سبەینێ رۆژێکی چارەنوسسازە بۆ هەدەپە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سبەینێ دادگای دەستووری تورکیا لەبارەی داواکاری هەدەپە بۆ دواخستنی بڕیاری داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکە کۆدەبێتەوە.
چەند رۆژ لەمەوبەر میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) داوایەکی پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کردبوو، کە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بڕیار لەسەر دۆسیەی داخستن یاخود دانەخستنی پارتەکەی بدرێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت، چارەنووسی هەدەپە بگۆڕێت، بەو پێیەی ئەگەر پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) شکست بهێنێت، ئەگەرێکی زۆر هەیە دۆسیەکە دابخرێت. بەهۆی ئەوەی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی جەهەپە چەندین جار رایگەیاندووە کە ئەوان لەدژی داخستنی هەدەپەن.
دادگای دەستووری تورکیاش رایگەیاند، سبەینێ لەبارەی داواکاریەکەی هەدەپە کۆدەبێتەوە کە لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری لە ١٥ کەس پێک دێت و لەو ١٥ کەسە پێویستە ١٠ کەس دەنگ بە بڕیاری کۆتایی لیژنەکە بدەن.
دوێنێ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپ)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا وتیبووی، نابێت لەمە زیاتر بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا دوابکەوێت و پێویستە کۆتایی بە هەدەپە بهێنێت، کە پشتگیری لە "تیرۆر" دەکات."
میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەمان رۆژ وڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بە تۆن قفڵ بهێنن بۆ داخستنی پارتەکەیان، کلیلی کردنەوەیان پێیە و کاریگەری لەسەر خەباتیان نابێت.
٥ی ئەم مانگە، دادگای دەستووریی تورکیا بودجەی هەدەپەی بەشێوەیەکی کاتی بڕیبوو.
بۆ یەکەمجار ١٧ی ئازاری ٢٠٢١، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووری لەلایەن بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، تۆمار کرا بۆ داخستنی هەدەپە. تۆمەتەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە هۆی کەموکورتی لە دۆسیەکەدا رەتکرایەوە.
بەڵام بەکر شاهین لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمار کردەوە. دادگای دەستووریش، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵا نوێیەکەی پەسەند کرد. دواتر هەدەپە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرگریینامەی خۆی بە فەرمی  پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد.
10ی ئەم مانگەش لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری، لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەداوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار