تاوەکو ئێستا هاوکاری پێشکەشی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی باکوری کوردستان نەکراوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بومەلەرزەکەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، زیانێکی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا بەجێهێشت و لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا ژمارەی قوربانیان لە ١١ هەزار کەس نزیک بوونەتەوە، هەروەها هاوڵاتیان لەنێو مزگەوت و  لە کۆڵانەکاندا لەژێر باران و سەرمای ژێر سفردا ژیان بەسەر دەبەن.

هاوڵاتی خۆی گەیاندە ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، بەگوێرەی قسەی ئەو هاوڵاتیانە، لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی هۆشداری لە ئەگەری روودانی بومەلەرزەی دیکە، هیچ هاوڵاتیەک نەچووەتە ماڵەکانیان و هەمووان لە مزگەوت و لەنێو ئۆتۆمبێڵەکانیاندا.

ئەو هاوڵاتیانە بۆ هاوڵاتی ئاشکرایان کرد، تاوەکو ئێستا حکومەت بە هیچ شێوەیەک هاوکاری و چادری پێشکەش بە هاوڵاتیان نەکردووە و چەندین گەڕەکی کۆنی ئامەد کە پێشبینی دەکرێت بە سەدان کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕماوەکاندا بن، داخراون و رێگە نادرێت کەس سەردانی ئەو گەڕەکانە بکەن.

هەروەها هاوڵاتیەک کە بەرەو گوندەکەی لە دەرەوەی ئامەد دەچوو لە رێگەی تەلەفونەوە بە هاوڵاتی وت، " دۆخمان زۆر خراپە، ماڵەکانمان داڕماون و ئێمەش بەرەو گوندەکەمان دەڕۆین و تاوەکو ئێستا هیچ هاوکاریەک پێشکەش خەڵکی نەکراوە.

فاتیمە کورتالان پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، لە ناوچەی ئەلبیستانی پارێزگای دیلوک گەل بە دەرفەتی خۆی دەستی بە هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەدا کردووە کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا ماون.

فاتیمە کورتالان پەرلەمانتاری هەدەپە سەردانی هاوڵاتیانی کردووە لە دیلوک، بەڵام رێگە نەدرا کە خۆیان بگەیەننە ناوچە زیانلێکەوتووەکان. کورتالان باسی ئەوەی کرد کە دۆخی دیلۆک زۆر خراپە، تیمی گەڕان و رزگارکردن نییە و تیمی پسپۆڕ رەوانەی ئەو شارە نەکراون.

پسپوڕان هوشداری دەدەن: لە ئەدەنە، هاتای و باشوری ئەو دوو پارێزگایە ئەگەری بومەلەرزەی نوێ هەیە.

دوای بومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی چیای نورحەقی شاری دیلۆکی باکوری کوردستان بوو و لە شارەکانی باکوری کوردستان و سوریا زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، پسپۆڕانی بومەلەرزە هوشداریاندا کە ئەگەری رودانی بومەلەرزەی دیکە هەیە.

فرانک هۆگیر بییتس پسپۆڕی لێکۆلینەوەی جیۆلۆژی هۆڵەندا کە دوو رۆژ لەمەوبەر هوشداری بومەلەرزەی دابوو، رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت، سبەینێ ٧ی مانگ، کاتژمێر ٠٤:٠٠ بومەلەرزەیەکی دیکە رووبدات.

زۆر وڵات بۆ بومەلەرزەکەی شارەکانی باکوری کوردستان دەستیان بە جووڵە کرد، بومەلەرزەکە کە ناوەندەکەی مەرەش بوو، بە پلەی ٧.٧ روویدا و کاریگەری لەسەر ١٠ شار هەبوو، زۆر وڵات پشتگیری خۆیان بۆ لێقەوماوان دەربڕی.

جەیمس جلیڤری وەزیری دەرەوەی بەریتانیان رایگەیاند، تیمێکی ٧٦ کەسیان بۆ رزگارکردن و هاوکاریکردن بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان ناردووە. کۆماری چیکیش تیمێکی ٩٨ کەسی و ژمارەیەک ئۆتۆمبێڵی کارکردنیان ناردە تورکیا. ئازەربایجانیش بۆ پشتگیریکردن تیمێکی ٣٧٠ ناردە تورکیا.

بەگوێرەی زانیاریەکان لە سەمسور تاوەکو ئێستا هیچ هاوکاریەکی فەرمی پێشکەش نەکراوە. تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی زۆر تەرمی هاوڵاتیان لەژێر باڵەخانە داڕماوەکاندان. هەوڵی رزگارکردن و گەڕان لەلایەن گەلەوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها لەو شارە ئاو، کارەبا و ئەنتەرنێت نییە.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە تویتێکدا رایگەیاند، پێویست بوو ڕێوشوێن بگیرێتە بەر و وتی، " سەرەتا برینەکانمان سارێژ بکەین و دواتر پێویستە هەموو کەسێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار