دهۆك؛ 49 كۆگای ساردكەرەوەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەیە
حكومەتی هەرێم كار بۆ ئەوەدەكات دهۆك ببێتە خاوەنی زۆرترین كۆگا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی- دهۆك
حكومەتی هەرێم دەیەوێت پارێزگای دهۆك ببێتە خاوەنی زۆرترین كۆگای ساردكەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمە كشتۆكاڵییەكان، لەمانگی 12ی ساڵی رابوردوو موڵەتی دروستكردنی 48 كۆگای تر دەركراوەو بەشێكیان دەستیانكردووە بەدروستكردنی بناغەی كۆگاكان، بەتەواوبوونی ئەو كۆگایانە پارێزگای دهۆك دەبێتە خاوەنی 97 كۆگا.
ئەحمەد سەعید، خاوەنی سێ باخی سێوە لەناحیەی كانی ماسی، ئەو دڵخۆشە بەدروستكردنی ژمارەیەك كۆگای ساردكەرەوە، بەهاوڵاتی وت:» ساڵانە بەهۆی نەبوونی كۆگای ساردكەرەوە سێوەكانمان بەنرخێكی هەرزان دەفرۆشین، قازانجی ئەمساڵ لەهەرسێ باخەكەمان تەنیا 840 هەزار دینار بووە، بەبەهای زیاتر لە200 هەزار دینار دەرمان و پێداویستی ترم كڕیوە، هەر كێلویەكماک لەنێوان 200 بۆ 400 دینار فروشتووە، ئەگەر بەرهەمەكانی خۆمان لەكۆگای ساردكەرەوە دابنێین و لەوەرزی پێگەیشتنی نەفرۆشین سوودێكی باشی دەبێت، بەلایەنی كەمی هەر كیلۆیەك لەنێوان 600 بۆ 800 دینار دەفرۆشین و قازانجی ئێمەش دەبێتە دوو ئەوەندە».
وتیشی:» هەرچەندە ئەم هەنگاوەی حكومەت زور دواكەوت و پێویست بوو پێش 10ساڵ ئەمەی كردبا، جگە لەمەش پێویستە كارگەی دروستكردنی شەربەتی هەنار، سێوو قۆخ دروستبكرێن تازۆرترین جوتیار سوودمەندبن، ئەم شتانەی كەباسمكرد لەهەموو وڵاتان هەیە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی پشت بەبەرهەمە كشتوكاڵییەكان دەبەستن».
هاوكات تەحسین سلێمان ساڵح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاندن لەقەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی راگەیاند: «12 كۆگای ساردكەرەوە لەسنوری قەزای بەردەڕەش هەیە كەزیاتر لەدوو ساڵە دروستكراون و هەمووشیان بۆ پاراستنی پەتاتە بەكاردەهێنرین، هەشت كۆگای تر لەقۆناغی دروستكردنن كەهێشتا تەواونەكراون و پێدەچێت تاكۆتایی ئەمساڵ هەموویان تەواوبن و ژمارەیان دەبێتە 20 كۆگا».
وتیشی:»لەكۆی ئەو 20 كوگایە تەنها یەكێكیان حكومییە، ئەوانەی تر هەموویان هی كەرتی تایبەتن، هەركەسێك لەتوانایدا هەبێت و داوا لەئێمە بكات بۆ دروستكردنی كۆگا ئێمە مامەڵەكانی بەزووترین كات بەڕێدەكەین و لەهەر شوێنێك رووبەڕووی كێشەیەك ببێتەوە، ئێمە هەوڵدەدەین كێشەكەی چارەسەربكەین».
هەر سەبارەت بەو پرسە، ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی چاندن لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی وت:» ئێستا لەسنوری پارێزگای دهۆك 49 كۆگای ساردكەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان هەن، لەم ژمارەیە هەشتیان هی حكومییەو ئەوانەی تر كەرتی تایبەتن، لەمانگی 12ی ساڵی رابوردوو موڵەتی دروستكردنی 48 كۆگای تر دەرچووەو بەشێكیان دەستیانكردووە بەدروستكردنی بناغەی كۆگاكان و بەتەواوبوونی ئەو كۆگایانە پارێزگای دهۆك دەبێتە خاوەنی 97 كۆگا، لەهیچ شارێكی تری كورستان هێندەی پارێزگای دهۆك كۆگای نیەو نزیك دەبینەوە لەسەر ئاستی عێراقیش ببین بەیەكەم پارێزگا بۆ پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان».
راشیگەیاند:»ئەو كۆگایانە دەكەونە سنووری هەریەك لەقەزاكانی سێمێل، بەردەڕەش، شێخان، ئێستا تەنها پەتاتە دەخرێنە ئەو كۆگایانە هەر لەبەرئەوەش تائێستا پەتاتەی خۆماڵی لەبازاڕەكاندا بەردەستەو نرخی نەهاتووەتە خوار، لەبەرنامەماندایە سێو، ترێ، هەنار بخەینە كۆگا تاوەكو لەوەرزی زستان سوود لەو بەرهەمانە وەربگرین».
«هەر بازرگانێك یاخود وەبەرهێنەرێك داوا لەئێمە بكات بۆ دانانی كۆگا، ئێمە زۆر كارئاسانی و هاوكاری بۆ ئەو كەسە دەكەین، مامەڵەكانی بەزووترین كات بەڕێدەكەین، چونكە ئامانجان پاراستنی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە، هەروەها ئێمە خول و ۆورك شۆپ بۆ ئەو كەسانە دەكەینەوە كەچۆن و لەكوێ كۆگاكانیان دابنێن تاقازانجێكی باش بكەن» ئەحمەد جەمیل وای وت.