كورد بێ سەركردەیەكی كاریزمی پـێـشەنگی ناڕەزایەتـــییەكـانی ئێران دەكات

جگە لەڕۆژهەڵات لەبەشەكانی تریش كورد بـــەشدارێكی چالاكە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كور رۆڵی سەرەكیی لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەگێڕێت و دروشمەكان دەرخەری ئەو راستییەن چونكە دەستپێكی ئەو سەرهەڵدانانە بەدروشمی «ژن ژیان ئازادی» دەستیپێكردو بەدروشـی « ئەگەر تاران ببێت بەكوردستان، ئێران دەبێت بەگوڵستان» بەردەوامە.

رێكخراوبوون و پێداگریی كورد لەو ناڕەزایەتییانە خاڵی جیاوازییەكی بەرچاو بوو بەراورد بەناوچەكانی دیكە، چونكە زیاتر لەسەدەیەكە كورد بەڵێی بۆ هیچ دەسەڵاتێكی ناوەند لەئێران نەكردووەو پاشاو رێبەری لەتاران بەستەمكارو داگیركەر ناوهێناوەو بەرەنگاری بووەتەوە.

ئەگەرچی كورد لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەدا سەركردەیەكی دیاریكراوو یان رێبەرێكی دەستنیشانكراوی نەبوو، بەڵام سەرجەم هێزو لایەنەكان و تەنانەت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ناكۆكییەكی ئەوتۆیان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات نەبووە سەرەڕای هەندێك ململانێی لاوەكی كەزیاتر لەدەرەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان هەستی پێكراوە تا لەناوخۆ لەناو خاك و خەڵكی كورد لەو بەشەی كوردستان.

 

كورد بەبێ سەركردە پێشەنگە

لەماوەی 130 رۆژی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هیچ سیاسەتمەدارو سەركردەیەكی كورد بانگەشەی ئەوەی نەكردووە پێشەنگی ئەو ناڕەزایەتییانەیە یان رێبەرایەتی و سەركردایەتیی جوڵانەوەكانی ئەو بەشە لەكوردستان دەكات، بەڵام ناوی سەركردەو رێبەرە شەهیدكراوەكانی كورد لەقازی محەمەد تاسەركردە كۆچكردوو گیانبەختكردوەكانی دیكە وێردی سەر زمانی خەڵكی كورد بووەو ئەوەش لەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵات بڵاوكراونەتەوە بەدیدەكرێت و دەبیسترێت.

گومان لەوەدا نییە ئاستی قوربانیدان و گیانبەختكردوانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاماژەن بۆ پێداگریی خەڵك لەپێناو نەمانی دەسەڵاتی ستەمكار لەئێران، بەڵام هەندێك لەشارەزایانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی پێیانوایە شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت لەلایەن كەسانی خاوەن پێگەو سەركردە دیارەكانەوە پێشەنگایەتی و رێبەرایەتیی بكرێت و بەزمانێكی دیكە شۆڕشی رۆژهەڵات لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەسەركردایەتیی هەیە.

گەنجان و لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر رێكخراوتر لەبەشەكانی دیكەی ئێران بەردەوامن لەناڕەزایەتیی بەڵام ئاستی سەركوتكردن لەو بەشەی كوردستان بەراورد ناكرێت بەهیچ شوێنێكی دیكەی جوگرافیای ئێران جگە لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان كەئەوانیش بەهۆی جیاوازیی نەتەوەیی (بەلوچ) و مەزهەبی (سوننە) رووبەڕووی توندوتیژیی و سەركوتی زۆر بوونەتەوە.

كورد كەدەكرێت بوترێت بەدروشم و ئامانج بناغەداڕێژەری شۆڕشەكە بووە لەباڵای پێشەنگ و رێبەری ناوچە جیاوازەكانی ئێران دەركەوتووە، بۆیە نایەوێت چیتر تەنها رۆڵی قوربانیی پێبدرێت، چونكە لەهەر شوێنێكی جوگرافیای وڵاتەكە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی هەبوبێت گەنج و لاوی كورد لەوێ ئامادەبووەو ئەوەش لەناوو ناسنامەی ئەو گەنجانەی دەستگیركراون یان لەسێدارەدران، روون و ئاشكرا دەردەكەوێت.

لەسێدارەدانی مەهدی كەرەمی تەمەن 21 ساڵ لەكەرەج كەگەنجێكی كورد بوو بەبیانوی بەشداریی لەناڕەزایەتییەكان لەسێدارەدراو لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پرسەنامەیان ئاراستەی دایك و باوكی كرد، نموونەی یەكێك لەو گەنجانەی كورد بوو ئەگەرچی لەزێدی خۆی لەڕۆژهەڵات نەبوو بەڵام بەشداریی لەناڕەزایەتییەكانی شارەكانی دیكەدا كردو دواجار گیانی لەو پێناوەدا بەختكرد.

لەپارێزگای مازندەران ژمارەیەكی زۆر لەو كوردانە دەژین كەزیاتر لە 100 ساڵە بەزۆر ناچاركراون زێدی خۆیان جێبهێڵن و لەو پارێزگایەی باكوری ئێران جێگیربن، بەسەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان زۆربەی ئەو ناوچانەی كەكوردی تێدا نیشتەجێبووە خۆپیشاندانی پڕ جۆش و خرۆش بەڕێوەچوو جارێكی دیكە دوای زیاتر لەسەدەیەك نەک تەنها لەپێناو مافە نەتەوەییەكان، بەڵكو لەپێناو ئازادی و مافی گەلانی دیكە دژی دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندانیان كرد.

لەشارەكانی ئەسفەهان و تاران و كەرەج و مازەندەران دەیان گەنج و چالاكوانی كورد بەشداریی ناڕەزایەتییەكان بوون و ژمارەیەكیشیان دەستگیركران و تائێستا پەتی سێدارە هەڕەشە لەژیانی زیاتر لە 17 گەنجی تری كورد دەكات، كەچواریان لەو شارانە دەستگیركراون.

دروشمی «ژن ژیان ئازادیی» ئەگەرچی كوردییە، بەڵام بەبێ دەمارگیریی نەتەوەیی بووەتە هێماو خواستی هەموو خەڵكی ئێران، عەرەب و فارس و بەلوچ و تورك و گیلەكی هاوشانی كورد ئەو دروشمە دەڵێنەوەو هەستی هاوبەشی لەدژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەهێزكرد، بۆیە هەرئەوەش وایكرد لەسەرەتادا بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی بەوتنەوەی ئەو دروشمە واپیشان بدەن كەكێشەیان لەگەڵ ئەو داواكارییەدا نییە، بەڵام دەسەڵاتی ئێران ئەوەشی بۆ بەسەرنەچوو پیلانەكەی پووچەڵكرایەوە.

 

كوڕی ستەمكار مەیلی دەسەڵاتی هەیە

رەزا پەهلەوی كوڕی محەمەدڕەزا پەهەلەوی كەباوكی دوایین پاشای ئێران بوو رایگەیاند:» یەكپارچەیی خاكی ئێران ئامانجمە»، ئەو دەیەوێت خەڵكی ئێران متمانەی پێببەخشن بۆ ئەوەی لانیكەم لەقۆناغی رابوون و سەرهەڵداندا رابەرایەتیی ئەو خەڵكە بكات و كۆتایی بەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەوڵاتەكە بهێنرێت.

رەزا پەهلەوی و لایەنگرانی لەتاراوگەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن كەدەبێت متمانەیان پێبدرێت بۆ ئەوەی قۆڵی لێ هەڵماڵن و كۆتایی بەدەسەڵاتی سیاسی ئێستای ئێران بهێنن لەكاتێكدا بەشێكی بەرچاو لەدروشمەكانی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی پاشایەتیی و گەڕانەوەی ستەم و زۆرداریی بوو.

هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە دروشمی «نامانەوێت ستەمكار جا پاشا بێت یان رابەر» لەسەرتاسەری ئێران وترایەوەو كورد لەڕۆژهەڵاتیش لەسەردەمی كۆماری كوردستان (1946) و دواتریش لەكاتی بەدەسەڵاتگەیشتنی كۆماری ئیسلامی لە (1979) دژی ستەم و سیستمی پاشایەتی و كۆماری ئیسلامی بووە.

رەزا پەهلەوی لەنوێترین لێدوانیدا بەرگریی لەهەڵسوكەوتەكانی دەسەڵاتی باوكی لەدژی كوردو كۆمارەكەی كردووەو وتوویەتی: «پێموانییە هەڵوێستی محەمەدڕەزا پەهلەوی لەبەرامبەر كۆماری كۆردستان و كۆماری ئازەربایجان هەڵە بووبێت و هیچ لێكدانەوەیەكم بۆ هەڵەبوونی هەنگاوەكانی باوكم نییە».

وتەكانی پەهلەوی لەكاتێكدایە كۆماری كوردستان لەسەر دەستی محەمەدڕەزا پەهلەوی لەساڵی 1947 بە لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێكانی كۆتایی پێهێنراو ئەوەش لەبیرەوەریی كورددا بەپەڵەیەكی رەشی مێژووی ستەمكاریی پەهلەوییەكان و دەسەڵاتی پاشایەتیی ئەژمار دەكرێت كە تائێستاش ئەو پەڵە رەشە پاك نەبووەتەوە.

ئەو بەوەشەوە نەوەستاوە جەختی لەوە كردووەتەوە لەڕابردوشدا كێشەی ئیتنیكی یان نەتەوەیی لەسەرتاسەری جوگرافیای ئێراندا نەبووە و ئەو جیاوازییە نەتەوەیی و مەزهەبییانەی هەیە لەئەستۆی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە كەئامانجی نانەوەی دووبەرەكی و جیاكاراییە لەوڵاتەكەدا.

لێدوانەكانی ئەم دواییانەی رەزا پەهلەوی و بانگەشەی لایەنگران و هەوادارانی، كاردانەوەی زۆربەی سیاسەتمەدارو چالاكوانانی كورد لەدەرەوەو ناوخۆی لێكەوتووەتەوەو میدیاو رۆژنامەكانی ئێران جاڕی ئەوەیان داوە كە ناكۆكیی قووڵ كەوتووەتە ناو نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

مایەی سەرنجە رەزا پەهلەوی كە لەئەمریكا دەژی تائێستا یەك پەیام یان راگەیەنراوی دژی سوپای پاسداران و هێزە سەركوتكارەكانی ناڕەزایەتییەكان بڵاونەكردووەتەوە و ئەوەش بووەتە كارتێكی بەهێزی دەستی نەیارانی پەهلەوی كەخەون بەگەڕانەوەی سیتسمی پاشایەتی و دەسەڵاتی پەهلەوی لەئێران دەبینێت.

ئەوەی روون و ئاشكرایە ئەگەرچی كوڕی دوایین پاشای ئێران بێ لایەنگرو هەوادار نییەو لە رووی میدیایی و بانگەشەوە، زیاترین هەوڵی خۆدەرخستنی بەراورد بەكەسایەتیی و سیاسەتمەدارانی كوردو ئێران هەیە، بەڵام گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتی و قبوڵكردنی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی هاوشێوی خەونی حوشتر ناودەهێنرێت و شارەزایەنی سیاسیی پێیان وایە بەو هەنگاوانەی پەهلەوی تەنها ئاو دەكرێتە ئاشی دەسەڵاتی ئێستای ئێران و ئەنجامی راپەڕین و سەرهەڵدانەكان خاودەكاتەوە كە زیاتر لەچوار مانگە بەردەوامەو خوێنی دەیان گەنج و لاوو ژنی تێدا رژاوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار