كێشەی كەمی غاز لەهەرێم سەرهەڵدەداتەوە

10 ساڵە بەشە غازی پارێزگاكان زیادنەكراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتح

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠١٤وە پێداچوونەوەی بەبەشە غازی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا نەكردووە، ساڵانەش لەوەرزی زستنادا خواست لەسەر سوتەمەنی زیاد دەكات و نرخی غازی بازرگانیش بەرزدەبێتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: پارێزگای سلێمانی رۆژانە نزیكەی ٢٤٠ تۆن غازی پێدەگات لەكاتێكدا رۆژانە پێویستی بە ٥٠٠ تۆن غاز هەیە.

 غازی بازرگانی نرخەكەی جێگیر نییەو رۆژانە لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام غازی حكومی پێشتر بەحەوت هەزارو ٥٠٠ دینار بوو ماوەی نزیكەی سێ ساڵە نرخەكەی زیادبووەو بووەتە هەشت هەزارو ٥٠٠ تا نۆ هەزار دینار و ١٢ كیلۆگرام غازی تێدایە كە لەهاوین و زستاندا هەمان نرخە.

نافیز ناوپردانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: گرێبەستی كۆمپانیاكان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كێشەی هەیەو بەشێوەیەكی گشتی ئەو گرێبەستەی  دانەغاز لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردوویەتی بۆ دیاریكردنی  پشكی هەولێر كەچەند تۆن غاز بێت هی ١٠ ساڵ پێش ئێستایەو هەولێر لەئێستادا بەرەو گەورەبوون چووەو  گەشەی كردووەو خەڵك زیاتر پێویستی بەغازە، ئەو گرێبەستە هەر گرێبەستە كۆنەكەیەو تائێستا پشكەكە زیادنەكراوە، بۆیە لەزستاناندا ئەو كێشەیە دووبارە دەبێتەوەو كێشەكە لەهەموو شارەكاندا هەیە نەك بەتەنها لەهەولێر».

وتیشی:  «ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو دەسەڵاتەمان نیە لێپرسینەوە لەوەزارەت بكەین  و پێویستە  پەرلەمان داوا لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكات پێداچوونەوەیەكی وردتر بكرێت بۆ ئەو بابەتەو پشكی شارەكان زیادبكرێت».

لەئێستادا نرخی ئەو غازە حكومیەی دەدرێتە هاووڵاتییان هەشت هەزارو ٥٠٠ تا نۆ هەزار دینارەو غازە بازرگانییەكەش كۆنتڕۆڵی لەسەر ناكرێت و  بازرگانان ئارەزوومەندانە دەیفرۆشن و بەشێوەیەكی گشتی  ١٠٠٠ دینار زیاتر یان كەمترە و» لەئێستادا غازی ناحكومی نرخی  سەروو ١١ هەزار دینارە.

هاوكات، كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئێمە لەنرخی بەغازی حكومی رازیی نین و نرخەكەی گونجاو نییە، پێویست بوو هاووڵاتی بەپێنج هەزار دینار بتڵێك غازی وەبگرتایە نەك بەهەشت هەزار دینار لەبەرئەوەی غازی خۆمانە، غازی ئێمە دەڕوات بۆ وڵاتانی تر،  تەنانەت دەبوو غاز بێبەرامبەر بدرایەتە هاووڵاتیان یان بەنرخێكی رەمزی،  ئەو رێژەیەی لەئێستادا رۆژانە دەدرێتە سنووری پارێزگای سلێمانی ٢٢٠  تا ٢٤٠ تۆنە، لەكاتێكدا ئەم سنوورە رۆژانە پێویستی بە ٥٠٠ تۆن دەبێت كەئەمەش كورتهێنانی تێدایەو رێژەكە كەمەو خواستیی لەسەر زیاددەكات».

وتیشی: وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەم شێوەیە مامەڵە دەكات و گرێبەستی لەگەڵ دوو كۆمپانیا كردووە، كۆمپانیای ساوز كوردستان و كۆمپانیای دانەغاز بەچاودێری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رێككەوتنێكیان كردووە كە رۆژانە هەزار تۆن غازیان پێبدرێت و ئەوانیش ٧٠٠ تۆنی لەبازاڕدا بدەنە پارێزگاكان و ٣٠٠ تۆنیشی بەبازرگانی بفرۆشن، ئەویش بەشێكی زۆری دەنێردرێتە دەرەوەو دەفرۆشرێت،  لە ٢٠١٤ەوە هەر ئەو رێژەیەی دەدرێتە پارێزگاكان زیاد نەكراوە چونكە ساڵانە خێزان زیاد دەكات و شارەكان گەورە دەبن، بەڵام غاز زیاد نەكراوەو كارەباش كەمیكردووەو نەوتی سپیش دابەشنەكراوەو پێویست بوو ئێستا ٥٠٠ تۆن بدرایەتە ئەم سنورە بۆ ئەوەی گرفتی دەستكەوتنی غاز دروست نەبووایە».

بەهۆی كەمی بەشی غازی پارێزگاكانەوە گرفتی كەمی غاز لەچەند ناوچەیەك  دروستبووە بەتایبەت لەسنووری ئیدارەی گەرمیان كەهاووڵاتیان بەشێوەیەكی ئاسان غازیان دەستناكەوێت و رێژەكەی كەمەو بەشی پێداویستی هاووڵاتیان ناكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار