دیناری عێراقی بووەتە قوربانیی ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران
حزبو میلیشیاو سیاسییەكان سوودمەندی سەرەكیی ناجێگیریی نرخی دۆلارن
2 ساڵ لەمەوپێش
هێمن مەحمود
سەرەڕای هەموو هەوڵەكانی بانكی ناوەندی عێراق و لێدوانی بەرپرسان بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دیناری عێراقیدا كەماوەیەكە لەنرخی فەرمی بەرزتربووەتەوە، تائێستا بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی لەنێوان 155 هەزار بۆ 161 هەزار بەرزونزم دەكات، كەچی بازاڕەكانی دراو بەو هەوڵ و لێدوانانە تائێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر درووستنەبووە، راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش بڕوای وایە هۆكاری دابەزینی نرخی دینار كۆتوبەندی دەرەكییە، بەشێك لەسەركردە شیعەكانیش پێیان وایە پلانی ئەمریكایە بۆ تێكشكاندنی دراوی عێراقی، هەندێك بڕواشیان وایە دینار قوربانی ململانێكانی ئەمریكاو ئێرانەو عێراقییەكان باجەكەی دەدەن.
ئیحسان یاسری راوێژكاری بانكی ناوەندی دەڵێت بەمنزیكانە بەهای دۆلارێكی ئەمریكی بۆ هەزارو 470 دینار دەگەڕێتەوە، هەروەها هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەبازاڕە ناوخۆییەكان ئاشكرادەكات و دەڵێت « بانكی ناوەندی زیاتر لەساڵێك لەمەوبەر دەستیكردووە بەڕێكخستنی كەرتی دارایی بازرگانی دەرەكی، ئەویش لەڕێگای دروستكردنی ئەوەی پێی دەوترێت (پلاتفۆرم)، كەمیكانیزمێكە كەبانكەكان لەڕێگەیەوە داواكارییەكانیان بەرزدەكەنەوە بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییەكانی دارایی بازرگانی دەرەكی، بانكەكان ئەركی گەڕان بەدوای كڕیاردا ئەنجامدەدەن بەپێی ئەوەی بەئەركی (كڕیارەكەت بناسە) ناسراوە، واتە زانینی سروشتی كڕیارو سەرچاوەكانی پارەكەی، دواتر پارەكە بۆ بەرژەوەندی كڕیارەكە دەڕوات و دوای ئەوە كاڵاكان دەگەڕێندرێنەوە».
پێشووتر بانكی ناوەندی نرخی یەك دۆلاری بۆ وەزارەتی دارایی بەهەزارو 450 دینارو بۆ بانكەكان بەهەزارو 460 دینارو بۆ هاووڵاتیانیش بەهەزارو 470 دینار دیاریكردبوو، بەڵام لەئێستادا ئەو نرخانە بەجێگری لەبازاڕەكاندا نەماونەتەوە، ئەمەش مەترسی لەلایەن هاووڵاتیانەوە درووستكردووە، چونكە عێراق وڵاتێكی بەكاربەرەو زۆربەی بازرگانییەكەی لەڕێگای هاوردەوەیە لەوڵاتانی دەرەوەو بەمەش كاردەكاتە سەر ژیانی هاووڵاتیانی.
مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕوای وایە هۆكاری راستەقینەو بنەڕەتی دابەزینی نرخی دینار كۆتوبەندی دەرەكییە، بەڵام هادی عامری سەركردەی دیاری شیعەكان بڕوای وایە ئەمریكییەكان وەك چەكێك بەرزبوونەوەی دۆلار بەرامبەر دینار لەبەرامبەر عێراقدا بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی فشاری لێبكەن بەرەو رووی ئەوروپاو وڵاتانی دیكەی جیهاندا نەكرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەكات ئەمریكییەكان دۆلار وەك چەكێك بۆ برسیكردنی گەلان بەكاردەهێنن.
محەممەد ئال كازم باڵوێزی ئێران لەعێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە گوایە ئێران هۆكاری دابەزینی بەهای دینارەو رایگەیاندووە وڵاتەكەی هەمیشە پاڵپشتی سەرەكی بووە بۆ گەشەی عێراق و سەقامگیری و پێشكەوتنی، جەختیشی لەوەكردووەتەوە ئەو دەنگۆیانە بۆ لەخشتەبردنی رای گشتییەو لابردنی تۆمەتەكانە لەسەر ئەو لایەنەی هۆكاری سەرەكی ئەو دۆخەیە.
بەبڕوای چاودێرانی ئابووریش دیناری عێراقی باجی ململانێی ئەمریكاو ئێران دەدات لەسەر گۆڕەپانی عێراقیداو واشدەردەكەوێت ئەم كێشەیەی ئێستا نوێترین ئەڵقەی ئەو ململانێیە بێت، ئەویش بەهۆی ئەو كۆتوبەندانەی ئەمریكا خستوویەتیە سەر بانكە عێراقییەكان وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لەناردنی دۆلار بۆ ئێران و لەئێرانیشەوە بۆ لایەنگرو هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا.
ئەحمەد تەبەقشلی شارەزای بواری ئابووری بڕوای وایە بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندەو زانیارییە هەڵانەوە كە بڵاودەكرێنەوە هیچ بەڵگەیەك لەئارادا نییە بۆ ئەوەی ئەمریكا فشاری لەعێراق كردبێت تانرخی دینار دابەزێت، دەشڵێت هۆكاری دابەزینی نرخی دینار پەیوەستبوونی عێراقە بەچەند سیستەمێكی حەواڵەی نێودەوڵەتییەوەو پێویستە بانكەكانی عێراق جێبەجێی بكەن تاوەكو دەستیان بگات بەیەدەگی دراوی عێراقی لەئەمریكا.
لەئێستادا عێراق نزیكەی 100 ملیار دۆلار یەدەگی دراوی هەیەو بانكی فیدراڵی ئەمریكی لەسەدا 80ی داواكارییەكانی بانكەكانی عێراقی رەتكردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانن لەو پارەیان دەستبكەوێت ئەویش بەهۆی ئەوەی گومانیان هەیە پارەكە بڕوات بۆ هەندێك وڵات كە لەلیستی سزاكانی ئەمریكادان وەك ئێران و روسیا، ئەمەش وەهایكردووە لەبازاڕەكانی عێراقدا خواست بۆ دۆلار لەخستنەڕووی دۆلار زیاتر بێت و نرخەكەی بەرزببێتەوە.
دیاردەی زۆربوونی بانكەكان لەدوای ساڵی 2003ەوە لەعێراقدا سەریهەڵداوەو بەپێی پێوەرە ئابوورییەكان هیچ بیانوویەك نییە بۆ بوونی ئەم هەموو بانكە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیاسییەكان و حزبە دەسەڵاتدارەكان لەڕێگایەوە كاری ئاڵوگۆڕی دراوو ناردنی دۆلار دەكەن بۆ ئێران و وڵاتانی دەرەوە هەم ژمارەكە زۆربووە هەم رۆژانەش قازانجێكی خەیاڵی دەكەن لەمەزادی بانكی ناوەندی، بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی نرخی دۆلاریش دیاردەیەكە لەئێستا سەریهەڵنەداوە، بەڵكو لەساڵانی 2006 و 2014ەوە بەردەوامی هەیەو بەبڕوای چاودێران كۆمەڵێك سیاسی و حزب و میلیشیا دەستیان بەسەر بازاڕەكاندا گرتووەو پەنا بۆ ئەو بازرگانییە دەبەن تاقازانجێكی زۆرتریان دەستبكەوێت، ئەوەی دەمێنێـتەوە هاووڵاتیانی سادەی عێراقییە كە باجی ئەم هەموو بەرزو نزمییەی نرخی دینار و دۆلار دەدەن.