درۆن کۆتایی بەپەیوەندیی 31ساڵەی ئێران و ئۆکرانیا دەهێنێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فڕۆكەی بێفڕۆكەوان پەیوەندییەكانی نێوان تاران و كیێڤ ئاڵۆزتر دەكات و ئۆكرانیا ئامادەكاریی دەكات بۆ كۆتاییهێنان بەپەیوەندیی 31 ساڵەی نێوانیان.
دیمیترۆ كۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاند؛ لەمێژووی وڵاتەكەماندا بۆ یەكجاریش هەڵەمان بەرامبەر ئێران نەكردووە، بەڵام كۆماری ئیسلامی بەفرۆشتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بە روسیا هەموو سنوورەكانیان تێپەڕاند.
كۆلیبا حاشای لەوە نەكردووە كەپێشنیاری بۆ ڤۆلۆدیمیر زێلینێسكی سەرۆكی ئۆكرانیا كردووە كەباڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەئۆكرانیا دەربكات و كۆتایی بەپەیوەندییەكانی نێوان كێیڤ و تاران بێنێت، چونكە كۆتایی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەئان و ساتدایە.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كەپێشتر رەتیاندەكردەوە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بە روسیا دابێت، بەڵام دواتر پاشگەزبوونەوەو رایانگەیاند هاوكارییەكانی مۆسكۆو تاران لەبواری فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا.
میخائیل پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكی ئۆكرانیا دوای هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ سەر گارگەی چەك و تەقەمەنیی وەزارەتی بەرگریی ئێران لەشاری ئەسفەهان، لەئەژماری خۆی لەتویتەر هاوكات لەگەڵ هۆشداریی بەئێران، راشیگەیاند؛ پێشتر كۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاداركرابووەوە كەدژایەتیی ئۆكرانیا و دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ روسیا بەبێ باج و وەڵام نابێت، چونكە لۆژیكی شەڕ بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە.
ئەو پەیامەی پۆدۆلیاك بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی تووڕە كردو بووەهۆی ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەك ناڕەزایەتییەك ئەركداری باڵیۆزخانەی ئۆكرانیای لەتاران بانگهێشت كردو لەنامەیەكدا نیگەرانیی فەرمیی وڵاتەكەی رادەستی ئەو بەرپرسەی ئۆكرانیا كرد.
رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، كە ئێران پلانی هەیە یەكێك لەكارگەكانی تایبەت بەدروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بباتە روسیاو بڕیارە ساڵانە لانیكەم شەش هەزار فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جۆری (شاهید 136) كە بەفڕۆكەی خۆكوژ ناودەهێنرێت دروستبكات.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە بەرپرسانی ئێران سەردانی ئەو شوێنەشیان كردووە كەبڕیارە كارگەكەی تێدا دروستبكرێت كەدەكەوێتە یەلابوگا لە رۆژهەڵاتی وڵاتی روسیا.
تائێستا ئەمریكاو بەریتانیاو یەكێتی ئەوروپا دەیان سزایان بەسەر سوپای پاسداران و بەرپرسانی ئێراندا سەپاندووە، ئەویش بەهۆی ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی كەدەیداتە روسیاو دژی ئۆكرانیا بەكاریاندەهێنێت.
فەرماندە سەربازییەكانی ئۆكرانیا رایانگەیاندوە دەیان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانیان لە وڵاتەكەیان تێكشاندوە بەڵام ئەو فڕۆكانە ئاسانكاریی زۆریان كردوە بۆ سوپای روسیا بۆ كوشتنی هاوڵاتییانی مەدەنیی ئۆكرانیا.
سولەیمانی گرژیی دەخاتە نێوان ئێران و ئۆكرانیا
پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئۆكرانیا دەگەڕێتەوە بۆ 31 ساڵ پێش ئێستا، بۆ ئەو رۆژەی تاران بەفەرمی دانی بەسەربەخۆیی ئەو وڵاتەدا نا لەیەكێتی سوڤیەت.
لەساڵی (1992) پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی نێوان ئەو دو وڵاتە دەستیپێكردو لەماوەی نزیكەی 30 ساڵیشدا لەبوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و نەوت و بازرگانیی دەیان رێككەوتن لەنێوان تاران و كیێڤ واژۆ كرا.
لە رێككەوتی (8/1/2020) سوپای پاسداران بەئەنجامدانی هێرشی موشەكیی لەتۆڵەی كوشتنی قاسمی سولەیمانی دژی بنكەی عەیند ئەسەد لەعێراق ، فڕۆكەیەكی گەشتی ئۆكرانیای لەئاسمانی تاران تێكشاندو بووەهۆی كوشتنی 176 سەرنشینی ئەو فڕۆكە ئۆكرانییەو بەوەش بێمتمانەیی باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی ئۆكرانیاو ئێراندا كێشاوە، وائێستاش خەریكە بەتەواوی كۆتایی بەپەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی نێوانیان دەهێنن.