بانکی جیهانی بۆ قەرەبووی زیانەکانی بوومەلەرزەکە 1.78 ملیار دۆلار دەداتە تورکیا و سوریا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی کە بە کارەساتی سەدە ناودەبرێت و بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلە پارێزگای مەڕەشیان هەژاند و 10 پارێزگای دیکەی گرتەوە، بانکی جیهانیی بڵاویکردەوە بەبڕی 1.78 ملیار دۆلار سەرچاوەی دارایی بۆ تورکیا و سوریا دابین دەکات.

رۆژی پێنجشەممە 10ی شووباتی 2023 دەیڤید ماڵپاس، سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاند، "هاوکاریی دەستبەجێ دابیندەکەین و ئامادەکاری بۆ هەڵسەنگاندنێکی خێرا دەکەین لەبارەی پێداویستییە گەورە و هەنووکەییەکانەوە."

سەرۆکی بانکی جیهانی گوتیشی، "دەستنیشانی ئەو ناوچانە دەکەین کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و بوونیاتنانەوەیە، لە کاتێکدا کار بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە دەکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە."

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن بانکەکەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە، هەڵسەنگاندنی خێرای زیانەکان دەستیپێکردووە بۆ خەمڵاندنی قەبارەی کارەساتەکە، دەستنیشانکردنی ناوچە سەرەتاکان بۆ پشتیوانی کردن لە ئاوەدانکردنەوە.

بانکی جیهانی دەڵێت، هاوکاریی هەنووکەیی بە بڕی 780 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئاژانسی وەڵامدانەوەی خێراوە دابین دەکرێت. باس لەوەش دەکات کە "هاوکارییەکە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی سەرەکی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەکاردەهێندرێت."

 ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەمەبەستی پشتیوانی کردن لەو کەسانەی بوومەلەرزەکان زیانی پێگەیاندوون، بڕی یەک ملیار دۆلار سەرچاوەی داراییان دابین کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە کە گوڕەکەی 7.8 پلەی رێختەر بوو، تاوەکو ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەوە لە 10 شارەکەی باکووری کوردستان و تورکیا گەیشتە 18 هەزار و 342 کەس و 74 هەزار و 242 کەسیش بریندار بوون ،هاوکات له‌ سوریاش،، تائێستا سێ هەزار و 377 کەس گیانیان لەدەستداوە و  زیاتر لە سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربون.

ئەم بومەلەرزەیەش بە یەکێک لە بەهێزترین بومەلەرزەکانی 25 ساڵی ڕابردوو دادەنرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار