سوریا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی مەرجی قورسی بۆ تورکیا هەیە
مەزڵوم کۆبانێ: ڕوسیا لە نزیککردنەوەی تورکیا وسوریا سەرکەوتونابێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوریا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا مەرجێكی قورس بۆ ئەنقەرە دیاری دەكات، توركیاش لەگەڵا ئەوەی دەڵێت بەردەوامی بەپرۆسەی دانوستانەكان دەدەن، بەڵام باس لەوەشدەكات ئۆپراسیۆنی زەمینی بەگوێرەی ئاستی هەڕەشەكان ئەگەرێكی كراوەیە، ئەمریكاو بەریتانیاش دژی پرۆسەی ئاساییبوونەوەی ئەنقەرەو دیمەشقن، هاوكات مەزلۆم كۆبانێ دەڵێت: روسیا هەوڵدەدات كێشەكانی ئێستا لەسوریا چارەسەر بكات بەنزیككردنەوەی توركیاو رژێمی سوریا، بەڵام باوەڕم بەوە نییە كە ئەم جۆرە هەوڵانە سەركەوتوو بن.
لەكاتێكدا كەتوركیا سوورە لەسەر هەڵوێستەكەی و دەیەوێت ئەنجامێك بەدەستبهێنێت، بەڵام سوریا مەرجێكی قورسی خستە بەردەمی كەجێبەجێكردنی بۆ ئەنقەرە كارێكی ئاسان نابێت، ئەویش كۆتاییهێنانە بەدەستوەردانی سەربازیی توركیا لەخاكی سوریا.
پێشتر رژێمی سوریا بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا لەسەر ئاستی باڵادا هەڵوێستی خۆی دەرنەبڕیبوو، بەڵام لەگەڵ سەردانی حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ دیمەشق لە ١٤ی ئەم مانگەدا، رژێمی سوریا بەبوێرانە مەرجی سەرەكی خۆی بۆ بەردەوامی دانوستانەكانی لەگەڵ ئەنقەرە خستەڕوو كەئەویش پاشەكشێكردنی سوپای توركیایە لەنێو خاكی سوریادا.
ئەسەد: پێویستە توركیا كۆتایی بەداگیركەری بهێنێت
ئاژانسی هەواڵی سانای سەر بەڕژێمی سوریا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریاو حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانی ئاشكراكرد، كەبەشێكی تایبەت بووە بەدانوستانەكانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە. ئاژانسەكە رایگەیاندووە، هەرچەندە عەبدوڵلاهیان ئاماژەی بەوەكردووە كە تاران بەئەرێنی لەدانوستانەكانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق دەڕوانێت و پێیوایە لەبەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت، بەڵام بەشار ئەسەد لەمیانی كۆبوونەوەكەدا سووربووە لەسەر ئەوەی دیمەشق هیچ هەنگاوێك نانێت بۆ دانوستان لەگەڵ توركیا، ئەگەر دەست لەپاڵپشتیكردنی گروپە توندڕەوەكان هەڵنەگرێت و سەربازانی نەكشێنێتەوە كە ئەو گروپانەی وەك تیرۆریست و سوپای توركیاشی وەك داگیركەر لەقەڵەمداوە.
هەمان رۆژ، فەیسەل میقداد وەزیری دەرەوەی سوریاش كەچاوی بە عەبدوڵلاهیان كەوتووە، لەبارەی پرسی دانوستانەكانی توركیاو سوریا قسەی كرد، میقدادیش پێداگری لەسەر كۆتاییهێنان بەئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیاو پشتگیریكردن لەگروپە توندڕەوە جیهادییەكان لەنیو خاكی سوریا كرد.
لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی ئەلعەرەبی سعودی، راپۆرتێكی لەبارەی هەوڵەكانی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لەگەڵ سوریا بڵاوكردەوەو ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: بەشدار ئەسەد مەرجی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەیەو ئەسەد پێیوایە، پێویستە لەهەنگاوی یەكەمدا، ئەردۆغان پاشەكشێ بەسەربازانی لەئیدلب، عەفرین و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بكات.
رۆژنامەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، كێشەی سەرەكی دیمەشق ئەوەیە كەبەرپرسانی توركیا لێدوانی توندیان لەدژی سەرۆكی سوریا داوەو لەڕێگەی گروپ و كەسانی نزیكی خۆیان، دەیانەوێت خاكی سوریا كۆنتڕۆڵ بكەن و بەردەوامی بەئۆپراسیۆنە سەربازییەكان دەدەن و لەڕێگەی ئەو هەنگاوانە دەیانەوێت فشار دروستبكەن و وەك كارتێك لەدانوستانەكاندا بەكاریبهێنن.
ئاژانسی هاواری نزیك لەخۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستانیش لەبارەی پرسەكەوە، چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دكتور عەلا ئەلسەفەری لێكۆڵەرو شرۆڤەكاری پرسی نێودوڵەتی نزیك لەڕژێمی سوریا ئەنجامداوە، ئەلسەفەری پێیوایە، هەوڵەكانی توركیا پەیوەندیان بەهەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتەوە هەیە، بەڵام سوریا گرنگی بەهەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لەتوركیا نادات و بەلایەوە گرنگ نییە، ئەردۆغان سەربكەوێت یان ئۆپۆزسیۆن و دەڵێت: گرنگ ئەوەیە سوریا خاوەنی بەرنامەیەكی باشە بۆ كۆتاییهێنان بەهەبوونی توركیاو گروپە تیرۆریستییەكان لەنێو خاكەكەیدا.
توركیا تاوەكو ئێستاش بیر لەئۆپراسیۆنی زەمینی دەكاتەوە
دوابەدوای كۆبوونەوەی عەبدوڵلاهیان و سەرۆك و بەرپرسانی رژێمی سوریا، ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا بۆ ژماریەك میدیای جیهانی، لەبارەی پرسی دانوستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوریا قسەی كرد. كالن سەرەڕای ئەوەی ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا دەربڕی، بەڵام جارێكی دیكەو هەڕەشەی كردەوە.
ئیبراهیم كالن وتی: توركیا بەردەوامی بەپرۆسەی دانوستانەكان دەدات كە لەكۆتایی مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو لەمۆسكۆ دەستیپێكرد، بەڵام ئۆپراسیۆنی زەمینی بەگوێرەی ئاستی هەڕەشەكان ئەگەرێكی كراوەیە.
ئیبراهیم كالن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لەكۆتایی قسەكانیدا رایگەیاند، هەرچەندە بڕیارە لەناوەڕاستی مانگی شوباتدا، وەزیرانی دەرەوەی هەردوولا كۆببنەوە، بەڵام پێدەچێت بەر لەكۆبوونەوەكە، وەزیرانی بەرگری هەردوو وڵات كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن.
ئامانجی توركیا لەسوریا
لەبارەی هەوڵەكانی توركیا بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی سوریا، مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاكانی پەكەكە رایگەیاند، لەئێستادا ئامانجی دەوڵەتی توركیا لەناوبردنی مافی كوردە. ویستی رژیم لەناوببات، بەڵام وادیارە ئێستا وازی هێناوەو دەڵێت ئەمە ئامانجی ئێمە نییە. دەڵێت تاكە ئامانجمان نەهێشتنی «تیرۆرە». بێگومان روسیا رۆڵی هەیە لەم كۆبوونەوانەدا. روسیاش بەهۆی شەڕی ئۆكرایناوە لەدۆخێكی خراپدایە. لەبەرئەوەی گەیشتووەتە بنبەست وەك ناوبژیوانێك لەنێوان تورك و سوریادا مامەڵە دەكات، دەیەوێت بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی تورك كێشەی خۆی لەشەڕی ئوكراینادا چارەسەربكات، بەم شێوەیە روسیا پشتیوانی لەدوژمنایەتی تورك دەكات بەرامبەر بەكورد.
مستەفا قەرەسوو وتیشی: پێویستە لە روسیا بپرسین، ئایا تۆ هاوبەشی دوژمنایەتی توركیای بەرامبەر بەكورد؟ ئایا دەبیتە هاوبەشی دەوڵەتی توركیا؟ ئامانجی كورد دابەشكردنی سوریا نییە. كورد هیچ پلانێكی بۆ دابەشكردنی سوریا نییە. كورد دەیەوێت لەگەڵ حكومەتی دیمەشق چارەسەریەك بۆ قەیرانەكە بدۆزێتەوە.
پەیوەندیەكانی توركیاو سوریا
مەزلۆم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمونیتەری ئەمریكی باسی هەوڵەكانی توركیا بۆ خۆنزیكردنەوە لە سوریا كرد و وتی، « روسیا هەوڵدەدات كێشەكانی ئێستا لەسوریا چارەسەر بكات بەنزیككردنەوەی توركیا و رژێمی سوریا، بەڵام باوەڕم بەوە نییە كە ئەم جۆرە هەوڵانە سەركەوتوو بن. رژێمی سوریا هەرگیز سازش لەسەر داواكارییەكانی خۆی ناكات. سەرەكیترینیان ئەوەیە كە توركیا هەموو سەربازەكانی لەخاكی سوریا بكشێنێتەوە و توركیا دەست لەپشتیوانیكردنی چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوننە هەڵبگرێت. بەهەمان شێوە باوەڕم بەوە نییە كە رژێمی سوریا ملكەچی داواكارییەكانی توركیا بێت بۆ دژایەتیكردنی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا. نە دەتوانێت و نە بارودۆخیشی رێگەی پێدەدات».
هاوكات هوشیار ئوزسوی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی كۆبوونەوەكانی سوریاو توركیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی كرد، بەبۆچوونی ئوزسوی، ئاساییبوونەوەی پەیوەندیەكانی هەردوولا كارێكی ئاسان نابێت، بەهۆی ئەوەی بەریتانیاو ئەمریكا بەئاشكرا رایانگەیاند كە لەدژی پرۆسەكەن، بەو هۆیەوە ئەم پرسە لەدەستی ئەردۆغاندا نییە، لەسوریا شەڕێك هەیە كە ١٠ ساڵە بەردەوامە، ئەم دۆخە توركیا بەرەو روسیا پەلكێش دەكات، وڵاتانی رۆژئاواش ئەم هەنگاوە قبوڵ ناكەن، توركیا ئەندامی ناتۆیەو ئەردۆغان ناتوانێت، بەبێ رەچاوكردنی هەڵوێستی رۆژئاواییەكان بڕیار بدات.
هوشیار ئوزسوی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە توركیا سنورێكی ٩٠٠ كیلۆمەتری لەگەڵ كوردانی سوریادا هەیە، نابێت ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ سوریا لەسەر حسابی لەناوبردنی پێگەی كورد بێت، هەر دوژمنایەتیەك لەگەڵ كوردانی سوریا، كێشەی كوردانی توركیا قوڵتر دەكاتەوە.