ژمارەی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی بومەلەرزەكه‌ی توركیا و سوریا 15 هەزاری تێپەڕاند

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی سوریا و سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بومەلەرزەکەی 6ی ئەم مانگەوە لە تورکیا و سوریا گیانیان لەدەستداوە 15 هەزار کەسی تێپەڕاند و ژمارەی بریندارەکانیش تائێستا زیاتر لە 67 هەزار کەسە.

سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، پرۆسەی گەڕان بەدوای قوربانیانی بومەلەرزەکەی 6ی ئەم مانگە بەردەوامی هەیە و تائێستا 12 هەزار و 391 کەس گیانیان لەدەستداوە و 62 هەزار و 914 کەسی دیکەش برینداربون.

هاوکات بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی سوریا تائێستا بەهۆی بومەلەرزەکەی 6ی ئەم مانگەوە، 3 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە لەو ژمارەیەش زیاتر لە 1000 کەسیان لە شاری عەفرینی رۆژئاڤای کوردستان بون، هەروەها زیاتر 5 هەزار و 635 کەسی دیکەش برینداربون.

بەم شێوەیە کۆی گشتیی ئەو کەسانەش لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سووریا گیانیان لەدەستداوە،15 هەزار کەسی تێپەڕاند و ژمارەی بریندارەکانیش تائێستا زیاتر لە 67 هەزار کەسە.

سەرلەبەیانی ٦ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز باكورو رۆژئاوای كوردستانی هەژاندو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە باكوری كوردستان بوو

یەكەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:17 بەگوڕی ٧.٧ ناوچەی پازارجكی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆك (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش كاتژمێر 4:36 بە گوڕی ٥.٥ ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆكی (عەنتاب) باكوری كوردستانی هەژاند.

بومەلەرزەكان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج كیلۆمەتر لەژێر زەوی روویانداو هەرسێكیان زیاتر لەخولەكێك بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاكانی دیلۆك و مەرەش، بومەلەرزەكان كاریگەریەكی زۆریان لەسەر پارێزگاكانی، ئامەد، سەمسور، روحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، كلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باكوری كوردستان و توركیا دروستكرد.
لەئاستی دەرەوەشدا، بەشێوەیەكی زۆر كاریگەر، شارەكانی، حەلەب، حەما، لازقیە، ئیدلب و تەرتوسی سوریاو عەفرین و كۆبانێی رۆژئاوای كوردستانی گرتەوە. هەروەها لەشارەكانی دهۆك و هەولێر بەئاسانی هەستی پێكرا و كاریگەری لەسەر پارێزگای سلێمانیش هەبوو. بومەلەرزەكان هەروەها بوونە هۆی ئەوەی هێڵی نەوتی كەركوك-جەیهان دابخریت و حكومەتی هەرێم سێ رۆژ پشووی فەرمی راگەیاند. بومەلەرزەكان لەدەریای ناوەڕاستدا قوبرسی گرتەوە و تاوەكو لوبنان، ئیسرائیل، فەڵەستین، عەممان و میسریش درێژ بووەوە. بەو پێیەش وەك یەكێك لەگەورەترین بومەلەرزەكانی جیهان پێناسەكرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار