بایكۆتی تیمی یەكێتی لەحكومەت گرفت دەخاتە بەردەم پرۆژەكە
2 ساڵ لەمەوپێش
نیگار عومەر
بڕیارە لەڕۆخی رووباری سیروان لەقەزای كەلار پرۆژەیەكی گەشتیاری و وەبەرهێنان كە بەگەورەترین پرۆژەی وەبەرهێنان دادەنرێت لەناوچەكەدا دروستبكرێت، كەڕوبەرەكەی دوو هەزارو 400 دۆنم زەوی دەگرێتەوەو بەدرێژایی نۆ كیلۆمەتر تێچووەكەی بەزیاتر لەیەك ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام بایكۆتی تیمی یەكێتی لەئەنجومەنی وەزیران گرفتی خستووەتە بەردەم پرۆژەكە.
پرۆژەكە بەپرۆژەی (میكس) ناودەبرێت كە دابەشكراوە بەسەر پێنج زۆنداو لەنزیكی بەردەسورە تانزیك پردی گردەگۆزینە دەگرێتەوە، كارە ئیداریەكانی پرۆژەکە لەئیدارەی گەرمیان تەواوكراوەو تەنها مۆڵەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ماوەو باس لەوەش دەكرێت لەئێستادا ناونووسین بۆ كڕینی خانووەكان و یەكەكانی ناو پرۆژەكە نەماوەو نرخی خانووەكانی 200 بۆ 250 هەزار دۆلار دەبێت.
هونەر مەحمود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:" ئەم پرۆژەیە بە میكس ناودەبرێت خۆی دەبینێتەوە لەپرۆژەی بازرگانی نیشتەجێبون و گەشیاری كە كارە ئیداریەكانی لەسنورەكە تەواو بووەو لەلایەن لیژنەیەكی شارەزاوە كۆبوونەوەی لەسەركراوو بڕیاری لەسەر دراوە، ئەم پرۆژەیە كراوە بەپێنج زۆرنەوە كە لەبەردەسورەوە بۆ نزیك پردی گردەگۆزینەوە دەگرێتەوە، تائێستاش سێ زۆرنی لەلایەن سێ كۆمپانیاوە بڕیاری لەسەردراوە و زۆنی یەك و دوو و سێ و بەمنزیكانە دەستپێدەكات و تەنها مۆڵەت لەئەنجومەنی وەزیران وەردەگرێت و لەسەر ئەركی سەرمایەدارو كۆمپانیاكان جێبەجێدەكرێت ".
وتیشی،" پرۆژەكە پێكدێت لەیەكەی نیشتەجێبوون و پرۆژەی بازرگانی گەشتیاری تەندروستی و پەروەدەو كۆڕنیشی نێو پرۆژەكە كە 120مەترەو هەروەها سەوزایی دروستدەكرێت كەخۆی دەبینێتەوە لەشوێنی گشتی بۆ هاوڵاتی، پرۆژەكە پرۆژەیەكی بازرگانییە و هۆكاری كەمكردنەوەی كۆڕنیشەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەنێو ئەم پرۆژەیەدا زەوی تەرخانكراو بۆی لەسەر رووباری سیروان هەمووی وەك یەك نیە تابتوانن هەمووی 175 مەتری بۆ دابنینبكەین بۆیە كەمكراوەتەوە".
زەوی تەرخانكراو بۆ كۆڕنیشەكان لەنووسراوی یەكەمی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئیدارەی گەرمیان 175مەترەو دواتر كەمكراوتەوە بۆ 120 مەتر، ئەمەش نیگەرانی لای چالاكان و خەڵكی سنورەكە دروستكردووەو پێیانوایە ئەم پرۆژەیەش وەك پرۆژەكانی دیكە تەنها چەند كەسێكی دەستڕۆشتوو سودی لێدەبینن و لەبەرامبەردا كەمترین هاووڵاتی ئاسایی سودی لێدەبینێت، ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆژەیە موڵكی گشتییەو هیچ راوبۆچوونێكی خەڵكی شارەزای سنورەكە وەرنەگیراوە.
ئاراز محەمەد، چالاكی مەدەنی بۆ هاوڵاتی وتی: " رۆخی رووباری سیروان موڵكی گشتییەو هاتوون دەیانەوێ بیكەن بەموڵكی چەند كەس و بازرگانێك، ئێمە دەزانین دەسەڵاتی بازرگانەكان زیاترە لەیەكە ئیدارییەكانی سنورەكەو ئەوان دەبن بەخاوەنی ئەم پرۆژەیە، بۆیە هاووڵاتی ئاسایی بەهیچ شێوەیەیەك ناتوانێت سوودمەندبێت، هاووڵاتی تەنها لەكوڕنیشەكان سوود دەبینێت، ئەوەشیان كەمكردووەتەوەو لەبەر خاتری ئەوەی نەك بازرگانەكان رووبەری پرۆژەكانیان كەمبكەنەوە.
وتیشی:" لەنێو ئەم پرۆژەیە یەكەی نیشتەجێبون دروستدەكرێت، بەڵام كام یەكەی نیشتەجێبوون خەڵكی ئاسایی سوودی لێبینیوە تائەم پرۆژەیە خەڵكی ئاسایی سوودی لێوەربگرێت، ئەم پرۆژەیە كەشوێنەكەی موڵكی گشتییەو مۆڵكی یەكە ئیدارییەكانی سنورەكە نیە بەدڵی خۆیان بڕیاری لەسەربدەن، هەندێك بەڕێوبەر كەئەزمونی یەك ساڵی كاركردنی هەیە، هاتووە بێ ئەوەی رای خەڵكی شارەزا وەربگرێت بڕیار لەسەر مۆڵكی گشتی دەدەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: هیچ گرنتیەك نیە بۆ جێبەجێ كردنی ئەم پرۆژەیە لەلایەن كۆمپانیاو سەرمایەدارەكانەوە، چونكە چەندین پرۆژەمان هەیە دراوە بەو كۆمپانیایانە، بەڵام پرۆژەكەی بەڕێكوپێكی جێبەجێ نەكردووە و ئەمەش هەروەك پرۆژەكانی دیكەی لێدێت و تەنها خەڵكانی دەسڕۆیشتو سوودی لێدەبینن".
هێرش فەیزوڵا، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان بۆ هاوڵاتی وتی:" پرۆژەكە رێكارەكانی تەواو بووەو هۆكاری دەستپێنەكردنی پرۆژەكە رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كەتیمی یەكێتی لەحكومەتدا نیە، پێمانوایە پرۆژەیەكی گرنگ دەبێت بۆ ناوچەكەو خزمەت دەگەیەنێت بەسنورەكەو لەڕووی گەشتوگوزارەوە، هۆكاری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونیش لەنێو پرۆژەكەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كاتێك حكومەت ناتوانێ پرۆژەیەك دروستبكات وەبەرهێنەكان دێن یەكەی نیشتەجێبوون دروستدەكەن و دەیفرۆشن و لەپاڵ ئەمەشدا مەرجی حكومەت ئەوەیە كەكۆمەڵێک پرۆژەی گەشتیاری بۆ ئێمە دروستبكەن بەبێ بەرامبەر".
وتیشی:" پێشتر رێژەی سەوزایی 55 لەسەد بووە، ئێستا بووە بە 45 لەسەداو لەهەموو بەشەكانی كەمكراوەتەوە، ئێمە وەك گەشتوگوزار پێمانوایە پرۆژەیەكی گرنگەو پێویستە هەموومان چاودێربین لەسەری، هیچ شتێك بێ كەموكورتی نیەو راستە بەشێك لەخەڵكی دەستڕۆشتوو سوودی لێدەبینن، لەبەرامبەر ئەمەدا خەڵكی ئاسایی سودی لێدەبینێت، هەر كەسەو بەگوێرەی ئیمكانیاتی خۆی و لەهیچ بەڵێندەرێكیش قبوڵ ناكەین كارەكان وەك خۆی جێبەجێ نەكات".