حکومەتی تورکیا ئەمساڵ ٢٠ گرتووخانەی دیکە دەکاتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی تورکیا بڕیاریداوە ئەمساڵ ٢٠ گرتووخانەی دیکە بکاتەوە و بەمەش ژمارەی گرتووخانەکانی تورکیا بۆ ٤١٩ گرتووخانە بەرز دەبێتەوە.
رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیایە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی دادی تورکیا ئاشکرای کرد، حکومەتی تورکیا دەیەوێت ئەمساڵ ٢٠ گرتووخانەی دیکە لە وڵاتەکە بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رۆژنامەکە، لە بودجەی ئەمساڵدا، دوو ملیار و ٥٦٣ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیرە بۆ کردنەوەی گرتووخانەکان تەرخان کراوە. 
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەکە کە لەلایەن رۆژنامەنووس دەنیز ئایهانەوە ئامادە کراوە، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا ٢٦٩ گرتووخانەی نوێ لە تورکیا کراونەتەوە و ژمارەی گرتووخانەکانی تورکیا گەیشتووەتە ٣٩٩ گرتووخانە و بە کردنەوەی ٢٠ گرتووخانەی دیکە، ژمارەکە دەکاتە ٤١٩ گرتووخانە.
لەو ژمارەیە ٢٧٩ گرتووخانەی داخراو و ٨٩ گرتووخانەی کراوەی پیاوان هەیە و گرتووخانەکانی دیکەش بۆ ژنان و منداڵان ئامادە کراون و لە ئێستادا نزیکەی ٣١٥ هەزار کەس لە زینداندان.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەرپرسانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی ١١ هەزار ئەندام، بەرپرس و لایەنگری ئەو پارتە کە کوردن لە زیندانەکانی تورکیادان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار