مەکگۆرگ و پەیامەکانی
2 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، برێت مەکگۆرگ و وەفدێکی باڵای ئەمەریکی سەردانی بەغداو هەولێریان کرد، چاویان بە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێم کەوت و پەیامی ئیدارەی ئەمەریکییان پێگەیاندن.
بەرپرسانی عێراقی دۆسیەی سنور بەزاندنی تورکیایان خستووەتە بەردەم مەکگۆرک و داوای هاتنە خەتی ئەمەریکایان لە بەرانبەر سنور بەزاندنی تورکیا کردووە و جەختیانکردووەتەوە”پێچەوانەی هاوپەیمانان کە بەرەزامەندی عێراق و لە دۆخێکی تایبەت دا هاتوونەتە وڵاتەکە، بەڵام تورکیا بێ پرس و حسابکردن سەروەری عێراق پێشێل دەکات.”
مەکگۆرک داواکاریەکەی عێراقی خستووەتە نێو جانتاکەی، بێ ئەوەی هیچ بەڵێنێک بدات.
پەیامی مەکگۆرک بۆ عێراق سەقامگیری و پاراستنی ئەمنیەتی عێراق بووە، چونکە جیهان پێویستی بە وزەیە لەمکاتەدا، داوای باشکردنی پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ هەرێم ليکردوون.
مەکگۆرک بە ڕوونی داوای لە عێراق کردووە مەسەلەی بردنە دەرەوەی دۆلار چارەسەر بکەن و داواشی لێکردوون خۆیان بەدوور بگرن لە خۆ یەکلایی کردنەوە بەلای ئێران دا.
پەیامی مەکگۆرک بۆ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی جیاوازتر بووە، بە ڕوونی پێیوتوون ئەمەریکا لە جیهان دا سەرقاڵی زۆر کێشەی ترە و کەم دەیپەرژێتە سەر هەرێم، بۆیە دەبێت بارگرژییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی ئۆباڵی کێشەکانیان خستووەتە ئەستۆ ی یەکتری، بەڵام پەیامەکەی مەکگۆرک ڕوون بووە و داوای “ عاقڵ” بوونی لێکردوون و هەردوولایان لێیتێگەیشتوون.
بارزانی داوای بەرگری کردن و پاراستنی هەرێمی لە مەکگۆرک بووە، بە تایبەت لە بەرانبەر ئەو هێرشە درۆنیانەی ناو بەناو دەکرێنە سەر هەرێم.