وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی کۆبوەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و کاری کۆمپانیاکانی روسیا لە عێراق کردوە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا دوێنێ گەیشتە بەغدا و ئەمڕۆ لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبوەوە، بڕیاریشە ناوبراو لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆببێتەوە و قەیرانی وزە لە جیهاندا سەرەکیترین پرسی کۆبونەوەکان دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 6/2/2023 وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ هاوتا روسییەکەی کۆبوەوە و رایگەیاند، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و کاری کۆمپانیاکانی روسیا لە عێراق کردوەو فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوەکرد، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لە پەیوەندییە ئابوری، دیپلۆماسی، بازرگانی، سەربازییەکانی نێوان هەردو وڵات کردوە، هەروەها گفتوگۆ لەسەر قەیرانی وزە و کاری کۆمپانیاکانی وزەی روسیاش لە عێراق کراوە.
وتیشی،بەغدا پابەندە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی وزەی روسیا و دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراقن، بەڵام بۆ ئەوەی روبەڕوی سزاکانی ئەمریکا نەبێتەوە، پێویستە لە سەردانی سبەی شاندی عێراق بۆ واشنتن، ئەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێ بکەن.