ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: پێویستە سزاکان لەسەر سوریا هەڵبگیرێن بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاری پێویست بگەێنینە دەست قوربانیەکان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆمیتەی دژە جیاکاری عەرەبی-ئەمریکی، دەڵێت هەڵگرتنی سزاکان دەرگاکان بۆ یارمەتییە پێویست و تەواوکەرەکان دەکاتەوە کە یارمەتی دەستبەجێ بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە پێویستیان پێیەتی.
هەروەها نێد پاریس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە بڕیارمان داوە ئەوەی لەتواناماندا بێت بیکەین بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی سوریا، هەروەها وتیشی ئێمە لەڕێگەی ڕێکخراوە ناحوکمیە مرۆییەکانەوە هاوکاریەکانمان دەگەێنینە قوربانیەکانی سوریا.
هاوکات ئەمریکا ڕەتیکردۆتەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا پەیوەندی هەبێت بۆ گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان بە گەلی سوریا، لەبەرامبەریشدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەدەکەن کات زۆر گرنگە و پێویستە بەزووی هاوکاری پێویست بگەێندرێتە دەست قوربانی و زیانلێکەوتووەکان.
هاوکات وتەبێژی دەزگای مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکانیش دەڵێت، سوریا بە ١١ ساڵ جەنگدا تێپەڕیوە و ژێرخانی وزەی تێکشکاوە، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتەکە بەهۆی ئەوەی هەربەشێكی بەدەست گروپێکی سیاسی یان چەکداریەوەیە گەیشتنی هاوکاریەکان زۆر زەحمەتە.
هەروەها جێنس لارکێ، وتەبێژی دەزگایی مرۆیی نەتەوەیەکگرتوەکان وتیشی، زۆر گرنگە کە سیاسەت بەلاوە بنێین وهاوکاری قوربانیەکان بکەیەین، ئەمە دەربارەی ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤە.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی سوریا ئاماژەیان بەوەداوە، کەمی سوتەمەنی، خراپبوونی شەقام وڕێگاکانی هاتوچۆو کەشی ساردی زستان بەربەستێکی گەورەی دیکەن لەگەیشتنی هاوکاریەکان بە گەلی سوریا.
ئەمە لەکاتێکدایە هەریەک لە وڵاتانی جەزائیر وتونس، ئێران، ئێراق و ئیمارات وڕوسیا هەرزوو دەستیانکرد بە ناردنی هاوکاریەکانیان وتیمەکانی فریاکەوتن بۆ گەلی سوریا، ئیماراتی عەرەبی بەبڕی ١٣ ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی ڕەوانەی سوریا کرد.
ئەم داوایەی ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەکاتێکدایە کە ماوەی چەندین ساڵە ئەمریکا سزای قورسی بەسەر سوریادا سەپاندووە ئەمەش دژی ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجام ئەدرێت لەلایەن حکومەتی سوریاوە.