ئێران؛ دەسەڵات زۆرترین توندوتیژی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجامداوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەدوای سەرهەڵادانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ئێران، نزیكەی حەوت هەزار كەس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون و لانی كەم 130 كەس تەنها لەڕۆژهەڵات لەسێدارە دراون یان بەتەقەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان كوژراون، هاوكات 18 هاووڵاتی تری كورد مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
ئێران بەپێی ژمارەی دانیشتوانی یەكەم وڵاتی جیهانە كەزۆرترین سزای سێدارەی تێدا جێبەجێدەكرێت و پشكێكی سەرەكی ئەو سێدارانە بەر كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەوێت، بۆیە شێركۆ بێكەس، شاعیری ناوداری كورد دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بەكۆماری سێدارە ناوهێنا.
لەدوای ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی لە (16/9/2022) تائێستا ژمارەیەكی زۆر لەكورد بەتۆمەتی جیاواز لەسێدارەدراون بەجۆرێك تەنها لەماوەی سێ هەفتەی سەرەتای ئەمساڵ 19 كەس لەسێدارەدران و لانیكەم 18 گەنج و لاوی تری كورد كە لەناڕەزایەتییەكان دەستگیركراون مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
سایەی پەتی سێدارە ژنانی دەستگیركراوی كوردی لەناڕەزایەتییەكاندا گرتووەتەوەو ژنێك تائێستا مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرەو خانمێكی دیكەش دوای دادگای تێهەڵچوونەوە سزای سێدارەكەی بۆ كرایە زیندانیی.
لەسێدارەدانی چوار گەنج لەناڕەزایەتییەكاندا زۆرترین كاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەڵەتیی لێكەوتەوە، بۆیە دەسەڵاتی ئێران پەنای بۆ لەسێدارەدانی ئەو كەسانە برد كەپێشتر بەتۆمەتی دیكەوە سزای سێدارەیان لەسەربوو چونكە بەباشترین ئامراز بۆ چاوترسێنكردن قوربانییان لەسێدارە دەدات.
لێبوردنێكی بێسوود
بەگشتی لەماوەی 145 رۆژی ناڕەزایەتییەكاندا لانیكەم 130 كەس تەنها لەڕۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون و لەسێدارەدراون و 18 كەسی دیكەش مەترسیی سێدارەیان لەسەرەو نزیكەی حەوت هەزار كەس لەو بەشەی كوردستان لەماوەی ناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون.
عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران دوای 142 رۆژ لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لێبوردنێكی گشتیی بۆ دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكان دەركردو رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ئەو لێبوردنە بەناڕاست وەسدەكات و دەڵێت: بۆ بانگەشەیە.
موحسینی ئێژەیی، سەرۆكی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری بۆ خامنەیی كردووە ئەو لێبوردنە مەرجدارە بۆ ناڕەزایەتییەكان دەربكات و بەبۆنەی یادی دامەزراندانی (شۆڕشی كۆماری ئیسلامی) لەئێران رایبگەیەنێت.
بەپێی لێبوردنەكە ئازادكردنی دەستگیركراوان بەمەرج دەبێت، بەو پێیە دەبێت هیچ دەستگیركراوێك تۆمەتی سیخوڕی لەسەر نەبێت و تۆمەتی كوشتن و برینداركردنی كەسی لەسەر نەبێت و دەستی لەسوتان و هێرشكردنە سەر دامودەزگا حكومییەكان نەبووێت و پێشتریش هیچ دۆسیەیەكی لەدادگاكان نەبووبێت.
ئەو مەرجانە رەنگە لەسزای مانەوەی زیندان قورستر بێت و هەر ئەوەش پرسیارو گومانی زۆری لەسەر لێبوردنەكەی خامنەیی درووست كردووە.
كوردو سێدارە
لە 30 رۆژی مانگی رابردودا جگە لەسێدارەدانی مەهدی كەرەمی خەڵكی شاری بیجار لەڕۆژهەڵاتی كوردستان ناسنامەی 18 زیندانیی دیكەی كورد ئاشكرابوون كە بەر تۆمەتەكانی «بازرگانیی بەماددە هۆشبەرەكان» و «كوشتنی بەئەنقەست» لەزیندانەكانی كەرەج و بەندەرعەباس و ئەراك سزای سێدارەیان جێبەجێكردووە.
ئەو ژمارە لەسێدارە دەكاتە 30% جێبەجێكردن سەرجەم سزاكانی سێدارە لەسەرتاسەری ئێران، واتە كورد تەنها لەمانگێكدا زیاتر لەیەك لەسەر سێی پشكی سێدارەدانی وڵاتەكەی بەركەوتووە.
ئەگەرچی گومانێك هەیە كەكۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بەسزادانی ئەو تۆمەتبارە كوردانە دوو ئامانجی سەرەكی بپێكێت، بەڵام دواجار ژمارەی زۆری لەسێدارەدراونی كورد ئاماژەی روونی ئاستی توندوتیژیی ئەو دەسەڵاتەیە دژی خەڵكی كوردو رۆژهەڵاتی كوردستان.
دەسەڵاتی ئێران لەلایەك باش دەزانێت كەهاندەری سەرەكی و قەڵای پشتوپەنای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی وڵاتەكە، كوردو رۆژهەڵاتی كوردستانە، بۆیە دوور نییە جێبەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرە لەسێدارە بەمەبەستی پەیامێكی روون و راشكاوبێت بۆ سەركوت و بێدەنگكردنی رۆژهەڵات و هاوكات دەیەوێت وا پیشانبدات كەسی بێتاوان لەسێدارە نادات و ئەوانەی سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێدەكرێت تەنها بازرگانی ماددەی هۆشبەرو ئەو كەسانەن كەتۆمەتی كوشتنی كەسانی دیكەیان لەسەر بووە.
چیرۆكی سێدارەی گەنجێكی كورد
دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەبیانوی بەشداریی لەناڕەزایەتییەكاندا گەنجێكی كوردی كاكەیی (یارسان)ی لە رێككەوتی (7/1/2022) و بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی دایك و باوك و كەسوكارەكەی لەسێدارەدا كەپاڵەوانی كاراتی و خاوەنی زیاتر لە 20 میدالیا بوو.
باوكی كەرەمی كەكوڕەكەی لەگەڵ محەمەد حسێنی لەسێدرەدرا تەنها چەند رۆژێك پێش لەسێدارەدانی رۆڵەكەی لەڕێگەی تۆمارێكی ڤیدیۆییەوە داوادەكات مەهدی لەسێدارە نەدرێت و سزاكەی بۆ بكرێت بەزیندانیی، چونكە وەك خۆی وتوویەتی؛ ئەو كوڕەی بەكرێكاری و دەستفرۆشی گەورە كردووە، بەڵام دواجار ئەو باوكە جەرگی سوتاو بەجارێك لەسەر گلكۆی كوڕەكەی و محەمەد كەپێكەوە لەسێدارەدرابوون شینی گێڕا.
مەهدی كەرەمی كە رێگەی پێنەدرابوو پارێزەری هەبێت، پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێت مانی لەخواردن گرتبوو وەك ناڕەزایەتییەك بەسزای سێدارەكەی، بەڵام ئەو گەنجە تەمەن 22 ساڵەی خەڵكی شاری بیجار لەڕۆژهەڵات و نیشتەجێ ئێشتێهارد لەبەرەبەیان و بەبێ ئەوی مانگرتنەكەی بشكێنێت لەزیندانی كەرەج لەسێدارە درا.
كەرەمی بەشداری لەچلەیی مەرگی حەدیس نەجەفی یەكێك لەكوژراوەكانی شاری كەرەج كردبوو كە لەڕێوڕەسمە جاماوەرییەكەدا پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و بەشداربوواندا روویدا و بەهۆیەوە ئەندامێكی سوپای پاسداران بەناوی روحەڵڵا عەجەمیان كوژرا.
لەدۆسیەی كوژرانی عەجەمیان زیاتر لە 16 كەس سزای زیندان و سێدارەیان بەسەردا سەپێنراو مەهەدی كەرەمی و محەمەد حسێنی تۆمەتبار كران بەكوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران و لەسێدارەدران و بەدوریی چەند مەترێك تەرمەكانیان لەگۆڕستانی ئێشتێهارد لەپارێزگای ئەلبورز باخاكسپێردران.
دایك و باوكی مەهدی لەیەكەم شینیان دوای بەسەركردنەوەی گلكۆی كوڕەكەیان چوونە سەر گڵكۆی بێنازی محەمەد حسێنی و هاوشێوەی مەهدی شینیان بۆ محەمەد كرد، چونكە محەمەد دایك و باوكی لەژیاندا نەمابوون و تەنها برایەكی هەبووە كەئەویش بێسەروشوێن بوو، دایك و باوكە جەرگسوتاوەكەی مەهدی بەو هەنگاوەیان كاریگەریی زۆریان لەسەر سۆزی خەڵك داناو رۆژانە دەیان كوڕ كچ و پیرو گەنج دەچوونە سەر گۆڕی محەمەد حسێنی و هاوشێوەی براو كوڕو رۆڵەی خۆیان رێوڕەسمی یادكردنەوەیان بۆ دەگێڕا.
چیرۆكی لەسێدارەدانی مەهدی گەیشتە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكاو دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو ئەنجومەنە بەپەیامێك سەرەخۆشیان لەدایك و باوكی مەهدی و خەڵكی وڵاتەكە كردو ئیدانەی جێبەجێكردنی سزای سێدارەی ئەو گەنجەو دەستگیركراوانی ناڕەزایەتییەكانیان لەئێران كرد.
رەتكردنەوەی سێدارە بەدەقی قورئانی
مامۆستایانی ئاینیی شارەكانی پیرانشارو نەغەدەو شنۆو دەوروبەری لەدووەم بەیاننامەی ناڕەزایەتییەكاندا بەپێی ئایەتی قورئان لەسێدارەدانیان رەتكردەوەو رایانگەیاند؛ وەڵامی دەسەڵاتی ئێران بۆ ناڕەزایەتییەكان شەپۆڵێك لەتوندتیژیی و سەپاندنی سزای سێدارە بووەو لەجیاتی دەستەبەركردنی مافەكان بڕیاری زۆر بێبەزەییانە دژی خەڵك دراوە.
ئەو مامۆستایانە روونیانكردووەتەوە؛ تۆمەتی دژایەتیی خودا (محاربە) بۆ خەڵكی ناڕازیی بەپشتبەستن بەسورەتی (مائیدە)ی قورئان پێچەوانەی تێگەیشتن و ئامانجەكانی ئیسلامە كە لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بەشێوەیكی دوور لە رەوشتی ئیسلامی و مرۆیی بەكاردەهێنرێت.
ژنی كوردو سێدارە
ناوەندی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بڵاویكردووەتەوە شەهلا عەبدی خەڵكی شاری بۆكان بەتۆمەتی دڕاندنی وێنەی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوەو ئەگەری جێبەجێكردنی سزاكەی هەیە.
ئەو ناوەندە ئاشكرایكردووە شەهلا عەبدی كەدوو گیانەو لەزیندانی ورمێ بەندكراوە بەمەبەستی لەسێدرادان رەوانەی زیندانی شاری تەبرێز كراوە.
چەند ژنێكی زیندانیكراو لەزیندانی ورمێ ئاشكرایانكردبوو، عەبدی لەژووری تاكەكەسی زیندان راگیراوەو رێگەی پێنەدراوە لەگەڵ زیندانیكراوانی دیكە تێكەڵ بێت و قسەبكات، بەڵام بەپێی رەنگ و رووخساری تەمەنی 21 بۆ 23 ساڵ بووەو دەركەوتووە چوار مانگ بووە دووگیان بووە.
شەهلا عەبدی بەتۆمەتی بەشداریی لەناڕەزایەتییەكانی شاری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و دڕاندنی وێنەی خومەینی دەستگیركراوەو سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
موژگان كاوسی، خانمە نووسەر و سیاسەتمەداری كورد لەناڕەزایەتییەكانی شاری نەوشەهەر لەپارێزگای مازندەران لەباكوری ئێران دەستگیركراو بەپێی ئەو تۆمەتانەی درابویە پاڵی، سزای سێدارە ئەو خانمەی دەگرتەوە، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە سزاكەی بۆ زیندانیی گۆڕی.
كاوسی كەپێشتر تۆمەتی هەوڵدان دژی كۆماری ئیسلامی و هاندان بۆ جەنگ و تێكدانی ئاسایشی ئێرانی درابوە پاڵ بەبیانوی بێڕێزیی بەڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران سزای 65 مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا كەسێ ساڵ لەو سزایەی لێبوردن و لێخۆشبوون نایگرێتەوە.
دادوەری سێدارە
موسا ئاسێف ئەلحسێنی، سەرۆكی لقی دووی دادگای شۆڕش لەپارێزگای ئەلبورز، لەدۆسیەی كوژرانی ئەندامێكی سوپای پاسداران لەڕێوڕەسمی چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی ئەو كچەی لەناڕەزایەتییەكانی كەرەج كوژرا، سزای سێدارەی بەسەر 16 كەسدا سەپاند كەدوو كەسیان مەهدی كەرەمی (كورد)و محەمەد حسێنی بوون.
لەڕێوڕەسمێكدا خەڵاتی دەزگای دادی كۆماری ئیسلامی ئێران بەخشرایە ئەبولقاسم سەڵەواتی، دادوەری بەرپرسی دۆسیەی سزای سێدارەی زۆبەی چالاكوانی سیاسی كوردو ئێران.
ئەو دادوەرە سزای سێدارەی بەسەر شیرین عەلەم هولی چالاكوانی كورد، فەرزدا كەمانگەر مامۆستاو چالاكوانی كوردو زانیار مورادیدا سەپاندووەو هەموو ئەو تێكۆشەرانەی كورد لەڕۆژهەڵات لەسەر دەستی ئەو دادوەرە لەسێدارەدراون.
سەڵەواتی كە لەماوەی ناڕەزایەتییەكاندا زۆرترین دەركەوتنی بەهۆی سزای قورسی دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكاندا بووە سزای سێدارەی بەسەر سامان سەیدی، هونەرمەندی شاری كرماشان و محەمەد قوبادلودا سەپاندووەو بەهاوبەشی لەگەڵ موسا ساسێف حسێنی سزای سێدارەیان بەسەر مەهدی كەرەمیدا سەپاندو دواجار ئەو گەنجە كوردە لەسێدارە درا.