رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمایی حکومەتی سووریای بە ئەنجامدانی هێرشەکەی دۆما تۆمەتبارکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی، راپۆرتی خۆی لەبارەی هێرشی کیمیایی ساڵی 2018ـی سووریا کە بووە هۆی کوژرانی 43 کەس، بڵاوکردەوە. رێکخراوەکە دەڵێت، "حکومەتی سووریا هێرشەکەی ئەنجامداوە". 

رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی ڕایگەیاند،"هۆکاری سەلمێنەر هەن بۆ ئەوەی بڕوابکرێت" کە لانیکەم هەلیکۆپتەرێکی هێزی ئاسمانیی سووریا دوو بوتڵە گازی ژەهراویی بەسەر شارۆچکەی دۆمای ژێردەستی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری دیمەشقدا بەرداونەتە خوارەوە.

دەشڵێت، لێکۆڵەرانی ڕێکخراوەکە  "ژمارەیەک سیناریۆی چاوەڕوانکراویان لەبەرچاوگرتووە" و گەییشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "هێزە ئاسمانییەکانی سووریا ئەنجامدەری ئەم هێرشەن."

رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی دەڵێت: لە 7ـی نیسانی 2018، "لانیکەم هێلیکۆپتەرێکی Mi-8/17 سەر بە هێزی ئاسمانیی سووریا،  لە بنکەی ئاسمانیی زەمیر هەستاوە و دوو بوتڵی زەردی بەرداوەتە خوارەوە، بوتڵەکان بەر دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوونی نێوەڕاستی دۆما کەوتوون".

رێکخراوەکە دەشڵێت: "یەکەمیان تەقییەوە و دەستبەجێ گازی کوشندەی کلۆری چڕیی سەختی بڵاوکردەوە، کە بە خێرایی بە نێو باڵەخانەکاندا بڵاوبووەوە و بووە هۆی کوژرانی 43 کەسی ناو زانراو و کاری لە دەیان کەسی دیکەش کرد. بوتڵی دووەم؛ چووە نێو باڵەخانەیەک و بە هێواشی هەندێ گازی کلۆری لێ دەرچوو و کاریگەرییەکی مامناوەندی کردەسەر ئەو کەسانەی کە یەکەمجار گەییشتنە شوێنەکە."

هاوکات کارمەندەکانی فریاگوزاریی ئەو کات باسیان لەوە کرد، چارەسەرییان پێشکێش بە ژمارەیەک کەس کردبوو کە تووشی تەنگەنەفەسی ببوون و کەفیان چەراندبوو. 

دوای چەندین جار دواخستن، لێکۆڵەرانی رێکخراوەکە سەردانی شوێنەکەیان کرد و گەیشتنە ئەو بڕوایەی گازی کلۆر بەکارهێنراوو و هێرشەکە لە لایەن حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراوە.

جێگەیباسە،دوما- کە لە غوتەی ڕۆژهەڵاتە، کە قەراغی دیمەشقە،  بە قەڵای چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت هەربۆیە  بەشێکی زۆری ناوچەکە لە ساڵی 2013ەوە لە ژێر گەمارۆی هێزەکانی حکومەت یان گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتدا بوون.

هەروەها ئەم هێرشەی دوما بووە هۆی تووڕەیییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حکومەتی سوریا لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکای لێکەوتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار