خەڵكی دەربەندیخان هەفتەیەكە بێ وەڵام لەسەر شەقامن

قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە زەوییەكی نایابی سلێمانی بۆ دەربەندیخان بفرۆشێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

هەفتەیەكە بەشێكی زۆری خەڵکی دەربەندیخان لەناوەندی شارەكەدا مانیانگرتووەو خێمەیان هەڵداوەو شەوو رۆژ لەسەر شەقامن، هەرچەندە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە زەوییەكی نایاب لەسلێمانی بفرۆشرێت و پارەكەی بۆ كێشەی پیسی ئاوەكەی دەربەندیخان تەرخانبكرێت، كەئەمە یەكێكە لەداواكارییەكانی قەزاكە، بەڵام مانگرتن هەر بەردەوامەو چالاكوانانی شارەكەش دەڵێن: تائێستا وەڵامێكی جددی و راستەقینەیان نەدراوەتەوە.

دەربەندیخان خاوەنی دوو بەنداوی گەورەیە، بەڵام ئاوی خواردنەوەی نیە، خاوەنی وێستگەیەكی كارۆئاوییە، بەڵام كارەبای پێویستی نیە، خەڵكی دەربەندیخان بۆ خزمەتگوزارییەكانی ئاوو كارەبا و نەمانی پێوەری ئاو دەستیان بەمانگرتن كردووە، ژمارەی مانگرتووان و خۆپیشاندەرانیش رۆژ لەدوای رۆژ زیاتردەبێت، چالاكوانێكیش رایدەگەیەنێت تا جێبەجێكردنی داواكانییەكان بەردەوام دەبن، قائیمقامی شارەكەش دەڵێت: جێگری سەرۆك وەزیران بەڵێنی جێبەجێكردنی بەشێك لەداواكارییەكانی داوە.

دەربەندیخان لەساڵی 1971ەوە كراوەتە قەزا، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 60 هەزار كەس دەبێت و ناحیەی باوەخۆشێن و نزیكەی 50 گوندی لەسەرە، لەساڵی 1991 تاساڵی 2006 ناوەندی پارێزگای كەركوك-گەرمیان بووە. شارەكە خاوەنی دوو بەنداوە كەئەویش بەنداوی دەربەندیخانە كە بۆ كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاردێت و ساڵی 1961 تەوابووە، بەنداوی دێوانە كە بۆمەبەستی ئاودێری بەكاردێت، هەروەها خاوەنی چەندین شوێنی گەشتیارییە وەك ئەشكەوتی كونەباو تونی باباو گوندی ژاڵەناوی گەشتیاری.

وەك هاووڵاتیان و چالاكوانانی شارەكە باسی دەكەن دەربەندیخان بەدەست كێشەی بێكاری گەنجان و نەبوونی كارگەو ئیشوكارەوە دەناڵێنێت و بەردەوام خەڵكەكەی كۆچ بۆ شارە گەورەكان دەكەن، سەرەڕای ئەوەی شارەكە خاوەنی دوو بەنداوی ئاوەو وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبایە، كەچی گرفتی كەمئاوی و پیسی ئاوەكەو كەمی كارەبایان هەیەو تائێستاش چارەسەرنەكراوەو لەڕابووردووشدا چەندین خۆپیشاندانیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوەو قوربانیان داوە لەپێناو بەدیهێنانی داواكارییەكانیاندا، نوێترین خۆپیشاندانیش ئەم خۆپیشاندانەی ئێستایە كەماوەی هەفتەیەكە بەردەوامی هەیە.

زەردەشت دەربەندی یەكێك لەچالاكوانان و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندان و مانگرتنەكە بەڕۆژنامەی (هاوڵاتی) راگەیاند: «ئەمجارە تەنها داوای پاككردنەوەی ئاوی دەربەندیخان و زیادكردنی كارەبای نیشتمانی و لابردنی پێوەری ئاوە لەشارەكەدا، ئاماژەی بەوەشكرد: تاجێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بەردەوام دەبن و هێزە ئەمنییەكانیش وەك پشتیوانیەك سەلامەتی و درووستنەبوونی پشێوی هاوكارمان بوون».

هاوكار قادر یەكێكی ترە لەچالاكوان و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكە بەڕۆژنامەی (هاوڵاتی) وت: «هەر لەسەرەتاوە ئێمە جەختمان لەبەڕێوەچوونی ئارامی خۆپیشاندان و مانگرتنەكە كردووەتەوەو هەتا ئێستاش هەر بەئارامی دەڕواو شتێكی نەخوازراو رووینەداوە، بەڵام تائێستا وەڵامێكی جددی و راستەقینە لەهیچ لایەكەوە نیە بۆ داواكارییەكانی دەربەندیخان».

هاوكات سلێمان محەمەد قائیقمامی دەربەندیخان دەربارەی جێبەجێكردنی داواكانی خۆپیشاندەران و بەدەنگەوەهاتنی حكومەت بەڕۆژنامەی (هاوڵاتی) راگەیاند: «ئێمە هەر لەیەكەم رۆژەوە لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندەران و مانگرتوواندا بووین و بەدەم گرفت و كێشەكانی شارەكەوە بووین و هەموو هاوكارییەكیشمان كردوون تاخۆپیشاندانێكی شارستانی و مەدەنی بەڕێوەبچێت و هەرواش بووە، لەوەڵامی داواكارییەكانیشدا لەڕێگای نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە پەیوندیمان پێوەكراوە كەجێگری سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە زەوییەكی نایاب لەسلێمانی بفرۆشرێت و پارەكەی بۆ كێشەی پیسی ئاوەكەی دەربەندیخان تەرخانبكرێت، بۆ داواكارییەكانی دیكەش لەهەوڵی بەردەوامداین».

ئەوەی دیمەنێكی سەرنجڕاكێش و تایبەتی بەمانگرتنەكە داوە رۆژانە سەدان كەس لەتەواوی چین و تووێژەكان و ئەندام و لایەنگرانی حزبە جیاجیاكان بێ جیاوازی تادرەنگانی شەو لەژێر خێمەكان دەمێننەوەو ژەمی خواردن بۆ سەدان كەس دابیندەكرێت و بەڵێنی ئەوە دووپاتدەكەنەوە تاجێبەجێكردنی داواكانیان مەیدانەكە چۆڵناكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار