عێراق: دۆسیەی گەندەڵی خواردنی زیندانیان کاردانەوەی فراوانی لێدەکەیتەوە
خالید شوانی: ناوبانگمان شێوێندراوە و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی پەلەی کرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دەستەی نەزاهەی عێراق بەتۆمەتی لەمپەردانان لەبەرامبەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادوەری تایبەت بەدۆسیەی خواردنی زیندانیان بڕیاریدا (خالید شوانی) وەزیری داد بانگهێشت بكات، لەبەرامبەردا وەزیری داد دەڵێت: بابەتەكە پەیوەندی بە»دەستپاكی»یەوە نیەو پێموایە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پەلەی كرد، هاوكات پەرلەمانتارێكی عێراقیش رایگەیاند: خواردنی زیندانیەكان گەورەترن گەندەڵی تێدایە.
دەستەی نەزاهەی عێراق بەتۆمەتی لەمپەردانان لەبەرامبەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادوەری تایبەت بەدۆسیەی خواردنی زیندانیان و راگیراوانی عێراق و پێنەدانی بەڵگەنامەی پێویست بەدەستەی نەزاهە بڕیاریدا (خالید شوانی) وەزیری داد لەسەر پشكی یەكێتی بانگهێشت بكات.
دەستەكە دەڵێت: ئەم بانگهێشتكردنە بەپێی ماددەی 320ی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 بوو، كە بەپێی ماددەكە پێویستە فەرمانگەو وەزارەت و لایەنە حكومییەكان تەواوی پێشینەو بەڵگەنامەی داواكراو بدەنە دەستەی نەزاهەو ئەوەشی جێبەجێی نەكات یاخود رێگە لەجێبەجێكردنی بگرێت بەماوەیەك كە لە پێنج ساڵ زیاتر نییە زیندانی دەكرێت یاخود سزای دارایی دەدرێت.
سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە خواردنی سێ ژەمی زیندانیەكانی عێراق گەورەترن گەندەڵی تێدایە، نزیك بە ٨٠ هەزار زیندانی هەیە لەعێراق، بۆ هەر ژەمێك خواردن هەزار دینار لەئامادەكردنی خواردنەكان بدزرێت ئەوا بۆ هەر رۆژێك ٢٤٠ ملیۆن دینار دەكات، بۆ مانگێك دەكاتە حەوت ملیارو ٢٠٠ ملیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەشكردووە لەكاتێكدا بەشێكی زۆر لەزیندانیەكان ئەو خواردنە ناخۆن بەهۆی خراپیەوە، كەئەگەر خواردنی ژەمەكان بەپێی ئەو گرێبەستەبێت كەوەزارەتی داد لەگەڵ كۆمپانیاكە ئەنجامیداوە قازانجی زۆر دەكەن، بەڵام بەداخەوە گەندەڵی بەجۆرێك بڵاوبووەتەوە لەعێراق گەیشتووە بەخواردنی زیندانیەكی بەدبەخت كەبەشی زۆریان بەهۆی ستەم و نادادیی حوكمڕانەكانەوە تووشی تاوان و لادان بوون.
دەستەی نەزاهەی عێراق لەسەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابووردوو دەستیكرد بەلێكۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەی باسیان لەگەندەڵی دەكرد لەپێدانی خواردنی زیندانیەكان و خراپی جۆری خواردنەكان و پێدانی بڕی كەم پێیان سەرەڕای پێدانی پارەی تەواوەتی بەبەڵێندەران، بەڵام ئەوەی وایكرد نەزاهە وەزیری دادو بەرپرسی رێگەپێدانی ئەمنی وەزارەتی داد بانگهێشت بكات، تۆمەتی رێگەگرتنە لەتیمەكانی دەستەی نەزاهەو لەمپەر دروستكردنە لەبەردەم تیمەكاندا.
لەبەرامبەردا خالید شوانی، وەزیری دادی حكومەتی عێراق لەبارەی تۆمەتباركردنی لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە دەڵێت: بابەتەكە پەیوەندی بە «دەستپاكی»یەوە نیەو رایگەیاند: «پێموایە سەرۆكی دەستەی دەستپاكی پەلەی كرد كەئەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەی ئەنجامداو سوكایەتی و ناوزڕاندنی وەزارەتی دادو وەزیری دادی تیابوو»، ئاماژە بەوەشدەكات:» ئەوەی روویداوە بووەتە هۆی شێواندنی ناوو پێگەی وەزیرو وەزارەتەكەشی، ئەوەش قبوڵكراو نییە، بۆیە رێكاری یاسایی بەرامبەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق دەگرنەبەر.»
دەربارەی وردەكاری رووداوەكەش خالید شوانی دەڵێت: «رۆژی 3ی ئەم مانگە دوو لێكۆڵەر لەدەستەی دەستپاكییەوە هاتوون بۆ وەزارەتی دادو كاتێك ئێمە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بووین داوای رەگەزنامە و ناسنامەی عێراقی چەند فەرمانبەرێكیان كردووە كە پەیوەندییان بەگرێبەستی خواردەمەنییەوە هەیە كەدەدرێت بەزیندانیەكان، لەبەرئەوەی كاتژمێر 2:00 هاتوون و دەوام تەواوبووە، رێككەوتوون رۆژی 4ی 1 بێنەوەو بەیانی زوو ئەوراقەكانیان بدرێتێ و نووسراوێكیان واژۆكردووەو تیاشیدا نووسراوە كە بەڕێوەبەری كارگێڕی و دارایی وەزارەتی داد زۆر هاوكاریان بووە».
هاوكات سایتی میدل ئێست ئۆنلاین بڵاویكردووەتەوە، كە خالید شوانی خۆی ئەوەی خستووەتەڕوو: «دوای سەردانێكی مەیدانی بۆ زیندانەكان و بەپێی راپۆرتی لایەنەكانی وردبینی كە گەیشتووە بەدەست وەزارەتەكەمان دەركەوتووە كەكۆمپانیاكان تەواوی ماددە خۆراكییەكان بەزیندانیان نادەن لەكاتێكدا بڕی پێویستیش پارە وەردەگرن».
وەزارەتی دادی عێراقی بەپێی ماددەی 12/2 ب-ی یاسای چاكسازی گیراوان و راگیراوانی ساڵی 2018 گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ئەهلیدا دەكات بۆ دابینكردنی خواردنی تەندروست و پێویست بۆ هەر زیندانییەك بەپێی بڕواو عەقیدەی خۆی كەدەبێت میوەو گۆشت لەخۆبگرێت.
لەئێستاشدا لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكان بۆ ئاشكراكردنی دیوەكانی دیكەی ئەم دۆسیەیە هێشتا بەردەوامی هەیەو بەبڕوای چاودێرانیش هاوشێوەی دۆسیەكانی دیكەی گەندەڵی ئەم دۆسیەیەش دزی و پارەبەهەدەردانی زۆری تیادا كراوە.
هەرچەندە هێشتا ئامارێكی فەرمی تەواوەتی بۆ ژمارەی زیندانیانی عێراق نییە، بەڵام بەپێی ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 100 هەزار زیندانی لەزیندانەكانی وەزارەتی دادو ناوخۆ و بەرگریدا هەن، ئەمە جگە لەزیندانەكانی دەزگا ئەمنییەكان و زیندانە نهێنییەكانی دیكەی گرووپ و میلیشیاكان.