هەڵبژاردنەکانی تورکیا و پێگەی (هەدەپە)  لەهاوکێشەی نێوان هێزەکاندا  

2 ساڵ لەمەوپێش



  •حامد محەمەد عەلی

لەسەروبەندی خۆ ئامادەکردنەکاندا بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایاری داهاتووی تورکیا، کە لەیەک کاتدا (٦٠٠) ئەندام بۆ پەرلەمان و سەرۆککۆماریش هەڵدەبژێردرێ ، دواجار شەش پارتی ئۆپۆزسێون لەتورکیا بەبێ کوردو هادەپ کۆبونەوەی هاوبەش وڕاگەیەنراوی هاوبەشیان دەرکرد .
بەمەش ئێستا حزبە ڕکابەرەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا ، بوون بەسێ بەرەوە ،(ئاکپارتی ومەهەپە)وەک حزبەکانی دەسەڵات، (جەهەپە) و هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزسێون، لەوانە حزبەکانی (د.ئەحمەد داود ئۆغڵۆ و عەلی باباجان و حزبی سەعادەو ئەوانی تر) وەک بەرەی ئۆپۆزسێون ، 
حزبی (هادەپە)ی کوردییش لەم نێوەندەدا هێشتا بەتەنهایە ،بەڵام ئەویش وەک ئۆپۆزسێونێکی تر خۆی پیشان دەدات .
لێرەدا پرسیار ئەوەیە:  ئایا هەدەپە یان هەدەپە دەچێتە ڕیزی جەهەپەو حزبە ئۆپۆزسێونەکانی تر لەبەرامبەر ئاکپارتی و هاوپەیمانەکەی ، خۆ ئەگەر چووە ڕیزی ئەوانەوە لەسەر کام خاڵی هاوبەش ڕێکدەکەون ؟ لەکاتێکدا بەبۆچوونی خۆم ، جگە لەئۆپۆزسێون بوون ، هەدەپە هیچ خاڵێکی هاوبەشی نیەلەگەڵ ئەولایەنانەدا.
یان هەدەپە بە جۆرێک لەجۆرەکان لەگەڵ ئاکپارتیدا ڕێکدەکەوێ و ئەمجارە ڕێساکە دەشکێنێ ؟ 
پێشتر زۆر قسەو باس هەبوو کە هەدەپە لەگەڵ جەهەپەو هاوپەیمانەکانی بەرەیەکیان دەبێ و ڕەنگە کاندیدی هاوبەشیشیان بۆ پۆستی سەرکۆماری تورکیا لەبەرامبەر (ئەردوگان) وەک  کاندیدی ئاکپارتی هەبێ ، هەروەها باسوخواسی ئەوەهەبوو کە گوایە هەدەپە خۆی کاندیدی بۆ سەرۆککۆمار هەبێ. بەڵام دیارە بەهۆی ئەو جیاوازیە ئایدۆلۆجی و سیاسیە زۆرانەی کە حزبەکان هەیانە ، بەتایبەت لەنێوان هەدەپە لەلایەک و جەهەپەو ئەوانی تر لەلایەکی ترەوە، نەیانتوانی بگەنە ڕێککەوتنێک و بەرەیەکی هاوبەشی فراوانی ئۆپۆزسێون لەسەر بنەمای ( دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە) لەبەرامبەر ئاکپارتی پێک بێنن ..
 بۆیە ئێستا ئەگەری ئەوەهەیە یاخود پێشبینی دەکرێ ، کە هەدەپە لە ئاکپارتی نزیک بێتەوەو دەنگوباسی ئەوەش هەیە کەگفتو گۆودانوستان لەنێوانیانداکرابێ.  چونکە هەردولا هەست بەمەترسی لەیەکجیایی یەکترو  لە لایەنەکانی تریش دەکەن ، بۆیە پێویستیان بەیەکترە و کوردیش ئەمڕۆ ژمارەیەکی قورسە لە پڕۆسەکانی هەڵبژاردنی تورکیادا هەروەکو لەهەڵبژاردنەکانی٢٠١٤ و ٢٠١٨ دا دەرکەوت ، دواتریش لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩ ی شارەوانیەکاندا، دەنگدەرانی کورد لەئەستەمبول توانیان ( ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو) ی کاندیدی جەهەپە سەرخەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی شاری هەرە گەورەی تورکیا لەبەرامبەر(بینالی یەلدرم) ی کاندیدی دیاری ئاکپارتی. لە بەرامبەردا و لە هەمانکاتدا جەهەپە بەدەنگی دەنگدەرانی هاوکاربوو بۆ دەربازکردنی هادەپ لە ڕێژەی ١٠ ٪ .
بەڵام  دیارە ئەوەندە بەس نیە بۆ ئەوەی هەدەپە متمانە بەجەهەپە بکات ،چونکە بەخوێندنەوەی مێژوش، هادەپ تێگەیشتوە کە جەهەپە لە ١٠٠ ساڵی ڕابوردوداو تائێستاشی لەگەڵدا بێ ، هەڵوێستەکانی لەئاست دۆزی کورددا گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتوەو ماف و داواکارییەکانی کورد نەچووەتە چوارچێوەی ستراتیجیەتی ئەو هێزەوە ، بۆیە متمانەی بەو هێزە نیە.
دیارە لەبەرامبەردا هەدەپە تێگەیشتوە کە ئاکپارتی سەرباری هەموو مامەڵەیەکی توندوخراپییەکی ، هێشتا هەڵوێستی لە بەرامبەر دۆزی کورد، لە جەهەپە باشترەو لەساڵانی پێشودا ، لەسایەی حوکمڕانی ئاکپارتی و ئەردوگاندا کرانەوەیەکی باش هەبووە بەڕووی کوردداو بەشێوەیەکی زمنیش بێت دان بەبوونی کێشەی سیاسی کوردی باکوردا نراوەو هەنگاویش بۆ چارەسەری نرا ،ئەگەرچی ئەنجامێکی دیاری لێ نەکەوتەوە، بەڵام دەرگاکانیش دانەخراون .
بەڕای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی وبەشێک لە دۆستانی کورد ، هەدەپە پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨کە سەرکەوتنێکی گەورەی  تۆمارکردو ٨٠ کورسی لەپەرلەمانی تورکیا بەدەسهێنا ، هەڵەیەکی ستراتیجی گەورەی کرد کە بەشداری حکومەتی ئاکپارتی نەکردو خۆی وەکو ئۆپۆزسێونێکی توند ڕاگەیاند ، ئەوەبوو دواجار وەک تۆڵەیەک لەهەدەپە،هەڵبژاردنەکان دوبارە کرایەوەو  ئەنجامەکەی بەخراپ شکایەوە بۆهەدەپە و کورسیەکانی لە ٨٠ وە دابەزی بۆ ٥٩ کورسی .
د بەپێی خوێندنەوەی ڕوداوو هاوکێشەکان ، هەدەپە ئەو بڕیارە هەڵەیەو کۆی هەڵوێستە نەرێنیەکانی پێشووی بەرامبەر ئاکپارتی و ئەردوگان و کۆی دەوڵەتی تورکیا ، زیاتر لەژێر کاریگەریی (پەکەکە)و  هەروەها هێزە (سۆشیال دیموکراتەکانی ئەوروپا) دا بووە ، کە ماوەیەکی باشە حوکمڕانی وڵاتەکانیان بەدەستە.
پێدەچێ هەدەپە ئەمجارە خوێندنەوەی واقیعیانەتری بۆ هێزەکانی تورکیا هەبێ و ئەندازەیەک  پێداچونەوەشی بەهەڵوێستەکانی خۆیدا کردبێ..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار