دۆسیەی كوژرانی كچەكەی شاری هەولێر منداڵپارێزی كوردستان: زانیارییمان لەسەر رووداوەكە نییە

دەستەی مافی مرۆڤ: پێشنیارمــان كــردووە لیژنــەیەك پێكبهێنرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



نایدە ئەحمەد

ئەو پیاوەی لەهەولێر تۆمەتبارە بەكوشتنی كچە تەمەن 15 ساڵانەكەی پێشتر لەلایەن پۆلیستەوە دەستگیركراوەو دواتر ئازادكراوە، بەڕێوەبەری ئۆفیسی مناڵپارێزی كوردستانیش دەڵێت: لەبەرئەوەی ئێمە لەكاتی رووداوەكە دەواممان نەبووە زانیارییەكی ئەوتۆمان لەسەر رووداوەكە نیە، هاوكات دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوەدەكات: ناتوانرێت لەئێستادا هیچ لایەنێك تاوانبار بكرێت تاوەكو لیژنەكەمان لێكۆڵینەوە دەكات.

هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی  پارێزگای هەولێر بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:» لە 6ی كانونی دووەم  كەئاگاداركرانەوە بەتاوانێكی كوشتن دەستبەجێ هێزەكانمان گەشتنە شوێنی رووداوەكەو لێكۆڵینەوەمان لەڕووداوەكە دەستپێكرد، دەركەوت كەباوكێك بەشێوەیەكی دڕندانە كچەكەی ئەشكەنجەداوەو دواتر كوشتویەتی، دوابەدوای رووداوەكەش هێزەكانمان لەناوشاری هەولێرو دەوروبەری بڵاوەپێكرد بۆ دەستگیركردنی تاوانبارەكە، بەڵام لە حەوتی 1ی 2023 تاوانبار خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كردووەو بەتاوانی ماددەی 406 دەستگیركراوەو  پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆكراوەتەوە بۆ ئەوەی بەسزای یاسایی خۆی بگات».

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی  هەولێر دەڵێت: تاوانبار  لەساڵی 2019 بەپێی سكاڵایەكی خێزانی دەستگیركراوە، بەڵام دواتر بەكەفالەت ئازادكراوە.

سەبارەت بەكوژرانی ئەو منداڵە، نایف سلێمان بەڕێوەبەری ئۆفیسی مناڵپارێزی كوردستان بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی دواو وتی:» لەبەرئەوەی ئێمە لەكاتی رووداوەكە دەواممان نەبووە زانیارییەكی ئەوتۆمان لەسەر رووداوەكە نیە، بەڵام وەك مناڵپارێزی كوردستان ئەگەر بزانین  بەهەر شێوەیەك لەشێوەكان مەترسی لەسەر ژیانی منداڵێك هەیە دەمودەست ئیجرائاتی خۆمان دەكەین، چ لەئاگاداركردنەوەی پۆلیسی ئەو شوینەی كەمنداڵەكە ژیانی لەمەترسیدایە  یان دەكرێت توندوتیژی خێزانیشی لێئاگاداربكرێتەوە، بەڵام  تایبەت بەو كچەی كە لەلایەن باوكییەوە كوژرا ئەوە رووداویك بووە  لەدەست دەرچووەو بەبێ ئەوەی ئێمە یان حكومەت ئاگاداربین، لەبەرئەوەی  پێشتر سكاڵا تۆمارنەكراوە كەئاگاداری رەوشی ژیانی ئەو منداڵەبین كەڕۆژانە لەلایەن باوكییەوە ئەشكەنجە دەدرێت».

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: ئەوان تیمی پارێزەریان هەیە بۆ هەرمنداڵێك كەسكاڵا تۆماردەكات بەهەموو شێوەیەك لەدادگا پارێزگاری لەمندڵەكە دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر منداڵەكە پێویستی بەخزمەتگوزاری هەبوو ئەوا خزمەتگوزاری دەروونی و كۆمەڵایەتی پێشكەشدەكەین بەمەبەستی دووبارە بونیاتنانەوەی منداڵەكە، داوا لەهەر منداڵێك دەكەین كەئەشكەنجەدەدریت و لێی دەدرێت و دەچەوسێنرێتەوە پەیوەندی بكات بەهێڵی گەرمی 216 كەهێڵێكی فرییەو زانیاری بدات لەوەی چی مەترسییەك لەسەر ژیانی هەیە».

هەر سەبارەت بەكوشتنی كچەكەی شاری هەولێر، سلێمان موحسین سندی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان و راگەیاندن لەدەستەی مافی مرۆف دەڵێت:» ئێمە وەك دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر ئەم تاوانە پەیامی خۆمان هەبووەو بەتوندی ئیدانەی ئەوكارە وەحشیگەرییە دەكەین،  پیشنیارم بۆ سەرۆكی دەستە كردووە لیژنەیەك لەسەر ئەم رووداوە پێكبهێنرێت، چونكە لەقسەكانی مامی كچەكە دەردەكەوێت كە لەسێی 11ی ساڵی رابردوو سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر باوكی كچەكەو باسی لەوەكردووە سكاڵاكەیان ئەنجامی نەبووە، پاشان مامی كچەكە باس لەوەشدەكات كەچەندڕۆژێك پێش ئەوەی كچەكە بكوژرێت لەلایەن باوكییەوە ئەشكەنجەدراوە، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێت كەكەمتەرخەمی هەبووەو  ئێمە دەمانەوێت  لیژنەكەمان بەدواداچوونی خۆی بكات بۆ ئەوەی بزانرێت كەمتەرخەمی لەچ شوێن و لایەنێكەوەیە، بۆیە ناتوانرێت لەئێستادا هیچ لایەنێك تاوانبار بكرێت تاوەكو لیژنەكەمان لێكۆڵینەوە دەكات و بەڵگەی پێویستی دەستدەكەوێت، قسەی كۆتاییش هەڵدەگرین بۆ كۆتایی لێكۆڵینەوەی لیژنەكەمان لەم كەیسە».

دكتۆر زیاد ئەنوەر پسپۆڕی یاسایی دەڵێت:» لەڕابردوودا ئەگەر كەسێك كەسێكی بكوشتایە تانەیان دەگرت لەئەقڵییەتی كەسی بكوژ كەئەم بكوژە لەڕووی دەروونییەوە تەواونییە بۆ ئەوەی سزاكەی بكرێتە هەمیشەیی نەك ئیفراج بكرێت، بەڵام سەبارەت بەو كەیسەی لەپارێزگای هەولێر روویدا تاوانەكەی لەسەر سابتە بەماددەی 406، ئەمە حاڵەتێكی تایبەتە‌و  وەك زینای مەحرەم وایە كە بەهیچ شێوەیەك لیخۆشبوونی بۆ نییەو لێبوردنی گشتی نایگرێتەوە تەنانەت ئەگەر لەژێر كاریگەری ماددەی هۆشبەر ئەو كارەشی ئەنجامدابێت و ئاگای  لەخۆی نەبووبێت ، سزاكەی بۆ كەمناكرێتەوەو  هەمیشەییە».

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار