رۆژهەڵاتی كوردستان؛ 70 هەزار كەس كاری كۆڵبەری دەكەن

لە 10 ساڵدا 546 كۆڵبەر كوژراون و 1249 كۆڵبەریش برینداربوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كۆڵبەری كەسەرچاوەیەكی ناچارییە بۆ بژێوی، سەرباری ئەوەی كارێكی قورس و پڕ زەحمەتیە، رێگایەكی پڕ مەترسیشە، ئاماری ناخهەژێن لەو بارەیەوە بڵاودەكرێتەوە،  لەماوەی 10 ساڵدا نزیكەی دوو هەزار كۆڵبەر لەو كارەدا بوونەتە قوربانی، یان كوژراون یان برینداربوون.

مێژووی كوردو كۆڵبەریی پێكەوە گرێدراونەتەوە، بەڵام ئەو كارە وەك پیشەو سەرچاوەی داهات، مێژووە هاوچەرخەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 32 ساڵی رابردوو و لە 20 ساڵی رابردووشدا زیاتر لەنێوان سنورەكانی رۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان بووە.

كۆڵبەران چینێكی ماندوو قوربانییانی هەژاریی و نەدارن، بۆیە گەنج و پیری رۆژهەڵاتی كوردستان ناچارن كۆڵێكی قورس و رێگای سەختی سنورە دەستكردەكان ببڕن لەپێناو داهاتێكی كەم.

بەپێی ئەو ئامارانەی ناوەندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویانكردوەتەوە لە سێ پارێزگای كوردستان (سنە) و ورمێ و كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان نزیكەی 50 هەزار كۆڵبەر هەیە، بەڵام سەرچاوەكانی دیكەو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەبوونی 70 هەزار كۆڵبەر دەكەن.

لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا لانیكەم هەزار و 795 كۆڵبەر بوونەتە قوربانیی گوللـەی هێزە ئەمنیەكان و پاسەوانانی سنوری ئێران و رێگا سەخت و ساردەكانی ناوچە شاخاوییەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان.

بەپێی ئامارێك كەپێگەی كۆڵبەرنیوز بڵاویكردووەتەوە، لەو ماوەیەدا 546 كۆڵبەر كوژراون و هەزارو 249 كۆڵبەریش برینداربوون.

لەئامارەكانی ساڵی 2022 دەركەوتووە لانیكەم 43 كۆڵبەر كوژراون و 215 كەسیشیان بریندرابوون و بەگشتی ساڵانە 40 بۆ 70 كۆڵبەر لەساڵێكدا دەكوژرێن.

 

باری قورس و پارەی كەم

هەر كۆڵبەرێك بەپێی قەبارەو جۆری ئەو كاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەكەی دەگاتە نزیكەی 500 هەزار بۆ 800 هەزار تمەنی ئێرانی لە رۆژێكدا كەدەكاتەوە 11 دۆلار بۆ 17 دۆلار لەكاتێكدا هیچ كۆڵبەرێك ناتوانێت 30 رۆژەكەی مانگێك كۆڵبەریی بكات.

هەندێكجار كۆڵبەران لەمانگێكدا تەنها دوو رۆژ یان پێنج رۆژ كۆڵیان بۆ گواستنەوە دەستدەكەوێت.

هەر كۆڵبەرێك بەهۆی سەختی و مەترسیی رێگای سنورەكانەوە دەتوانێت 50 كیلۆگرام بار بگوازێتەوەو هەر كیلۆیەكیش 14 هەزار بۆ 16 هەزارتمەنی پێدەدرێت.

داهاتی كەمی ئەو كۆڵبەرانە لەكاتێكدایە بەپێی نوێترین راپۆرت هێڵی هەژاریی هەر خێزانێكی چوار كەسی بە 15 ملیۆن تمەن تا 18 ملیۆن تمەن خەمڵێنراوە، بەڵام رەنگە هیچ كۆڵبەرێك نەتوانێت لەمانگێكدا ئەو بڕە پارەیە پەیدابكات تەنانەت ئەگەر ژیانیشی لەدەست نەدات.

 

سەرهەڵدانی كاری كۆڵبەریی

دوای راپەڕینی كورد لەباشوری كوردستان لەساڵی 1991 و سەپاندنی بەندی (7)ی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراك، دۆخی ئابوریی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەرەو خراپی رۆیشت،  بۆیە بەناچاری هەندێك كەس بەكۆڵ كەلوپەل و كاڵای بیانی و كۆنی وەك تەلەفیزیۆن و بەفرگرو جلشۆرو هەندێك كاڵای ئەلیكترۆنیی تایبەت بەناو ماڵیان لەڕێگەی سنورەكانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی كوردستان رەوانەی ئێران دەكردو لەولاشەوە خۆراك و سوتەمەنیی دەهێنرایەوە هەرێم.

 سەرەڕای ئەوەی بڕێك لەو كاڵایانە بە ئۆتۆمبێل و ئەسپ و ئێسترو بارگیر دەگوازرانەوە، بەڵام هەندێك كەس بەكۆڵ ئەو كەلوپەلانەیان دەگواستەوە بۆ ئەوەی داهاتێكیان دەستبكەوێت و خۆیان دووربگرن لەئەركی پاراستنی ئەو ئاژەڵ و گیاندارانەی كە بۆ گواستنەوەی كاڵا سودیان لێوەردەگیرا.

بەڵام دوای ئەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتركران و قەیرانەكان لەسەر شانی دانیشتوانی وڵاتەكەش زیاتر بوو، زیاتر لە 23 ساڵە زیاتر كاری كۆڵبەری پێچەوانە بووەتەوەو لەئێرانەوەو بەسنوری رۆژهەڵاتدا كەلوپەل دەهێنرێت بۆ هەرێمی كوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار