ئەردۆغان: دەمیرتاش ئازاد ناکرێت، دەمیرتاش: ئێوارەی هەڵبژاردن شتێک بە ئەردۆغان دەڵێم

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەردۆغان رایگەیاند، دەمیرتاش بە ئاسانی لە زیندان نایەتە دەرەوە و دەمیرتاش دەڵێت، زۆر شت هەیە کە لەبیرمان نەکردووە و ئەو رۆژە نزیکە کە لێپرسینەوە بکەین و ئاماژەی بەوەکرد کە ئێوارەی هەڵبژاردن شتێک هەیە کە بە ئەردۆغانی دەڵێت.

رەجەب تەیب ئەردغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری موغلا، رەخنەی توندی لە کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت و رایگەیاند، کلچدارئۆغلۆ پشتگیری لە هەدەپە دەکات و وەک تیرۆریست ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی هێنا و وتی، دەمیرتاش بە ئاسانی لە زیندان نایەتە دەرەوە. ئەو تۆمەتبارە بە کوشتنی ٥١ کەس لە ئامەد.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش لە گۆتارێکدا بە ناونیشانی ' زۆر شت هەیە کە لەبیرمان نەکردووە' کە لە رۆژنامەی یەنی یاشامدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەو کەسانەدا کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا کوژراون.

دەمیرتاش وتی، " ئێمە زۆر شت هەیە کە لەبیرمان نەکردووە. ئەو کەسانەی کە ئێمە بە تیرۆریست لەقەڵەم دەدەن و لە میتینگەکاندا پێمان دەڵێن 'بکوژ'، هیچ شەرم دایان ناگرێت. ئێمە ژێرزەمینەکانی شاری جزیرمان لەبیر نەکردووە کە هاوڵاتیەکانمانیان بە زیندوویی لەو ژێرزەمینانەدا سووتاند."

دەمیرتاش لە نوسینەکەیدا بە ناراستەوخۆ بە ئەردۆغان دەڵێت، " وادەزانیت ئەم خەڵکە مێشکی ماسی هەیە و شتەکان لەبیر دەکات؟ بۆیەش شتێکی دیکە هەیە کە ئێوارەی هەڵبژاردن پێت دەلیم. چاوەڕێ بە." قسەکانی دەمیرتاش بەم شێوەیە لێکدەدرێتەوە کە بە ناراستەوخۆ بە ئەردۆغان دەڵێت، 'لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەهێنێت'.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار