وتەبێژی كارەبای سلێمانی: نازانم رۆژانە چەند كاتژمێر كارەبا دەدرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
نایدە ئەحمەد
نرخی یەك ئەمپێری كارەبای موەلیدە دەگاتە نزیكەی 20 هەزار دینار، بەراورد بەساڵی رابردوو نرخی یەك ئەمپێر نزیكەی 10 هەزار دینار زیادیكردووە، موەلیدە ئەهلیەكان دەڵێن حكومەت گازوایلی پاڵپشتیكراومان بۆ دابین ناكات، بۆیە نرخی ئەمپێر گرانبووە، ئەو هاووڵاتیانەی بۆ ئەم راپۆرتە قسەیان كردووە هەندێكیان لەبەر گرانی نرخی ئەمپێر ژمارەی ئەمپێرەكانیان كەمكردووەتەوە، هاووڵاتیەكی تر دەڵێت: نرخەكەی ئەوەندە گران بووە لەبەر عەیبە نەبێت كارەبای موەلیدە هەر ئەبڕم، بۆ كارەبای نیشتمانیش جیاوازی لەنێوان گەڕەكەكاندا دەكرێت و پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا لەگەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە، ئەوە لەكاتێكدایە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی دەڵێت: كارەبای نیشتمانی ئەوەندە كەمە منیش نازانم رۆژانە چەند كاتژمێر كارەبا دەدرێت.
تاریق سەمین ئەمین سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلیەكانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: «چەند هۆكارێك وایكردووە نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان گرانبێت، یەكێكیان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازو ئەوی دیكەشیان پێدانی كاتژمێرەكانی كاركردنی موەلیدەكانە بەپێی ئەو خشتەیەی كەدیاریكراوە، كە لەمانگی یەكی ئەمساڵ سیانزە كاتژمێرو نیو رۆژانە كارەبامان بۆ هاووڵاتیان دابینكردوە، هەتا نرخی گازوایلیش بەرزبێتەوەو كارەبای نیشتمانیش خراپ بێت نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدەكانیش بەرزدەبێتەوە».
وتیشی: «هەر خاوەن موەلیدەیەك لەبازاڕی ئازاددا گاز بو موەلیدەكانیان دەكڕن، بۆیە نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەوەندە گرانە، لەساڵی 2016وە حكومەت هیچ بڕە گازێكی بۆ خاوەن موەلیدەكان دابین نەكردووە، ئەمەش وایكردووە لەئێستادا نزیكەی 10 هەزار بۆ هەر ئەمپێرێك لەكارەبای موەلیدە زیادیكردووە و ئەمە بارگرانی بۆ هاوڵاتی دروستدەكات، نرخی ئەمپێرێك كارەبای موەلیدە بۆ ئەم مانگە لەنێوان ١٧ هەزار بۆ ١٩ هەزارو ٧٥٠ دینارە ، نرخی ئەمپێر لەگەڕەكێكەوە بۆ گەڕەكێكی تر جیاوازە، چونكە كارەبای نیشتمانی لەگەڕەكێك چەند كاتژمێرێك زیاتربووە، هەروەها موەلیدەی گەرەكێك چەند كاتژمێرێك شكاوە، بۆیە ئەو گەڕەكەی كارەبای نیشتمانی زیاتربووە یا ئەو گەڕەكەی موەلیدەكەی تێكشكاوە پارەی كەمتر لەهاووڵاتی وەردەگیرێت».
سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلیەكان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» هەتا نرخی گاز بەرزبێتەوەو كارەبای نیشتمانی خراپ بێت، نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدەكانیش بەرزدەبێتەوە».
ئەحمەد ئەبوبكر ، هاونیشتمانییەكی دانیشتوی گەرەكی كەنەسورەی سلێمانییەو بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «نرخی كارەبای موەلیدە زۆر زۆرەو تەواو قورس بووە لەسەر شانمان و پارەكەیمان بۆ نەدەدرا، بۆیە داوام لەخاوەن موەلیدەكە كرد كارەبای موەلیدەكەم بۆ كەمبكاتەوە، پێشتر چوار ئەمپێر كارەبای موەلیدەمان هەبوو، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەكەی نەمدەتوانی ٨٠ بۆ ٨٠ هەزار مانگانە بدەم بەموەلیدە، ئێستا تەنها دوو ئەمپێر كارەبام هەیە».
هاوكات شیروان ساڵح، هاووڵاتیەكی دیكەی دانیشتوی گەرەكی ئاوبارەیە لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت:» خێزانێكی حەوت كەسین كەهیچ موچەیەكمان لەحكومەت نیەو كرێكاری دەكەم، تەنها دوو ئەمپێر كارەبای موەلیدەم هەیە، لەبەر عەیبە نەبوایە ئەویشم ئەبڕی، چونكە نرخی كرێی مولیدە زور زۆرە، نەك تەنها من زۆری وەك من هەیە كە بەزەحمەت كرێی كارەبای موەلیدەی پێدەدرێت».
هاوكات سیروان محمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمای دەڵێت: «دوو فاكتەر وایكردوە نرخی ئەمپێری كارەبای موەلیدە ئەهلیەكان گرانبێت ئەویش، كاتی كاركردنی موەلیدەكانە كەزیاتر لە 320 كاتژمێر لەمانگێك ئیشیان كردووە، هەروەها گرانی نرخی گاز كە بەراورد بەپارساڵ و سالانی رابردووتر نرخەكەی زۆز زۆر گرانە».
سەبارەت بەجیاوازی كارەبای سیتییەكان كەكارەبای بەردەوامیان هەیە لەچاو گەڕەكەكانی تر كە كارەبای مولیدەو نیشتمانییان هەیە، سیروان محمەد وتی: «ئەوە بەپێی بڕیاری وەزارەتی كارەبا بووە، ئەو سیتیانە كراون بەپریپەیدو كارەبای بەردەوامیان هەیە هیچ لەدەستەڵاتی ئێمەدا نییە».
وتیشی:» لەئێستادا ئەوەندە كارەبای نیشتمانی كەمبووەتەوە كەخۆشم نازانم رۆژانە چەند كاتژمێر كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابیندەكرێت».