کاتێک پیشەی پزیشکی پەیامە ئینسانییەکەی ون دەکات!

2 ساڵ لەمەوپێش



یەحیا عومەر ڕێشاوی

هەرچەند نەدەبوو وابێت، بەڵام لەئێستادا بێمتمانەیی و گلەیی و گازندەیەكی زۆر ئاراستەی كەرت و پیشەی پزیشكیی دەكرێت و ئامادەی هەر كۆڕو كۆبوونەوەیەكی كۆمەڵایەتیی دەبیت، بەشێك لەو گلەیی و گازندانە دەبیستیت (دیارە بەهەمان شێوە گلەیی و گازندە لەبوارەكانی دیكەی وەك سیاسەت و ئایین و خوێندن و پەروەردەو كەرتی ئابووریی و كشتوكاڵیی و بوارەكانی دیكەش هەن‌)، گلەییەكان لەكەرت و پیشەی پزیشكیی بەسەر چەند بوارێكدا دابەشبوون:
-گلەیی لەحكومەت و وەزارەتی تەندروستیی، كە بەپێی پێویست بایەخ بەنەخۆشخانە حكومییەكان نادەن و خەڵكی بە ناچاریی و بەهۆی نەبوونی سیستمی بیمەی پزیشكیی و نەبوونی هۆڵی مانەوەی شیاو بۆ نەخۆشییە سەختەكان و ئەنجامنەدانی هەندێك نەشتەرگەریی و زۆر هۆكاری تر، بەناچاریی پەنا دەبەنە بەر نەخۆشخانە ئەهلییەكان، یاخود خۆیان دەگەیەننە‌ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیكە.
- گلەیی لەگرانی و بەرزی نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەكان و بوونی بەرپرسە سیاسییەكان و هەندێك بازرگانی كەمویژدان لەپشت زیادبوونی ژمارەی ئەم جۆرە نەخۆشخانانە‌، كە نرخ و خەرجییان هەرگیز لەتواناو ئاستی دارایی بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا نییەو تەنانەت بەشێك لەبازرگان و كەسە دەوڵەمەندەكانیش رەنگە نەتوانن ئەو خەرجیانە دابین بكەن، نەخاسمە كارمەندو كاسب و كرێكارێكی كەمدەرامەت، ئاخر بەچ مەنتیق و لۆژیكێك نەخۆشێك تەنها بۆ مانەوەی‌ یەك شەو‌ لەهەندێك لەو نەخۆشخانانە بڕی دوو ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێت؟! تەنها مانەوە جگە لەخەرجییەكانی تر، بەجۆرێك هەندێك نەخۆشخانە كە نرخەكانیان كردووەتە ٥٠٠ هەزار یان كەمێ زیاترو كەمتر بۆ تەنها یەك شەو، نرخەكە بەكەم دادەنێن و پێیان وایە كەخزمەتێكی گەورە پێشكە‌‌ش بەنەخۆشەكان و كەرتی تەندروستیی دەكەن!! جگە لەنرخی دەرمان و نەشتەرگەرییەكان و تاقیگەو تیشك و سۆنارو ئەوانی تر، كە هەندێك لەخێزان و بنەماڵەی ئەو نەخۆشانەی ناچار بەقەرزكردنی خەیاڵیی و تەنانەت فرۆشتنی خانوو تاقە مەنزڵی ژیانیانی كردووە !
-گلەیی لەهەندێك لەپزیشكەكان لەگرانیی نرخی نۆرینگەكانیان و نرخی خەیاڵیی نەشتەریەكانیان، گلەیی لە رێكەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ هەندێك لەدەرمانخانەكان بۆ ساغكردنەوەی دەرمانەكانیان، تەنانەت باس و خواسی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بۆ نەخۆشێك كە پێویستیی بەو نەشتەرگەریە نییە خەریكە دەبێتە واقیع و راستییەكی خەمهێنەر، بەشێك لەو پزیشكانە ئەوەندەی لەخەمی زوو دەوڵەمەندبوون و گەشتنەوە بە هاوڕێكانیاندان، ئەوەندە لەخەمی نەخۆش و گیرفانی خاڵیی نەخۆشەكاندا نین !
-گلەیی لەبازرگانیكردنی بێڕەحمانە بەدەرمان و لاوازی كوالێتیی و كەمی چاودێریی و زۆری دەرمانخانەكان و گرانیی نرخ، بەجۆرێك بارێكی گرانی لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان دروستكردووە، لەم رۆژانەدا چیرۆكی خێزانێكیان بۆ گێڕامەوە كە لەبەر گرانیی هەندێك دەرمان دەستبەرداری چارەسەركردنی نەخۆشەكەیان بوون !
-گلەیی لەمامەڵەی زبرو توندی هەندێك لەپزیشكان لەگەڵ نەخۆشەكانداو لاوازی فەرهەنگ و ئەتەكێتی مامەڵەی مرۆڤدۆستانە لای هەندێكیان‌ لەگەڵ نەخۆشەكاندا، هەندێك لەو پزیشكانە بنەماكانی سایكۆلۆجیای مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆش لەیاد دەكەن و لەبری سووككردنی باری گرانی جەستەی نەخۆشەكە، خۆیان‌ دەبنە هۆكارێك بۆ بارگرانییەكی تری دەروونیی بۆ سەر نەخۆشەكە، ئەمە جگە لە نەشارەزایی هەندێك لە تەشخیس و دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكەو نووسینی چارەسەری هەڵەو.. هتد.
ئەم خاڵانەو هەندێك خاڵی تری پەیوەست بەهەندێك لە نەخۆشخانەكان و هەندێك لەپزیشكان و هەندێك لەكارمەندو ستافی پزیشكیی نەخۆشخانەكان، تۆران و بێتمانەییەكی هەڵكشاوی لای هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەسەر كەرتی پزیشكیی دروستكردووە.
 
كەواتە چی بكرێت باشە؟
یەك: ئەم باسە پێویستە ببێتە پرسێكی گشتیی و بەرپرسان بهێنێتە سەرخەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بەردەوام قسەی لەسەربكەن و رایگشتیی لەسەر دروستبكرێت، ناكرێت هەر ئاوا رێگە بەم بێسەروبەریی و نرخە خەیاڵیانە بدرێت، بەبێ رەچاوكردنی باری دارایی بەشێكی زۆر لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و ئاستی بژێوی خەڵك، كە رۆژ بەڕۆژ بەرەولێژ دەڕوات.
دوو: سازدانی كۆنفرانسێكی زانستیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەسەر پەیوەستكردنی (پیشەی پزیشكیی بەكۆمەڵگەو تێڕوانینی ئینسانیانە بۆ ئەو پیشە‌یە)، تیایدا كۆمەڵێك بابەتی تایبەت بەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان پیشەی پزیشكیی وەك كارێكی مرۆڤدۆستانەو نێوان كۆمەڵگە پێشكەش بكرێت و پزیشكان و مامۆستایانی زانكۆو كۆمەڵناسان و دەروونناسان و مامۆستایانی ئاینیی تێیدا بەشداربن، پاشتر دەرەنجام و راسیاردەكانی ئەو كۆنفرانسە بخرێتە بەرنامەی كاری وەزارەتی تەندروستیی و وەك بڕیار و رێنمایی بۆ نەخۆشخانەو نۆرینگەو سەرجەم بوارەكانی كەرتی پزیشكیی بنێردرێت و لەڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە كاری لەسەر بكرێت و چاودێریی بكرێت.

سێ: وتاربێژانی مزگەوت و پیاوانی ئایینی لەكەنیسەكان و پەرستگەو شوێنەكانی تر، هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە لەمەڕ گەورەیی و پاداشتی پیشەی پزیشكیی وەك كارێكی ئینسانیی بڵاوبكەنەوە، تیایدا جەخت لەو مەفاهیم و تێگەیشتنانە بكرێتەوە كە كاری بازرگانیی و بزنس لەكاری پزیشكیی جیادەكاتەوە.
چوار: لەكەناڵە میدیاییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوە بۆ ئەم پرسە گرنگە ئەنجامبدرێت، تیایدا تیشك بخرێتەسەر نموونە جوان و باڵاكانی كەسانی مرۆڤدۆست و نەخۆشخانەی خێرخوازیی و پزیشكی نموونەیی و ئەو كارمەندانەی كەرتی پزیشكیی كە خزمەتی گەورە بە نەخۆشەكان دەكەن و وێنایەكی جوانی ئەم بوارە پیشاندەدەن، تا ببنە پێشەنگ و سیمبولی چاولێكراو بۆ كەسانی تر.
پێنج: كاركردن لەسەر سیستمی بیمەی تەندورستیی، وەك سەرجەم وڵاتانی دونیا، كەخزمەتێكی گەورە بەنەخۆش پێشكەش دەكات و لەكاتی دووچاربوون بەنەخۆشیی سەخت و درێژخایەن دەبێتە پاڵپشتیەكی باش بۆ خێزانەكان و خودی نەخۆشەكان.
ئەمانە و رێكاری تر رەنگە كەمێك متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ سێكتەرێكی گرنگ و هەستیار كەپێویستییەكی حەتمی هەموومانە.
 
*مامۆستای زانكۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار