دهۆك؛ بەشێكی ئەو خێزانانەی خانووەكانیان بەر فرۆكەخانە كەوتوون قەرەبوو نەكراونەتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دهۆك؛ بەشێكی ئەو خێزانانەی
خانووەكانیان بەر فرۆكەخانە كەوتوون قەرەبوو نەكراونەتەوە
 
لەپارێزگای دهۆك بەشێكی زۆری ئەو خێزانانەی خانوو و زەوییەكانیان بەر پرۆژەی فرۆكەخانەی دهۆك كەوتوون تائێستا بەتەواوی قەرەبوو نەكراونەتەوەو لەچاوەڕوانیدان و حكومەتیش وەڵامیان ناداتەوە، پرۆژەكە لەساڵی 2013 ەوە بەردی بناغەی دانراوە لەگەڵ ئەوەی پرۆژەكە تەواونەكراوە، ئەو كەسانەشی زیانمەندبوون قەرەبوو نەكراونەتەوە.  
محەمەد حەسەن، ئێستا لەكۆمەڵگای حەوشكێ سەر بەقەزای سێمێل نیشتەجێیە بەهاوڵاتی  راگەیاند:»بە دوو وەجبە خەڵك قەرەبوكراوەتەوە، وەجبەی یەكەم نزیكەی 800 خێزان قەرەبوكراونەتەوە، بەپارچەزەویەك لەگەڵ پێدانی 25 ملیۆن دینار، ئێمە لەوەجبەی دووەم بووین نزیكەی 150 بۆ 200 كەس دەبین تەنها پارچەزەویەكمان وەرگرتووەو پارەكەمان وەرنەگرتووە».
وتیشی»بەو مەرجەی شوێنەكانی خۆمان چوڵكردووە كەپارچەزەویەك لەگەڵ بڕێك پارە وەربگرین، بەڵام فێڵیان لێكردین، دەیان جار داوای پارەكەمان كردووە بەڵام هەر دەڵێن پارە نیەو چاوەرێ بكەن، هەشت ساڵە هەر چاوەڕوانین».
پرۆژەی دروستكردنی فرۆكەخانەی دهۆك دەكەوێتە سنوری قەزای سێمێل، لەساڵی 2013و بڕی 450 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكرا، زیاتر لە  10 ساڵە بەتەواونەكراوی ماوەتەوە، ئەوە لەكاتێكدایە لەمانگی ئەیلولی پارساڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی قەزای سێمێلی كردو وتی: « پێداچوونەوە بەپرۆژەكە دەكەین و ئەو گرێبەستانەی ئەنجامدراون دووبارە دەستیپێدەكەینەوە چونكە پرۆژەیەكی زۆر گرنگە بۆ پارێزگای دهۆك».
مەسرور بارزانی راشیگەیاند:» دوای تەواوكردنی لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەسەر پرۆژەكە رەنگە هەندێك گوڕانكاریشی تیادابكرێت، دواتر دەست بەجێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەین».
ئازاد ئەحمەد، نوێنەری ئەو كەسانەی كەموڵكەكانیان بەر فرۆكەخانەكە كەوتووەو قەرەبوو نەكراون بەهاوڵاتی وت:»ئێمە 198خێزانین تەنها یەك پارچەزەویمان وەرگرتووە، بڕیاربوو لەگەڵ پارچەزەویەكە هەریەكێكمان بری 30 ملیۆن دینار وەربگرین بەڵام تائێستا یەك دینارمان وەرنەگرتووە، چەند جارێك هەوڵماندا سەردانی پارێزگاری پێشووی دهۆك بكەین، بەڵام ئامادەنەبوو بمانبینێت».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:»سەرەتا بەئێمەیان وت پارچەزەویەك لەگەڵ 30ملیۆن دینارتان پێدەدەین، بەڵام تەنها پارچەزەویمان وەرگرتووە، وتیشی: سكاڵامان تۆمارنەكردووە چونكە دڵنیاین هیچ سوودی نابێت».
هاوكات شەمعون شلیمون، جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری كارگێڕی بەهاوڵاتی راگەیاند: «پێش چەند رۆژێك یەكێك لەو خێزانانەی كە قەرەبونەكراونەتەوە سەردانی دیوانی پارێزگای دهۆكی كرد، نزیكە 66 خێزان تائێستا قەرەبونەكراونەتەوەو دۆسیەكە لای ئێمەیە، بەڵام پێویستی بەپارەیە، ئەگەر پارە هەبێت بەدڵنیاییەوە هەموو ئەوانەی كەمەرجە یاساییەكانیان هەیە قەرەبوی خۆیان وەردەگرن».
لەبارەی هۆكارەكانی دواكەوتنی قەرەبوی ئەوخێزانانە ناوبراو وتی:»پێشتر هەندێك هەڵەكرابوو لەناوەكان بەتایبەت لەشارەوانی ئەوە پێویستە جارێكی تر بەدواداچوونی بۆ بكرێت كەئایا ئەوكەسانەی ماون مافی قەرەبوكردنەوەیان هەیە یان ناو رێكارەكانی یاسایی ئەوان دەگرێتەوە یان بەپێچەوانەوە مافی قەرەبوكردنەوەیان نیە، ئیش لەسەر دۆسیەكە دەكرێت بەڵام پێویستی بەكات و پارەیە».
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بابەتی قەرەبوكرنەوە هیچ پەیوەندی بەتەواوكردنی فرۆكەخانەكەوە نیە، راوەستانی پرۆژەی تەواوكردنی فرۆكەخانەی دهۆك تەنها پەیوەستە بەنەبوونی پارە، هەركاتێك بودجەیەكی بۆ دابینكرا ئەوە دەستبەجێ پرۆژەكە تەواودەكرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار