا به هۆکاری ئه‌وه‌ی که به به‌رده‌وام بوونی ئه‌م ئابڵۆقانه تووشی خه‌ساره‌تێکی زۆر ده‌بنه‌وه. وڵاتی ئەڵمانیا به‌ڕاده‌ی یه‌که‌م و وڵاتانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، یۆنان و کرواتیا و قوبرس له‌و وڵاتانه‌ن که خوازیاری لابردنی ئه‌م ئابڵۆقانه‌ن له‌سه‌ر رووسیا.
ده‌رئه‌نجام
وڵاتانی ئه‌وروپایی هیچ کات رووسیایان وه‌ک هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی خۆیان نه‌زانیوه‌و ئه‌وه‌ی که هه‌یه په‌یوه‌ست بوونی دوو لایه‌نه بووه که ئه‌وانه‌ی گرێداوه به یه‌کترییه‌وه، هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌بێنێن ئێستا ده‌سته‌واژه‌ی شه‌ڕی ساردی نوێ له نێوانیان ورده ورده سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه. یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌چاوی وڵاتێکی نامۆ له کیشوەری ئه‌وروپا سه‌یری رووسیا ده‌کات و هه‌مێشه که‌لێنێکی قووڵ له نێوانیان هه‌بووه، که‌لێنێکی وه‌کوو دیموکراسی له‌ڕوانگه‌ی رووسیا و حاکمیه‌تی قانوون له یه‌کێتی ئه‌وروپا . یه‌کێتی ئه‌وروپا له دوای قه‌یرانی گۆرجستان و قه‌یرانی ئۆکرانیا هه‌میشه به‌چاوی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره سه‌یری رووسیا ده‌کات به‌بۆنه‌ی دووباره‌بوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئۆکرانیا له‌وڵاتانی تری ئه‌وروپایی وه‌کوو مۆڵداوی، لیتوانیا، ئیستونیا، باکووری قه‌زاخستان ، ئه‌رمه‌ینیاو کۆماری ئازه‌ربایجان به‌هۆکاری بوونی ڕێژه‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک رووسی که وایان لێ بکات یان دوای جیابوونه‌وه یان داوای ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بکه‌ن که به‌هه‌ر دوو لایه‌ن به‌قازانجی رووسیا ده‌شکێته‌وه. ئه‌م هۆکارانه‌و زۆر هۆکاری تریش بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ڕۆژ له دوای ڕۆژ کێشه‌کانی نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپا و رووسیا به‌ره‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌کی قووڵ هه‌نگاو بنێت و هه‌ر به کرداریش ئێستا وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌یبێنێن شه‌ڕی ساردی نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره زیادیکردووه تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی که وڵاتانی ئه‌وروپی به‌هۆی سیخورێکی دوو لایه‌نه‌ی رووسیا و بەریتانیا به‌ناوی سێرگێی سکریباڵ که به گازی کوشنده هێرشی کرایه سه‌ری. دیپلۆماتکارا‌نی رووسیا له‌وڵاته‌کانیان ده‌ربکه‌ن یان ڕێژه‌ی دیپلۆماتکاره‌کان که‌م بکه‌نه‌وه. ململانێی نێوان یه‌کێتی ئه‌وروپاو رووسیا وای له ئیداره‌ی سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا تره‌مپ کردووه که کۆنسوڵخانه‌ی رووسیا له سیاتڵ دابخات و زیاتر له 60 دیپلۆماتکارێش له ئه‌مریکا ده‌ربکات، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا رووسیا کۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریکا له سه‌ن پێترزبۆرگ و 60 دیپۆماتکاری ئه‌مریکی له وڵاته‌که‌ی ده‌رده‌کات .
خوێندکاری ماجیستیری یاسای نێوده‌وڵه‌تی، هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید