ناكۆكییەكانی یەكێتیو پارتی بەردەوامەو بەجیا سەردانی ئەنكەرەو بەغدا دەكەن
نەوتو غاز پرسی سەرەكیی ناكۆكییەكانی یەكێتیو پارتییە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرباری فشاری دەرەكی بەتایبەت ئەمریكا لەسەر یەكێتی و پارتی بۆ چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكیەكانیان و دەستپێكردنی دانیشتنەكانیان، بەڵام تائێستا هەردوولایان بەدوو ئاراستەی جیا جموجۆڵ و چالاكی سیاسییان هەیەو نەوت و غاز پرسی سەرەكی ناكۆكییەكانی ئەو دوو حزبەیە.
وادەردەكەوێت هێشتا كاریگەری و فشارەكانی سەردانەكەی برێت مەكگۆرگ نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا كە رۆژی 17ی مانگی رابووردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەكێتی و پارتیدا كۆبووەوە بەتەواوەتی دەرنەكەوتبێت و ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارەی هەرێم ناكۆكییەكانیان چارەسەرنەكردبێت.
رۆژی 28ی مانگی رابووردوو هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوەو بڕیاریاندا كۆبوونەوەكانیان بەردەوام بێت، بەڵام هێشتا لەناو حكومەتدا ئەو رێككەوتنە رەنگینەداوەتەوەو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران نەگەڕاوەتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و لەئاستی دەرەوەشدا هەردوولایان بەوەفدی جیاجیا سەردانی بەغداو توركیایان كرد.
وەفدی حكومەتی هەرێم كە رۆژی 10ی مانگی 12ی ساڵی رابووردوو سەردانی بەغدای كرد بەبێ بوونی نوێنەرانی یەكێتی لەحكومەتدا سەردانەكە ئەنجامدرا.
رۆژی 11ی مانگی 1ی ئەمساڵیش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆبووەوەو لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رایانگەیاند كەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی پرسی بودجەو ناردنی 400 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان.
هەروەها رۆژی 21ی مانگی یەكی ئەمساڵیش نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا كۆبووەوە، رۆژی 26ی هەمان مانگیش سەرۆكی هەرێم سەردانی توركیای كردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا كۆبووەوەو بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم-یش لەكۆبوونەوەكەدا پرسی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداو دەرفەتەكانی هاریكاریی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا لەبواری وزەدا، تاووتوێكراوە.
لەلایەكی تریشەوە بەپێی راگەیەندراوێك كەبڵاویكردووەتەوە، قوباد تاڵەبانی بەجیا رۆژی 30ی مانگی یەک سەردانی بەغدای كردووەو لەبارەی ئەو زنجیرە كۆبوونەوانەی لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی باڵای حكومی و حزبی عێراق ئەنجامیداون، دەڵێت یەكەم بژاردەو كۆتا بژاردەی بەردەم هەردوو حكومەت رێككەوتنێكی گشتگیرو درێژخایەنەو چیتر دواكەوتنی رێككەوتن لەبەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە.
هاوكات هەندێك سەرچاوەی هەواڵ بڵاویانكردووەتەوە، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی توركیای كردووەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا كۆبووەتەوە، بەڵام نە تیمی رۆژنامەوانی قوباد تاڵەبانی و نە میدیای یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش باسیان لەم سەردانە نەكردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند: یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەپەرۆشە لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت و غازی سنوری خۆی لەڕێگەی عێراقەوە بفرۆشێت نەك لەڕێگەی حكومەتی هەرێمەوە، ئێران-یش پشتیوانی لەم ئاراستەیە دەكات و پێی خۆشە غازی سنوری زۆنی سەوز لەڕێگەی عێراقەوە بفرۆشرێت، بەڵام ئەمریكا فشار دەكات غازی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بكرێت و لەڕێگەی برێت مەكگۆرگ نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا ئەم پەیامەی بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: حكومەتی عێراق لەنێوان خواستی ئێران و فشاری ئەمریكا ناتوێت بەهیچ لایەكدا بڕیار بدات.
سەرباری فشاری ئەمریكا كەداوادەكات لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە غازی هەرێمی كوردستان نەفرۆشرێت، بەڵام یەكێتی بەهۆی خراپی دۆخی ناوخۆی خۆی و لاوازی پێگەكەی پێناچێت سەركەوتووبێت لەجێبەجێكردنی ئەو خواستەی بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدادو فرۆشتنی غازەكەی لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە.