باکوری کوردستان؛ لەدۆڵی زیلان ئێسک و پروسکی سەدان کەس دەدۆزرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
دوای ئەوەی لەگوندی پارتاشی كۆنی ناوچەی ئەرجیشی وان كەدەكەوێتە دۆڵی زیلان ئاوی بەنداوێك بەهۆی وشكەساڵییەوە كەمیكرد، ئێسك و پروسكی دەیان مرۆڤ لەدەوروبەری بەنداوەكە دۆزرانەوە. ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بەسەندیكای پارێزەرانی وان، سەردانی ناوچەكەی كردو دەستی بەلێكۆڵینەوە كرد.
لەڕاگەیەندراوێكدا سەندیكای پارێزەرانی وان رایگەیاند: لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی ناحكومی دیكە سەردانی ناوچەكەیان كردووەو سەرۆكی داواكاری گشتی ناوچەی ئەرجیشیان ئاگادار كردووەتەوە.
حكومەتی توركیا بێدەنگە
ئاژانسی میزۆپۆتامیا لەسەر ئەم پرسە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژیان ئوزكاپلان، سەرۆكی لقی وانی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا كردووە، ئوزكاپلان ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: كە لەناوچەكەدا ئێسك و پروسكی سەدان كەسیان دۆزیوەتەوەو وێنەیان گرتووە».
ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەی تەواویان لەسەر رووفاتەكان كردووە، راپۆرتێكیان پێشكەشی داواكاری كۆماری وان كردووەو دواتر چاویان بەبەرپرسان كەوتووەو دۆخەكەمان بەبەرپرسان راگەیاند، بەڵام ئێمە تاوەكو ئێستا نازانین، ئەو رووفاتانە كێن، تاوەكو ئێستا دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەت وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە».
هەدەپە داوای لێكۆڵینەوە دەكات
لەلایەكی دیكەوە، تەیب تەمەل پەرلەمانتاری پارێزگای وانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) پرسەكەی بردووەتە، پەرلەمانی توركیاو داوایكردووە كە پەرلەمان دەست بەلێكۆڵینەوە بكات، پێی وایە، رووفاتەكان هی ئەو كەسانە بن كە لەكۆمەڵكوژی زیلاندا كوژراون.
موعەزەز ئورهان پەرلەمانتاری هەدەپەی وانیش لەمبارەیەوە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا. ئورهان ئاماژەی بەوەكرد كە ئێسك و پروسكێكی زۆری مرۆڤ لەدۆڵی زیلان دۆزراونەتەوەو دەڵێت، « وەزارەتی دادمان لەم دۆخە ئاگاداركردووەتەوەو داوامانكردووە بەزوترین كات و بێ دواكەوتن دەست بەلێكۆڵینەوە بكرێت و پێویستە بەكر بوزداغ وەزیری دادی توركیا لەسەر ئەم پرسە روونكردنەوە بدات».
هەدەپە لەداواكاریەكەیدا بۆ وەزارەتی داد شەش پرسیاری ئاراستەی وەزیری داد كردووە كەئەم پرسیارانەی لەخۆگرتووە:
یەكەم؛ ئایا ئێوە دەستتان بەهیچ لێكۆڵینەوەیەك كردووە، سەبارەت بەئەو ئێسك و پروسكانەی كە لەدۆڵی زیلان دۆزراونەتەوە؟ ئایا دەتانەوێت هیچ روونكردنەوەیەك بدەن؟
دووەم؛ ئایا هیچ تووێژینەوە، لێكۆڵینەوەو راپۆرتێك سەبارەت بەئەو ئێسك و پروسكانە ئەنجامدراون یان ئاراستەی ئێوە كراون؟
سێیەم؛ تایبەتمەندی چۆنایەتی و چەندایەتی ئێسك و پروسكەكان چین؟ پێشبینی دەكرێت ئێسك و پروسكی چەند كەس بن؟
چوارەم؛ ئایا لێكۆڵینەوەتان لەوە كردووە كەگۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ لەو ناوچەیە هەبێت؟
پێنجەم؛ بۆ ئاشكراكردنی كۆمەڵكوژی زیلان و كۆمەڵكوژییەكانی هاوشێوە كە لەمێژووی توركیادا ناویاندەهێنرێت، هیچ هەوڵێك دەدەن؟
شەشەم؛ بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان لەئەرشیفی دەوڵەتدا، لەدۆڵی زیلان چەند كەس كوژراون؟ ئایا هیچ لێكۆڵینەوەیەكتان كردووە كەئەو خەڵكەی كوژراون بەشێوەیەكی بەكۆمەڵ بەخاكسپێردران؟ گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەكوێن؟ ئایا ئەو ناوچەیە پارێزراوە؟
كۆمەڵكوژی زیلان
دوای شكستی شۆڕشی ئاگری لەساڵی ١٩٣٠ بەهاوكاری شای ئێران، دەوڵەتی توركیا لەباكووری كوردستان دەستی بەهەڵمەتێكی پاكتاوی رەگەزی بەرامبەر ئەو هاووڵاتیە كوردانە كرد كە لەگەڵ شۆڕشدابوون.
یەكێك لەو ناوچانەی كەخەڵكەكەی رووبەڕووی هێرشی سوپای توركیا بووەوە، گوندەكانی دۆڵی زیلانی سەر بەناوچەی ئەرجیشی پارێزگای وانی باكوری كوردستان بوو. هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا، چەند مانگێك بەردەوامبوون و لەتەمموزی ١٩٣٠دا سەربازە توركەكان، هەموو رێگەكانی دۆلی زیلانیان داخست و دەستیان بەكوشتنی هاووڵاتیانی كورد، سوتاندن و تاڵانكردنی گوندو ماڵەكانیان كرد.
رۆژنامەی حوڕیەتی توركی لەوكاتەدا خەڵكی ناوچەكەی بەپشتگیریكردن لەشۆڕش تۆمەتبار كردو رایگەیاند، ١٥ هەزار كەس لەدۆڵی زیلان كوژراون و ناوچەكە لە(یاخیبووەكان) پاككراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەدحاڵەكان ٤٧ هەزار مرۆڤی بێتاوان لەژن و منداڵ و پیر كۆمەڵكوژكراون كە سەر بەهۆزەكانی حەسنا، زیلان، سبكان، ئەدمان بوون. هەروەها زیاتر لە ١٨٠ گوندی كوردەكان سووتێنران و ئەوانەی كە بەزیندوویی رزگاریان بوو، بۆ ناوچەكانی دیكەی باكوری كوردستان و هەندێكیان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان ئاوارەبوون.
هەرچەندە ناوەندی كۆمەڵكوژییە گەورەكە دۆڵی زیلان بوو، بەڵام هێرشەكانی سوپای توركیا بەتەنیا لەوێ نەوەستانەوە، بەڵكو هەموو ناوچەی سەرحەدی باكوری كوردستانی گرتەوە كەپارێزگاكانی، وان، موش، ئاگری و ئیدر دەكرێتەوە. بەگشتی لەهێرشەكانی توركیادا زیاتر لە ٥٠ هەزار كورد كۆمەڵكوژكران.
حكومەتەكانی ئێران، سوریاو عێراقیش دەستیان لەكۆمەڵكوژكردنی كورددا هەبوو. دوای شكستی شۆڕشی ئاگری و كۆمەڵكوژی دۆڵی زیلان، بەرپرسانی توركیا سەردانی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەیان كردو هەوڵیاندا ئەو شۆڕشگێرانەش دەستگیربكەن كەخۆیان گەیاندبووە دەرەوەی سنورەكانی توركیا. بەو هۆیەوە هەرسێ دەوڵەتە داگیركەرەكەی كوردستانیش لەدەستگیركردنی شۆڕشگێڕان رۆڵیان دەبێت و ژمارەیەك شۆڕشگێر دەستگیردەكرێن و رادەستی توركیایان دەكەنەوەو لەسێدارە دەدرێن.
دەوڵەتی توركیا دوای شۆڕشی ئاگری و كۆمەڵكوژی دۆڵی زیلان، رایگەیاند كە ئیدی خەونی دەوڵەتی كوردیان لەچیای ئاگری خستووەتە ژێر گڵ، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند، كەكوردانی باكوری كوردستان بەسەركردایەتی سەید رەزای دەرسیم شۆڕشیان بەرپا كرد. لەكۆتاییدا شۆڕشی سەید رەزاش بەدەردی شۆڕشی ئاگری براو لەدەرسیمیش بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان ٩٠ هەزار كورد كۆمەڵكوژكران.
لەئێستاشدا كە ٩٢ ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژی دۆڵی زیلاندا تێپەڕیوەو ئێسك و پروسكی ئەو هاووڵاتیە كوردانە بەهۆی كەمكردنەوەی ئاوی بەنداوێكەوە دەركەوتوون، بەڵام دەوڵەتی توركیا نایەوێت راستییەكان ئاشكرابكات و خۆی كەڕ، لاڵ و كوێر كردووە لەئاست ئەو كۆمەڵكوژییە كە لەجیهاندا كەموێنەیە.
ئێران