شەڕی بەیاننامەی یەكێتیو پارتی دەگاتە ناو ئەنجومەنی وەزیران
یەكتری بەقاچاغچێتیو دیارنەمانی داهاتی نەوت تۆمەتباردەكەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان بەهۆی ناكۆكی و ململانێیەكانی نێوان پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تادێت ئاڵۆزتر دەبێت و هاوشانی شەڕی راگەیاندنە فەرمی و میدیا سێبەرەكانیان و ململانێكانیان لەناو حكومەت و بایكۆتكردنەكانی یەكتری، شەڕی بەیاننامەی تیمی حكومی هەردوولاشی هاتەسەر و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و تیمی پارتی لەلایەك و جێگری سەرۆكی حكومەت و تیمەكەی لەلایەكی دیكە بەیاننامەیان لەسەر یەكدی دەركردو یەكترییان دایەبەر رێژنەی تۆمەت.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبەیاننامەیەكدا كرۆكی كێشەكانی خۆی و كابینەكەی لەگەڵ یەكێتیدا ئاشكراكردو دەڵێت « لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە، واڕێككەوتین كە شوێنەواری دووئیدارەیی بسڕێتەوەو بڕیارەكانی حكومەت، لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان، بەیەك شێوە جێبەجێ بكرێن و نابێت لەهیچ بەشێكی هەرێمی كوردستاندا، بڕیاری حزبی یان تاكەكەسی، رێگە لەجێبەجێكردنی كارو بەرنامەی حكومەت بگرێت. من بەیەكسانی، سەیری سەرانسەری هەرێمی كوردستان دەكەم و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاووڵاتیانی هەرێم لەهەموو پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا. بەڵام بەداخەوە، رێگری كراوەو كۆسپ بۆ حكومەتی هەرێم دروستكراوە، كە ئەمەش زیانی بەژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان گەیاندووە».
لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی تیمی یەكێتی لەحكومەت لەڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی بەیاننامەكەی مەسرور بارزانی-یان دایەوەو دەڵێن» چاوەڕوان بووین بۆ یەك جار سەرۆكی حكومەت وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم قسە بكات، چاوەڕوان بووین پەیامەكەی دەستپێشخەری بێت بۆ چاككردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان و كۆتایی هێنان بەكێشەكانی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی ناو حكومەت بێت، بەداخەوە وانەبوو، گلەیی و هەڵوێستیان هەبووە لەكردەوەو شێوازی ئیدارەدانی ئەم كابینەیە كە مەسرور بارزانی سەرۆكیەتی و گلەییەكانییان هی خەڵكن و پەیوەندییان بەشێوازی حوكمڕانیە، پەیوەندییان بەخراپی خزمەتگوزارییە، پەیوەندییان بە نادادپەروەرییە لەنێوان شارێك بۆ شارێكی تر».
هەروەها مەسرور بارزانی دەڵێت:»نزیكەی دوو ساڵە، كێشەی كۆكردنەوەی داهات و نەمانی پارە لەبانكەكانی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو راپەڕین هەیە. بەدواداچوونی ئەم كێشەیەمان كردووەو لیژنەیەك لەوەزارەتی دارایی و ناوخۆ، بۆ بەدواداچوونی ئەم كێشەیە پێكهێنرا، بەڵام كرۆكی ئەم كێشەیە ئەوەیە، كەهەندێك كەس و لایەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، دەست دەخەنە ناو پرۆسەی كۆكردنەوەی داهاتی ئەو سنوورانە، بۆیە هەر ئەو كەس و لایەنانە بەرپرسیارن لەبەرامبەر ئەو زیانانەی بەهاووڵاتیان و دامودەزگاكانی حكومەت دەگات».
لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی لەوەڵامی سەرۆكی حكومەتدا دەڵێن «سەرۆكی حكومەت لەڕاگەیەنراوە پڕ لەچەواشەكارییەكەی دەڵێت؛ یەكێتی بەرپرسە لەو دۆخەی لەسلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان دروستبووە، چاوەڕوان بووین سەرۆكی حكومەت بڵێ بڕیارمدا بەشێوەیەكی مەیدانی خۆم سەردانی سلێمانی و دەڤەرەكە بكەم و لەكێشەكان بكۆڵمەوە، بەڵام بەداخەوە وەك كاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، بەم هەنگاوەشی سەلماندی كەنایەوێت سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت و دەبێ خەڵكی خۆڕاگرو خۆشەویستی سلێمانی بپرسن: كە ئەو سەرۆك حكومەتە لەماوەی نزیكەی چوار ساڵدا چەند جار هاتووەتە ئەو سنوورە؟ هەر جارێكیش هاتبێ بۆ قردێلە بڕینێك هاتووەو خێرا گەڕاوەتەوە.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەكانی سلێمانی چی ناودەنێن؟ دواكەوتنی مووچە لەسلێمانی و دابەشكردنی لەهەولێر چی ناودەنێن؟ پیلانی كەمكردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت كەڵكی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتاو ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بەپیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی»، دەشپرسن «لەداهاتی ناوخۆش، ئەرێ بێ زەحمەت پێمان بڵێن كێ دەزانێ داهاتی ئیبراهیم خەلیل چەندە؟ ئەو لیژنانەی سەرۆكی حكومەت باسیان دەكات بۆ ناچن كۆنتڕۆڵی داهاتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران و خاڵە سنوورییەكانی تر بكەن؟».
هاوكات سەرۆكی حكومەت دانبەوەدا دەنێت كە لەكۆكردنەوەی داهاتدا كێشەی هەیەو دەڵێت» كێشە داراییەكان و بابەتی كۆكردنەوەی داهات، نزیكەی دوو ساڵە هەیەو دەیان كۆبوونەوە لەسەر ئەم بابەتە كراون و بەرچاوڕوونیی باش هەبووە بۆ چارەسەری. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانیش هەیە بۆ ناردنی هێزی هاوبەش بۆ دەروازە سنووریەكان، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی رێگر بوو و هەڕەشەی ئەوەیان كرد كەئەگەر ئەوە بكرێت شەڕی ناوخۆ روودەدات».
لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی روودەكاتەوە مەسرور بارزانی و دەڵێت» ئەگەر سەرۆكی حكومەت ئەوەندە چاكسازی خوازە، چەند ساڵە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان؟ تیمی یەكێتی رێگربوون؟، ئەوەش ئاشكرادەكات كەداهاتی كوردستان بەشی تەواوی مووچە دەكات، دەبا وەك چۆن لەو نامەیەی كە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داهاتی كوردستان یەكبخە و مووچەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەك خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت دوور لە فەلسەفەی دووئیدارەیی تاكو هەموو هاووڵاتیانی كوردستان سودمەند بن، قوباد تاڵەبانی بەمە كۆتایی بەبەیاننامەكەی دەهێنێت و دەڵێت: بەداخەوە ئەم كابینەیە خراپترین كابینە بووە لەمێژووی حوكمڕانی كوردستان».
سەبارەت بەكەیسی كوژرانی ئەفسەرەكەی دژەتیرۆر لەهەولێری پایتەخت، سەرۆكی حكومەت ئاماژە بەوەدەكات ئەوان هیچ لایەنێكیان تۆمەتبار نەكردووەو دەڵێت:» تەنیا ناوی چەند كەسێكی تۆمەتبار هەیە كەدەبێت رادەستی دادگا بكرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، بەفەرمی نووسراو ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لەسلێمانی كراوە. هەر لەسەرەتاوە، گوتوومانە با لیژنەی لێكۆڵینەوەی هاوبەش هەبێت و با لایەنی سێیەم، تەنانەت لەئاستی نێودەوڵەتیشدا، بەشداری لەلێكۆڵینەوەكە بكەن».
لەبەرامبەردا قوباد تاڵەبانی و تیمەكەی دەڵێن سەرۆكی حكومەت دەیەوێت بەزۆری زۆرداری یەكێتیی و چەند كەسایەتییەك لەناو یەكێتی تۆمەتبار بكات و ئاماژە بەوەشدەكەن دەزگا ئەمنییەكەی سەرۆكی حكومەت هەرزوو سیناریۆكەی خۆیان بڵاوكردەوەو دەیانەوێ بیكەنە ئەمری واقیع، باس لەوەشدەكەن هەر لەو جەرگەی هەولێرە هێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو هەڕەشەی چوونەسەر ماڵی جێگری سەرۆكی حكومەتی كردو هەر لەو جەرگەی پایتەختەش رۆژنامەنووس و دەیان و سەدان كەسیش تیرۆر دەكرێ و تاوانبار داڵدە دەدرێ و فەوجیشی بۆ دەكرێتەوە».
وەنەبێت پارتی هەر بەتەنیا بەبەیاننامەكەی سەرۆكی حكومەتەوە وەستابێت، بەڵكو تیمی پارتیش لەحكومەت هاتە دەنگ و لەبەیاننامەیەكدا هێرشدەكاتە سەر یەكێتی و بەوە تۆمەتباریان دەكات كەخودی قوباد تاڵەبانی ئاگاداری دۆسیەی نەوتە و یەكێتیش لەو پرۆسەیەدا بەشدارەو بەیەكێتیش دەڵێن ئەگەر لە گۆشتەكە بەشتان هەیەو بەشتان دەوێت، ئەوا لەگۆشتاوەكەشی كەمێك بخۆنەوە.
هەرچەندە نازانرێت چارەنووسی گرفت و كێشەكانی پارتی و یەكێتی بەكوێ دەگات، بەڵام وەك ئەوەی زۆرێك لەهاووڵاتیانیش لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسیبوویان، هەردوولایان ئەو رەخنەو سەرنجانەی كە لەسەر یەكتری بڵاویانكردووەتەوە بەداخەوە هەمووی راستەو هەردوولایان راستدەكەن، ئەوەشی دەمێنێتەوە كە لەو نێوەندەدا باج دەدات تەنیا هاووڵاتی سادەیە و بەدەست قەیران و گرفتەكانەوە دەناڵێنێت.