ئێران روبەروی مەترسی بایكۆتی دیبلۆماسی وڵاتانی خۆرئاوا دەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییەكان دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی چوەتە قۆناغێكی مێژوییەوە و بەریتانیا وەك یەكەم وڵات باڵیۆزی خۆی لە تاران كشاندەوە و ئەمریكا مەرگی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران راگەیاند و لە ئاستی ناوخۆشدا هەڵوەرینی پەل و پۆی دەسەڵات دەستی پێكردوە و سوپای پاسداران لەبەردەم گەورەترین سزای ئەوروپادایە.
ئەگەرچی شەقام و گۆرەپانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ماوەیەكی كەمە خۆپیشاندانی بەرفراوانی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵام ئاستی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەكان لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئاماژەیە بە كاریگەریی ئەو ناڕەزایەتییانە كە 124 رۆژە بەردەوامە و بەرپرسێكیش حاشا لەوە ناكات ئەگەر دۆخی وڵاتەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت بایكۆتی سیاسیی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دژی تاران دەست پێدەكات.
ئێران لە ڕوی سیاسیی و سەربازیی و سەرمایەوە لەبەردەم بایكۆت و سزادایە بە جۆرێك لە دوای خۆپیشاندانەكانەوە هیچ ئاسۆیەكی رون لە كۆماری ئیسلامیدا بەدی نەكراوە و هیچ دەرگایەكیشی بە مەبەستی دەربازبون بەڕویدا نەكراوەتەوە و ئەوەش وای كردوە ئەو كۆمارە لە ناوخۆدا روبەڕوی هەڵوەرین و وقوڵبونەوەی ناكۆكییەكان ببێتەوە.
بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامی رایگەیاندوە؛ بایكۆتی سیاسیی و دیپلۆماسی هەڕەشە لە دەسەڵاتی وڵاتەكەی دەكات و بەرپرسێكی دیكەش پێشنیار دەكات دەسەڵاتدارانی تاران كارێك نەكەن كە خەڵكی وڵاتەكە هاوشێوەی سەردەمی پاشایەتی خۆشحاڵبن بە رۆیشتن و نەمانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسەكانیان.
بە گشتی ئەوەی بەدی دەكرێت ئەنجامی چوار مانگ ناڕەزایەتی و رژانی خوێنی دەیان كوڕ و كچی گەنجی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەسێدارەدانی دەستگیركراوانە كە كۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕێی نەدەكرد تا ئەو ئاستە كۆڵەكەكانی بهەژێنێت و شەمەندەفەرەكی بوەستێنێت.
بە پێی دوایین ئامار كە ناوەندی هەرانا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردوەتەوە ژمارەی كوژراوانی ناڕەزایەتییەكانی ئێران بۆ 524 كەس بەرز بوەتەوە كە 71 كەسیان تەمەنیان لە 18 سال كەمترە.
سوپای پاسداران لە بەردەم گەورەترین سزای ئەوروپا
سەرەڕای ئەوەی ئێران خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە پۆلیسی دژە خۆپیشاندان و چالاكیی مەدەنییە بەڵام لە ماوەی ناڕەزایەتییەكاندا زیاترین ئەندامی سوپای پاسداران لە بەرەنگاربونەوەی گەنجان و خۆپیشاندەراندا كوژراون بە جۆرێك لە كۆی ئەو 69 ئەندام و چەكدارە ئەمنییانەی كە كوژراون 51 كەسیان ئەندامی سوپای پاسداران بون.
ئەمیر حاجی زادە، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپای پاسداران رون و رەوان دانی بەوەدا ناوە كە بۆ سەركوتی خۆپیشاندەران سودیان لە رێ و رێبازەكانی قاسم سولەیمانی لە سوریا وەرگرتوە.
زۆربەی شارەزایانی سیاسی ناوخۆی ئێران و دەرەوە لەو بڕوایادان وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەوروپا دەتوانن بە دو كارتی فشاری سەرەكیی ئاستی سەركوتەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لە دژی ناڕەزایەتییەكان و خەڵكی وڵاتەكە كەم بكەنەوە كە ئەویش بایكۆتی دیپلۆماسی و سوپای پاسداران وەك تیرۆریست لەقەڵەم بدەن.
نزیكەی دوو مانگە بابەتی ئەوەی كە سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە لە ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا گەرمە بەڵام تەنها وڵاتی رۆژئاوایی كە ئەو كارەی كردبێت ئەمریكایە كە لە ساڵی 2019 ئەو سوپایەی خستە لیستی تیرۆرە و دوای ئەویش سەرەڕای ئەوەی وڵاتی كەنەدا رایگەیاند بەهۆی سەركوتی ناڕەزایەتییەكانەوە 10 هەزار ئەندامی سوپای پاسدارانی سزا داوە و گەشتی بۆ وڵاتەكەی لێ قەدەغە كردون و دەست بەسەر ئەژمارە بانكییەكان و سامانەكانی بەرپرساندا دەگرێت بەڵام تا ئێستا جگە لە ئەمریكا هیچ وڵاتێكی رۆژئاوایی سوپای پاسدارانی نەخستوەتە لیستی تیرۆری وڵاتەكانیانەوە.
پێكهاتە و دەسەڵاتی سوپای پاسداران
ناوی تەواوی سوپای پاسداران (سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی)یە كە هێزی ئاسمانی، دەریایی، بۆشای ئاسمان، قودس، بەسیج لەخۆ دەگرێت و هەر یەكەیان ئەركی دیاریكراوی خۆیان هەیە و تەنانەت كاری ئابوریی و بازرگانیی دەكەن و هەندێك سەرچاوەی ئاماری ئێران ئاماژە بەوە دەكەن 40%ئابوریی وڵاتەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەو سوپایەدایە كە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت و لە بەرامبەردا سوپا رەتی كردوتەوە سەرمایەكەیان گەورە بێت و دەڵێت هەمو سەرچاوە داراییەكانیان 1% ئابوریی وڵاتەكەیە.
دەسەڵاتەكانی سوپای پاسدارن بە شێوەی هەرەمییە و عەلی خامنەیی كە رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە هاوكات فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سوپای پاسدارانە لە لوتكەی ئەو هەرەمەدایە و دوای ئەو فەرماندەی گشتی سوپا و دواتر سەرۆكی ناوەندەكان زۆرترین دەسەڵاتیان هەیە.
ئەو سوپایە لە بنەمادا حكومەتێكە لە ناو دەسەڵاتی ئێران و چونكە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی سوپای پاسداران؛ ئەركی سەرەكیی ئەو هێزە چەكدارییە پارێزگارییە لە بەرژەوەندییەكانی دەسەڵاتی ئیسلامی و كۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران و هەر شوێنێك كە پێویست بكات واتە ئەو سوپایە سنورێكی رون و ئاشكرای بۆ جموجۆڵەكانی نییە و خۆی دەستكراوە كردوە لە هەوڵەكانی.
ئەمەش لە كاتێكدایە زۆربەی شارەزایان پێیان وایە ئەو هێزە كە دەبو سەروەریی خاكی ئێران بپارێزێت بەڵام ئەمڕۆ بە دەستوەردانەكانی لە وڵاتانی دیكەدا بوەتە هۆی ئەوەی سەروەریی ئێران و وڵاتان بخاتە مەترسیی گەورەوە چونكە لە عێراق هاوشێوەی خۆی دروست كردوە كە پێی دەوترێت (حەشدی شەعبی) و لە سوریا هاوشێوەیەكی دیكەی بە ناوی (جەیشی وەتەنی) و لە یەمەن بەهەموشێویەك هاوكاریی گروپی (ئەنساروڵڵا)ی سەر بە حوسییە شیعەكان دەكات و جگە لە دروستكردنی ئەم هاوشێوانە، لەكەس شاراوە نییە هاوكاریی هێزە چەكدارەكانی (حیزبوڵڵا)ی لوبنان و چەكدارەكانی فەڵەستین دەكات بۆیە رەنگە سزادانی ئەو سوپایە گەورەترین گورزی مێژویی بێت لە كۆماری ئیسلامی و دەسەڵات لە ئێران.
ئاڵنگارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران
ساڵانێكە ژمارەیەك لە كەسوكاری سەركردەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران با ئاشكرا یان نهێنی دەستبەرداری ئەو كۆمارە دەبن بەڵام ئەمساڵ و لە كاتی ناڕەزایەتییەكاندا وازهێنان و دەستبەرداربونی خانەوادە و بنەماڵەكانی رێبەر وەك لوتكەی دەسەڵات و وەزیر و بەرپرسی باڵای گرتەوە.
هەر لە بنەماڵەی عەلی خامنەیی، بەدریە خامنەیی، تاقانە خوشكی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران حاشای لە براكەی و كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و بەوەش نەوەستایەوە و رایگەیاند 13 ساڵە نە بروای بە براكەی و نە دەسەڵاتەكە نەماوە كە ئەو بڕیارەش پێدەچێت لە ژێر كاریگەریی دەستگیركردنی فەریدە مورادخانی، كچی بەدریە و خوشكەزای خامنەیی بێت كە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی وڵات و بانگەشە لە دژی كۆماری ئیسلامی زیاتر لە مانگێكە لە زینداندایە.
سەرەڕای ئەوانەش لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەكبەری كە فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران و راوێژكاری وەزیری پێشوتری بەرگریی كۆماری ئیسلامی بو بە یەكێكی دیكە لە هەڵوەرینی لق و پۆپەكانی كۆماری ئیسلامی ئەژمار دەكرێت كە پێدەچێت سەری عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئێستای ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی كۆماری ئیسلامی ئێران بخوات.
سەرچاوەكانی سوپای قودس سەر بە سوپای پاسداران بڵاویان كردوەتەوە كە عەلی شەمخانی لە پۆستەكەی لادەبرێت و لە بەرامبەردا سەرچاوكانی نزیك لە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایش ئەو دەنگۆیانەیان رەت كردوەتەوە كە ئەوەش ئاماژەی ململانێكانی بەرپرسان و فەرماندەكانی كۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی خێزان و حوكمڕانیدا نەماوە و بە ئاشكرا لە میدیا و سۆشیال میدیاكانیان جاڕی شەڕی راگەیاندن و تێكشكاندنی یەكتر دەدەن.
عەلی شەمخانی كە پێشتر وەزیری بەرگریی ئێران بوە و عەلیڕەزا ئەكبەری راوێژكاری سەرەكیی بوە، بە ئەگەری زۆر بڕیاری دورخستنەوەی دەدرێت چونكە ئەكەبەری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا لە لایەن دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە درا.
ئەكبەری كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بو لە لایەن ئێرانەوە دەیان بەڵگەی لەسەر بڵاو كراوەتەوە كە دەستی هەبوە لە ئاشكراكردنی پلانەكانی كۆماری ئیسلام بۆ دەربازبون و خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەكان و هاوكات زانیاریی لەسەر موحسین فەخریزادە كە بە باوكی ئەتۆمیی ئێران ناودەهێنرا رادەستی وڵاتان كردوە و هەر ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی فەخریزادە لە ساڵی 2020 و لە هێرشێكی ئاڵۆز و ورددا لە ناوخۆی ئێران لە لایەن ئێسرائیلەوە بكوژرێت.
تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران راپۆرتێكی بڵاو كردوەتەوە كە وەزارەتی هەواڵگریی ئێران زیاتر لە دو ساڵ بوە گومانی لە ئەكبەری هەبوە تا توانیویانە بە چاودێرییكردنی ئەو بەرپرسە، بیسەلمێنن كە لە بەرامبەر وەرگرتنی نزیكەی دو ملیۆن دۆلاردا زانیاریی نهێنی بە دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ناسراو بە ئێم ئای شەش(MI6) فرۆشتوە.
لە چوارمانگی ناڕەزایەتییەكاندا زۆرترین ناكۆكیی ناو بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرابوە و لە میدیاكانی جیهانیش بە كەوتنی دۆمینەكانی ئەو كۆمارە وەسف دەكرێن بە زمانێكی دیكە ناڕەزایەتییەكان گەڵای بەختی وەراندون و رۆژانە ناكۆكیی بەرپرسان قوڵتر دەبێتەوە و باڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامیش پێچەوانەی ناڕەزایەتییەكانی رابردو زۆر بێدەنگن ئەگەرچی بەشێك لەو بێدەنگییە پەیوەستە بەوەی گەورەترین ترسیان لە كۆتایی سیستمی كۆماری ئیسلامی لە ئێران هەیە بەڵام ناكۆكییەكان وای كردوە بواری سەرهەڵدانی زۆر بەو باڵە لە ناوخۆی وڵاتەكە نەدرێت.
پێشتر لە میدیا فەرمییەكانی ئێران وا بڵاو كرایەوە كە 227 پەرلەمانتار لە كۆی 290 پەرلەمانتار لە بەیاننامەیەكدا داوایان كردوە ئەوانەی لە ناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون دەستبەجێ لەسێدارە بدرێن بەڵام رۆژنامەی (شەرق) كە نزیكە لە باڵی ریفۆرمخوان بڵاویكردوەتەوە ئەو ژمارەیە تەنها بانگەشەیەكی میدیایی بوە چونكە بە پێی بەڵگەكان تەنها نزیكەی 100 كەس ئەو بەیاننامەیان واژۆ كردوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا ئەو زانا ئاینییانەی شیعە كە خاوەنی پێگەن و وەك مەرجەع و لێوەگەڕی شیعە لەقەڵەم دەدرێن هیچ جۆرە دژایەتییەكیان بۆ ناڕەزایەتییەكان و دژی خەڵك یان تەنانەت بۆ پشتیوانیی لە دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی دەرنەبڕیو كە ئەوەش بۆ زانا ئاینییەكانی شیعە لە عێراق و بە تایبەت لە بێدەنگیی عەلی سیستانی زیاتر زەق دەبێتەوە.
خۆپیشاندانی مێژویی ئەوروپا دژی سوپای پاسداران
رۆژی دوشەممە بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە چالاكوانان و دانیشتوانی كورد و ئێرانی لە ئەوروپا، خۆپیشاندان دژی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆڕگ لە فەڕەنسا بەڕێوچو و سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لە خۆپیشاندانەكەدا رایگەیاند دەبێت بەرپرسانی سێدارە و سەركوت لە ئێران سزا بدرێن.
خۆپیشاندەران بە رێپێوان چونە بەردەم پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگ و داوای سزادانی سوپای پاسداران و ئەو بەرپرسانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد و رۆبێتا مێتسۆلا سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە وتارێكدا بۆ خۆپیشاندەران رایگەیاند؛ دەبێت بەرپرسانی سەركوت و سێدارە بكەونە بەردەم بەرپرسیارەتییەوە و ئەوروپا لەو پێناوەدا هەمو هەوڵێك دەدات.
مێتسۆلا وتی: خۆپیشاندەران لە شوێنە راست و دروستەكەی مێژودا وەستاونەتەوە و هاوڵاتییانی ئێران مێژوییان دروستكردوە بۆیە ئەوروپا پشتیوانیان لێدەكات.
پۆلیسی فەڕەنسا رایگەیاندوە؛ ژمارەی بەشداربوانی ئەو خۆپیشاندان و رێپێوانە زیاتر لە 12 هەزار كەس بوە و ئەوەش یەكێكە لە گەورەترین خۆپیشاندانەكانی مێژوی شاری ستراسبۆرگ كە لە زۆربەی شارەكانی دیكەی ئەوروپاوە چالاكوانانی كورد و ئێرانی و ئەوروپی بەشدارییان تێدا كردوە.
بایكۆتی سیاسی و دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی بەڕێویە
محەمەد سەدر، ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژنامەی (ئیعتماد)ی چاپی وڵاتەكەی راگەیاندوە؛ ئەگەر سیاسەتە هەڵەكان لە ناوخۆی ئێران بەردەوامبێت بە ئەگەری زۆر ژمارەیەك لە وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەوروپا باڵیۆزەكانیان لە تاران بكشیێننەوە و باڵیۆزەكانی كۆماری ئیسلامیش لە وڵاتەكانیان دەربكەن.
زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت بەریتانیا و ئەمریكا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دژایەتیی رون و ئاشكرای خۆیان دەربڕیوە دژی سەركوت و سێدارە لە لایەن دەسەلاتی ئێرانەوە، لەندەن رۆژی یەكشەممە (14/1/20223) رایانگەیاند لە كاردانەوەی لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەكبەری جێگری پێشوتری وەزیری بەرگری ئێران كە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە باڵیۆزەكەیان لە تاران كشاندوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رونی كردوەتەوە ئەو كشانەوەیە كاتییە و بە مەبەستی راوێژ دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر دەسەڵاتی تاران كە ئەوەش ئاماژەیەكی دیكەیە كە هاوشێوەی ئەوروپا ئامادەكاریی دەكەن بۆ سەپاندنی سزای كاریگەر دژی دەسەڵاتی ئێران.
ئێران تەنها چەند كاتژمێرێك دوای داواكاریی ئەمریكا بۆ راگرتنی سزای لە سێدارەدان، ئەكبەری لەسێدارەدا بۆیە ئەو بێباكییە بە دڵنیاییەوە لە لایەن واشنتۆنە بێ وەڵام نابێت بە تایبەت كە ئەو بەرپرسەی پێشوی سوپای پاسداران و كۆماری ئیسلامی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانی بوە و لەندەن بە توندی و بە راشكاوی رایگەیاند؛ وەڵامی توندی بۆ ئەو هەنگاوەی ئێران دەبێت.
بەریتانیا و ئەمریكا كە دژی لەسێدارەدانی چوار گەنجی دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان هەڵوێستیان دەربڕیبو ئاستی كاردانەوەكانیان بە ئاستی لەسێدارەدانی ئەكبەری توندنەبو و ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانەی رۆژئاوا چیتر سەر زارەكی و تەنها بە لێدوان دژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی هەڵوێست دەرنابڕن و هەنگاوی كردارییان دەبێت.