سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی تورکیا ئازادکرا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شەبنەم كۆرور فینجانجی سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكانی توركیا كە بە تۆمەتی هاوكاریكردنی پەكەكە دەستگیركرابوو دوای زیاتر لە دوو مانگ و نیو لە زیندان ئازاد كرا.
فینجانجی لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بە هۆی لێدوانێكی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دیمەنێكی ڤیدیۆیی گەریلاكانی پەكەكەوە دەستگیركرا كە لە ڤیدیۆكەیا دەردەكەوێت ژمارەیەك گەریلا بەهۆی بەكارهێنانی چەكی كیمیاییەوە شەهید بوون.
فینجانجی رایگەیاندوو، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی تاوانە و پێویستە شاندێكی سەربەخۆ سەردانی ناوچەكانی شەڕ بكات و لێكۆڵینەوە بكات.
دواتر پەكەكە ناسنامەی ١٧ گەریلای بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەكرد كە بە چەكی كیمیایی شەهیدكراون. لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووشدا پەكەكە جارێكی دیكە ناسنامەی ١١ شەهیدی بڵاو كردەوە كە بە چەكی كیمیایی شەهید كراون.
دەسەڵاتدارانی توركیا بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و قەدەغەكراویان رەتكردووە و رایانگەیاند،ئەوەی باسی ئەم پرسە دەكات پێویستە هاوڵاتیبوونی توركیای لێوەرگیرێتەوە و دادگایی بكرێت. بۆیەش داواكاری كۆماری ئەستەنبوڵ داوای سەپاندنی زیاتر لە دوو ساڵ سزای زیندانی بۆ فینجانجی بڕیەوە.
بەڵام ئەمڕۆ دادگای سزا قورسەكانی ئەستەنبوڵ بڕیاری بێتاوانی فینجانجیدا و ئازاد كرا.