بەردەڕەش؛ خوێندكاران داوادەكەن بەزمانی دایك بخوێنن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی- دهۆك

دانیشتووانی قەزای بەردەڕەش زۆرینەیان شێوازی قسەكردنیان بە (گۆرانی)یە هاوشێوەی زاراوەی سۆرانی، زیاتر  لە 10ساڵە خوێندكاران و بەرپرسانی ئەو ناوچەیە هەوڵدەدن زاراوەی بادینی لەمەنهەجی خوێندنگایەكی ئەو قەزایە بگۆڕن بۆ زاراوەی سۆرانی بەڵام هەوڵەكانیان بێئەنجام بووە..

سامان سەعید، خوێندنكارە لەقوناغی 10ی ئامادەیی لەخوێندنگایەكی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی وت:»ئێمە لەعەشیرەتی گۆران-ین، زاراوەی ئێمە لەگەڵ بادینی زۆر جیاوازە، 10ساڵە بەزاراوەی بادینی دەخوێنین، زۆر وشەو رستە هەیە تێناگەین و هەندێكجار مامۆستاش نازانێت مەبەستی چییە، ئێمە دوو ئەرك لەسەرشانمانە لەلایەك دەبێت خۆمان فێری بادینی بكەین و لەلایەكی تر بابەتەكانی خۆمان بخوێنین، تكایە باهیچ كەسێك لێكدانەوەی هەڵە بۆ ئەم پرسە نەكات، بادینی بۆ ئێمە قورس و ناخۆشە، راستە لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بەپارێزگای دهۆكین، بەڵام دەكرێت بەلایەنی كەمی خوێندن لەسنوری قەزاكەمان بكرێتە ئارەزومەندانە».

ئەو خوێندكارە وتیشی:»خوێندن بەزاراوەی دایك سادەترین مافی ئێمەیە كەدەیان ساڵە بێبەشكراوین لەو مافە، داوا لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەووردی ئیش لەسەر ئەم پرسە بكەن و ئەو داواكارییەمان جێبەجێ بكەن».

 لە 25ی ئابی 2014 نوێنەرانی خوێندكارانی قەزای بەردەڕەش هەشت هەزار ئیمزایان كۆكردەوەو بردیانە لای لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان، وەفدی خوێندكارانی قەزای بەردەڕەش داواكاریەكەیان بەواژووی هەشت هەزار خوێندكار هاوپێچ پێشكەش بەلیژنەی پەروەردە كرد كەتیایدا داوای ئەوەدەكەن خوێندن لەو سنوورە بەزمانی كوردی سۆرانی بێت،  لیژنەی پەروەردە پاڵپشتی خۆیان بۆ داواكەیان دەربڕی، بەجۆرێك كەشێوەزاری خوێندن و نووسین لەو سنورەدا ئارەزوومەندانە بێت و رایانگەیاند: بەنووسراوی فەرمی دەقی داواكارییەكەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین تاكو بەپێی رێكارە یاساییەكان و رێنماییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام لەو رۆژەوە تائێستا هیچ گوڕانكارییەك نەكراوەو خوێندن هەر بەزاراوەی بادینیە.

كەیفوڵا یاسین، سەرپەرشتیاری یەكەم لەپەروەردەی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی راگەیاند:» ئێمە لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك-ین، زاراوەی خوێندن لەتەواوی پارێزگاكە بادینیەو گۆڕینی  زاراوەی بادینی بۆ سۆرانی لەسنوری قەزای بەردەڕەش لەدەستەڵاتی ئێمەدا نیە، دەبێت وەزارەتی پەروەردە بڕیاربدات».

هاوكات جەمبەد شوكری، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»چەند جارێك بەدواداچوونمان بۆ ئەو داواكاراییەی خوێندكارانی قەزای بەردەڕەش كردووەو لەگەڵ وەزیری پێشووی پەروەردە گفتۆگۆمان كردووە بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكەیان، مافی خۆیانە بەزمان و شێوەزاری خۆیان كەگۆرانی-یە بخوێنن».

جەمبەد شوكری بەهاوڵاتی وت:»پێشنیارمان بۆ وەزارەتی پەروەردە كردووە كەپێویستە زمانی خوێندن لەهەموو كوردستان بەیەك ستاندەر بێت، چونكە زۆرجار لەكاتی وەرگێڕانی وشەیەك یان رستەیەك خوێندكار تووشی هەڵە دەبێت، واباشترە هەموو  كوردستان بەیەك ستاندەر بێت تاهیچ كەسێك هەست بەجیاوازی نەكات.»

بەردەڕدەش لە2007وە كراوەتە قەزا، لەسێ ناحیەو زیاتر لە 60 گوند پێكهاتووە، لەسنوری قەزاكەدا 182خوێندنگا هەن و نزیكەی 45 هەزار خوێندكاریان هەیە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار