پەیامێكی بێپەلە...!!!
2 ساڵ لەمەوپێش
د.کامەران مەنتک
پەیامێكی بێپەلە...!!!
هەر كاتێك سەرۆكی حكومەت پەیامێكی بەپەلە بڵاو دەكاتەوە، جێگرەكەی راستەوخۆ پەیامێكی لەدوای ئەو بڵاودەكاتەوە، وەك ئەوەی پێشبڕكێ لەسەر نووسینەوەی ئەو پەیامانە بكەن وبزانن كامەیان زووتر بڵاوی دەكەنەوە! نازانم بۆچی ئەو پەیامانە هێندە بەپەلەن، لەكاتێكدا لەهەموو شتێكدا زۆر هێمن ولەسەرەخۆن وهەموو شتێك لەو وڵاتەدا بەهێمنی ولەسەرەخۆیی بەڕێوە دەچێت! چەند هاوڵاتییەكی كورد لە توركیا تیرۆر كران، ئێ كەی ئەوە پێویستی بە پەیامی بەپەلە هەیە، خۆ رۆژانە فڕۆكەكانی توركیا گەنجەكانی كورد لە باشووری كوردستان تیرۆر دەكات، هیچ پەیامێكی بەپەلەش بلاونابێتەوە، خەریكە توركیا دارستانەكانی كوردستان لەرەگەوە دەردەهێنێت، ئەو دار بەڕووەی تەمەنی لە دوو سەد ساڵ رەتیداوە، بە چەند خولەكێك لەرەگەوە هەڵدەتەكێنرێت، ئەو كچە كوردانەی تەمەنی سەوزی خۆیان پێشكەش بە نیشتمان كردووە، لەلایەن جەندرمە توركەكانەوە لە قووڵایی هەرێمەوە سوكایەتیان پێدەكرێت دواتر گوللە باران دەكرێن، كەچی هیچ پەیامیكی بەپەلە بڵاوناكرێتەوە! توركیا ئەشكەوت بە ئەشكەوتی كوردستان دەگەڕێت، دوای ئەوەی چەكی كیمیایی، یا تەنانەت چەكی ئەتۆمی سەرەتایش بەكاردەێنیت، بۆ تیرۆر كردنی گەنج ودڵسۆزانی كورد، ئینجا بە تیئێنتی دەیتەقێنتەوە، خەریكە كوردستان وێران دەكرێت، لەباشوور گەنجانی كورد لەوڵات رادەكەن ولە ناوەڕاست وباشووری ئێراقی خۆشەویستیش گەنجانی برای عەرەبی چاوڕەش بە راكردن بەرەو بانگەوازی كڕینی شوقەو ڤیللای ئەو بەرپرسانە دێن، كە نیشتمانیان خستۆتە مەزادەوە، ئەگەر كار وابڕوا سەوزایی بەو نیشتمانەوە نامێنێت، كەچی سەرۆك وجێگرەكەی نەك پەیامێك، بەڵكو نووزەیەكی بەپەلەش بڵاوناكەنەوە، سەیرە نازانم چۆن چاویان رووداوێكی دوورە دەستی ناو توركیا دەبینێت، كەچی هی ناوەوەی كوردستان، كە لەبەر لووتی خۆیانە نابینێت،!؟ وەك ئەوەی ئەوانەی لەناوەوەی كوردستان دەگوزەرێن ئاسایی بێت، كاكە چیتر پەیامی بەپەلە بڵاو مەكەنەوە، هەم ئێوە پشوو درێژوو بەسەبرن، هەم خەلكی كوردستان، لەكاتیكدا، كە هیچ شتێك پەلەی تیا نەبێت، بۆ دەبێت پەلە لەو چەند وشەیە بكەن، ئاخر دەزانن ئەو پەیامە بەپەلەیە لەسەر خەڵكی كوردستان چەند دەكەوێت، ئەو رۆژنامەنووس، یاخود فەرمانبەر، یاخود چاوساغەی هەواڵە دێنێت، مووچەی خۆی وەردەگرێت، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك جێگرەكەی چەندین فەرمانبەریان هەیە، ئەوانیش مووچە وەردەگرن، ئەو هەموو میدیایە فەرمی ونافەرمی، سێبەرو بەرهەتاوەی لەكوردستان هەیە، بەهەزاران رۆژنامەنووس وكامیرەمان پەیامنێرو ... هتد كاری تیا دەكەن، ئەوانە هەموویان مووچە وەردەگرن، ئەو هەموو كەناڵە تەلەفزیۆنە ئاسمانی وزەمینییە هەیە، كە پێویستیان ئامێری گرانبەهاو ژووری میكیاژ ورازاندنەوەی بێژەرەكان هەیە، ئەوە هەمووی خەرجی دەوێت، جگە لەتێچووی بڵاوكردنەوەی، ئەو هەموو پەیامە بەپەلە بۆ میللەتێكی خەوتوو، كە رەنگ بێت هەر تاقەتی نەمابێت گوێتان لێبگرێت، ئەگەر لەتەلەفزیۆن بڵاوبكرێتەوە، لەوانەیە رووی وەرگێڕیت وتەلەفزیۆنەكە دابخات، ئەگەر لەسوشیال میدیا وەك هەواڵ بۆی بچێت، لەوانەیە هەزارەها كۆمێنتی نەشیاو بنووسێت یا مۆبایلەكەی بكوژێنێتەوە، یاخود تا دەستی تێدایە فڕیی بدات، بەڵام لێتان ناشارمەوە تەنیا رەنگ بێت یەك سوودی پڕ بایەخی دەبێت، ئەویش ئەوەیە بەو هەموو كۆمێنت نووسینە، بەهەزارەها جنێوی نوێ پەیدا دەبن وفەرهەنگی جنێودانی كوردی دەوڵەمەندتر دەكەن!!! ئەگەر هەواڵە بەپەلەكەس لە رۆژنامەیەكی ئاسایی بلاوببێتەوە، ئەوە تا دەگاتە دەستی خوێنەر، كاتێكی زۆری دەوێت وهیچ پەلەپەلیەكی تیادا نامێنێت، بۆیە رۆژنامەكە تەنیا بۆ سفرەی خواردن بەكاردەهێنرێت، یاخود جامی ئەو پەنجەرانەی پێ پاكدەكرێتەوە، كە دووكەڵی پاڵاوگە نایاساییەكان روو رەشی كردوون، بۆیە تكایە چیتر ئەو پەیامە بەپەلانە بلاو مەكەنەوە، ئەگەر وڵاتێك سووتماك بكرێت ونەتەوەیەك وڵاتی هەڕاجبكرێت وخۆشی لەرەگەوە هەڵبكەنرێت وجینۆساید بكرێت، هیچ پەیامێكی بەپەلە نەبێت، چی تیایە ئەگەر لەسەر خاكی توركیاش جارناجار ئاڵای كوردستان ریسوا بكرێت، یاخود چەند گەنجێكی كورد تیرۆر بكەن!؟ بۆیە تكایە چیتر ئەو پەیامە بەپەلانە بلاومەكەنەوە وئەو زەرەرە لە خۆتان وگەلی كوردی قارەمان مەدەن!!!.