بەهۆی بڕیارێکی حوکمەتەوە نیوزلەندا ڕووبەڕووی قەیرانی هێلکە بۆتەوە

خاوەن دووکانی شیرینیەکان پەنا دەبەنە بەر ڕاوکردنی مریشک و کڕینی مریشکی خۆماڵی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

نیوزلەندا بەهۆی قەدەغەکردنی سیستەمی قەفەزی ستونی ناوبراو بە " قەفەزی باتری" کە قەفەزێکی بچوک وستونیە بۆ بەخێوکردنی مریشک، ڕووبەڕووی قەیرانی هێلکە بۆتەوە لەسەرانسەری وڵاتدا و ناتوانێ پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.

بەهۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، فرۆشتنی هێلکە لە مارکێتەکاندا ڕێژەکەی سنوردارکراوە و لەزۆربەی فرۆشگاکاندا هێلکە نەماوە، هاوکات درووستکردنی شیرینیە تایبەتەکانی نیوزلەنداش تێچووەکانیان بەرزبۆتەوە لەوانەش شیرینی بەناوبانگی پاڤلۆڤا، هەروەها نرخی جوملەی هێلکە دووقات بەرزبۆتەوە.

مایکڵ بووکس، بەڕێوبەری جێبەجێکاری فیدراسیۆنی بەرهەمهێنانی هێڵکە لە نیوزلەندا دەڵێت، لە ئیستادا بەپێی خواستی بازاڕ هێلکە لەبازاڕەکاندا نیە، هەروەها ئاماژە بەوە دەدات بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی پێیوست پێویستمان بە ٣.٩ ملیار مریشکی هێلکەکەر هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنها ٣.٥ ملیار مریشکی هێلکەکەرمان هەیە.

هاوکات بەهۆی قەیرانەکەوە بەشێک لە دوکانی شیرینیەکان پەنایان بردۆتە بەر ڕاوکردن بۆ ئەوەی بتوانن هێلکەی پێویست بۆ درووستکردنی شیرینیەکانیان پەیدا بکەن، بەشێکیشیان دەستیانکردووە بە کڕینی مریشکی خۆماڵی، بەهۆی بڕیارەکەوە خواست لەسەر کڕینی مریشکی هێلکەکەر لەڕیگەی ئۆنلاینەوە زیادی کردووە و نرخەکەشی چەند هێندە بەرزبۆتەوە.

قەیرانی هێلکە بەجۆرێک کاریگەری خستۆتە سەر بازاڕ کە پێش بڕیارەکەی حکومەت بۆ قەدەغەکردنی بەخێوکردنی مریشک لەو سیستەمە ستونیە بچوکەدا، نرخی مریشکی هێلکەکەر ١٨ دۆلاری نیوزلەندی بووە بەڵام لە ئێستادا نرخەکەی بۆ ٨٠ دۆلاری نیوزلەندی زیادی کردووە.

سیستەمی قەفەزی باتری، سیستەمێکی بچوک و بەناویەکداچووە کە مریشکەکان تێیدا دائەنرێن بەمەبەستی بەرهەمهێنانی هێلکە وبەرهەمی زیاتر، قەبارەکەی تەنها بەهێندەی پەڕەیەکی " ئەی فۆڕ " دەبێت و ئەمەش بە تاوان و پێشێلکردن وزیانگەیاندن بە مریشکەکان حساب دەکرێت.

حوکمەتی نیوزلەندا لەم مانگەدا بڕیارەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ بڕیارەکەی دەرکردبوو و قۆناغ بە قۆناغ بڕیارەکەی جێبەجێ دەکرد، هاوکات جگە لە نیوزلەندا وڵاتانی ئیسرائیل، مەکسیک، کەنەدا، بەریتانیا ئەو سیستەمەیان قەدەغەکردووە بۆ گەشەکردنی مریشک.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار