راپرسیەک بە بەشداری ٤٥٦ هەزار کەس: ئەردۆغان شکست دەهێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راپرسیەک بە بەشداری ٤٥٦ هەزار کەس: ئەردۆغان شکست دەهێنێت
بەگوێرەی راپرسیەک کە رۆژنامەنووسی دیاری تورکیا فاتیح پۆرتاکال ئەنجامیداوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا شکست دەهێنێت.
رۆژنامەنووس فاتیح پۆرتاکال کە ماوەیەکی زۆر کاری بێژەری و پێشکەشکاری کردووە و لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ناسراوە، لە تویتەکەیدا راپرسیەکی ئەنجامدا.
پۆرتاکال لە راپرسیەکەیدا پرسیاری کردووە کە لە ١٤ی ئایاردا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە یان کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە؟ و ئەنجامی راپرسیەکە کە 456 هەزار کەس رای خۆیان ئاشکرا کردووە، بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە ٦٢.٣٪
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئاکەپە و سەرۆککۆماری ئێستا ٢٠.٣٪
بڕیارم نەداوە: ١٧.٤٪
لە بەرامبەردا حیلمی باشدەمیر سەرۆکی کۆمپانیای راپرسی و ئامارەکانی ئۆپتیمار کە نزیکە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) نارەزایی بەرامبەر راپرسیەکەی فاتیح پۆرتاکال پیشاندا و وتی، " فاتیح پۆرتاکالی ئازیز، بەم لەسەر ئەم مێشکە بەردەوام بیت، تووشی شۆکێکی گەورە دەبیت."
هەرچەندە بە فەرمی هیچ لایەنێک کاندیدەکانی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بە ناراستەوخۆ هاوپەیمانی گەل ئاماژە بە کاندیدکردنی کلچدارئۆغلۆ و هاوپەیمانی کۆماریش ئاماژە بە کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان دەکەن.
هاوپەیمانی رەنج و ئازاد (هەدەپە و پێنج لایەنی چەپی تورکیا) تاوەکو ئێستا ئاماژەی بە هیچ کەسێک نەکردووە کە وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا دیاری بکرێت.