رێكخراوەكان سەبارەت بەپرسی جێـندەر دابەشی دوو بەرەی جیاوازدەبن
2 ساڵ لەمەوپێش
نایدە ئەحمەد
رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لەكوردستان بەتایبەت رێكخراوەكانی ژنان سەبارەت بەپرسی جێندەر دابەشی دوو ئاراستەی جیاواز دەبن و بەشێك لەڕێكخراوەكان بەرگری لێدەكەن و دەڵێن كاركردنە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لەبارەی یەكسانی ژن و پیاو، لەبەرامبەردا رێكخراوەكانی سەر بەحزبە ئیسلامییەكان دژی دەوەستنەوەو پێیانوایە رێگایەكە بۆ تێكدانی كۆمەڵگا.
رێزان شێخ دلێر چالاكوانی مافەكانی ژنان بەهاوڵاتی راگەیاند:» لەهەرێمی كوردستاندا زۆرێك لەڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسایەتی سیاسی ژنمان هەیە، بۆیە بیرمانكردەوە رێكخراوێكی گەورەی هەوپەیمانی ژنانی كوردستان دروستبكەین ، یەكێك لەخاڵە سەرەكییەكانی یەكسانی جێندەرییە، كەهەموومان پێكەوە كاردەكەین بۆ یەكسانی مافەكانی ژنان لەناو كۆمەڵگادا، لەهەمانكاتدا كەمكردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی كەبەرامبەر ژنان دەكرێت، دەرگاشمان كراوەیە بۆ هەر رێكخراوێكی تر كەبیەوێت بێتە ناو هاوپەیمانێتیەكەمان».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «یەكێك لەكارە سەرەكییەكانی ئێمە یەكسانی جێندەرییە، حكومەت خۆی سەنتەرێكی كردەوە بۆ وشیاركردنەوەی كوڕان و كچان لەناو زانكۆكان بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی لەم رێگەیەوە كاتێك كوڕێك یان كچێك كەدەچێتە زانكۆو دواتر خێزانێك پێكدەهێنیت دەزانێت چۆن رێز لەخێزانی بگرێت».
وتیشی: زۆر بەداخەوە ئێستا لایەنە سیاسییە ئیسلامییەكان كە ئەمە جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ كەسێك كەپێی دەوترێت مسوڵمان وەك ئێمەش كەخۆمان بەمسوڵمان دەزانین، راهاتوین لەسەر كلتوری ئیسلامی، بەڵام جارێكی تر دەیڵێمەوە زۆر بەداخەوە ئەوەی كەدەیڵێم روودەدات لەلایەن ئەم حزبە ئیسلامییانەوە روویانكردووەتە ئەم جۆرە قسانە بەكارهێنانی وشەی جێندەر كەخۆیان ناویان لێناوە بەواتای هاوڕەگەزخوازیی، لەكاتێكدا هیچ كەسێك هەر نەیتوانیوە باسی هاوڕەگەزخوازی بكات كەئەوان باسیدەكەن، لەكاتێكدا هاوڕەگەزخوازی تاوانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، لەبەرئەوە ئەو بابەتانەی كەتاوانن سەرچاوەكانمان لەشەریعەتی ئیسلامەوەیە كە ئەم هاوڕەگەزخوازییە بەپێی شەریعەتی ئیسلام تاوانە كەئیسلامییەكان باس دەكەن، هەر بابەتێكیش تاوان بێت نە ئێمەو نە هیچ رێكخراویك كاری لەسەرناكات».
ئەو چالاكەی مافەكانی ژنان ئاماژەی بەوەشكرد: لەبەرئەوەی ئێمە نزیكی هەڵبژاردنەكان دەبینەوە دەیانەوێت لەم رێگەیەوە لەهەندێ لەكەسایەتییەكان بدەن و ناشرینیان بكەن ، یاخود ئەو رێكخراوانەی كە لەبواری یەكسانی جێندەری كاردەكەن لەكەداربكەن، هەموومان لەگەڵ پێكهێنانی خێزانێكی ئارام و بێ توندوتیژیداین و منداڵی بەپەروەردەمان هەبێ ئێ خۆ ئێمەش هەر داوای ئەمەدەكەین».
رێزان شێخ دلێر وتیشی: ئەگەر لەگەڕەكێك عائیلەیەك هاوڕەگەزخوازبێت هیچ كەسێك نزیكیان ناكەوێت بەهەموو شێوەیەك رەد دەكرێتەوەو تاوانە ئیتر چۆن پشتگیری دەكەین، ئێمە خزمەتی گۆمەڵگا دەكەین نەك روبەڕووی كۆمەڵگا بوەستینەوە، با بگەڕێن ئەگەر یەك خاڵیان دۆزییەوە كەئێمە پشتگیری لەو جۆرە كارانە بكەین ئەوە حەقی خۆیانە قسەبكەن».
لەبەرامبەردا مونیرە عەلی عەبدولعەزیر چالاكوان لەرێكخراوی خوشكانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: هەمیشە كارمان لەسەر وشیاكردنەوەی ئافرەتان كردوە بەناساندنی ئەرك و مافەكانیان، خوشكانی ئیسلامی تۆڕێكی هاوبەشمان هەیە كەمانگانە كۆبوونەوەی خۆمان هەیە، داواكارم بەهێزتری بكەین بۆ رێگەگرتن لەو پرۆسە گۆڕانكارییە خراپەی هێنراوەتە وڵاتەكەمانەوە بەناوی یەكسانی جێندەری، تائێستا ئەوانەی كەداوای یەكسانی جێندەری دەكەن رووی راستەقینەی خۆیان دەرنەخستبوو سەرەتا بەناوی راگرتنی باڵانسی یەكسانی جێندەری لەنێوان ژن و پیاو دەركەوتن ، بەڵام ئەوەی پشتگیری لەگۆڕینی رەگەزو هاوڕەگەزبازی دەكرێت، ئەمانە هەمووی دژە زانست و ئایین و دابونەریتە، ئەوان بەئاشكرا ماهیەتی خۆیان دەرخستوە، ئێمەش بەئاشكرا دژایەتییان دەكەین و بەهیچ جۆرێ رێگەیان پێنادەین ئەو دابونەریتە پیسە بهێنرێتە ئەم كوردستانە».
وتیشی: ئاگادارین جێگری سكرتێری گشتی نەتەوەیەگرتووەكان دێتە ئەم وڵاتە و هیچ پەیامێكی مرۆڤایەتییان پێنییە تەنها بۆ تێكدان روو لەم وڵاتە دەكەن، ئەو گۆڕانكاریانەی لەڕێگەی زەختێكی نێودەوڵەتی و فشار خستنەسەر حكومەت ئەیسەپێنن، ئێمە لەڕێگای وشیاركردنەوەی تاكەكان و جەماوەر رێگری لێدەكەین، چونكە نموونەی وڵاتی سویدمان لایە بەحساب یاسای یەكسانی جێندەری جێبەجێ دەكات، تەنانەت وەزیری كاروباری یەكسانی جێندەری هەیە، بەڵام هیچ لەمەینەتییەكانی ژنانی كەمنەكردووەتەوەو ئیشی ماڵ هەر لەسەر ژنە نەك هەر یەكسان نین بەڵكو جیاوازی مووچەش لەنێوان ژن و پیاو هەیە ، لەبەرئەوە ئەم یەكسانی جێندەرییە تەنها فەسادی و بەدڕەوشتی زیاد كردووەو ئاشتی كۆمەڵایەتی تێكداوە، هەر ئەوەشنا هۆڵەنداو فەڕەنساو دانیمارك لەبەرچاومانن چۆن خێزان تێیدا هەڵوەشاوەتەوەو رۆژانە تاك دەستدرێژی دەكرێتە سەری و ژنان دەكوژرێن، ئەمانە هەمووی نموونەی وڵاتی فاشلن لەپەیڕەوكردنی یەكسانی جێندەری، ئامانجیان تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتییە لەڕێگای سیستمێكی جیهانی كە لەڕێكخراوی نەتەوە یەگرتووەكانەوە سەرچاوە دەگرێت بەزۆر بەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفەریقا دەسەپێنن، ئێمەش رێگری لەئامانجە پیسەكەیان دەكەین.
مونیرە عەلی عەبدولعەزیر راشیگەیاند: لەگەڵ هەموو رێكخراوەكانی خوشكان هەموو كارێك دەكەین بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەمەترسییەكانی یەكسانی جێندەری و هەوڵیشدەدەین لەداهاتوو رێكخراوێكی گەورەی خوشكانی ئیسلامی پێكبهێنین.